رووسیا هێرشی نوێ دەکاتە سەر ئۆکراینیا

شەیری بکە لە:
رووسیا هێرشی نوێ دەکاتە سەر ئۆکراینیا

کەنیسەیەک کە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینیا وێران بووە

ئاڤا دیجیتاڵ

رووسیا هێرشی نوێ دەکاتە سەر ئۆکراینیا و چوار ناوچە بە درۆن و مووشەک بۆردوومان دەکات، سوپای ئۆکراینیاش دەڵێت هێرشەکە برینداری لێکەوتووەتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: بەگوێرەی لێدوانی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینیا، شەوی رابردوو هەشت درۆن لە جۆری شاهید، دوو مووشەک لە جۆری ئەسکەندەر و سێ مووشەکی ئێس 300یان لەلایەن سوپای رووسیاوە ئاراستەکراون، ئەوانیش توانیویانە تەنها چواریان لە ئاسماندا بتەقێننەوە و ئەوانی تر ئامانجەکەیان پێکاوە.

لێدوانی فەرمی: هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێرشەکان شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی گرنگیان لە ناوەڕاستی پۆلتاڤا، رۆژهەڵاتی دۆنێتسک، باشووری زاپۆریژیا و ناوەڕاستی دنیپرۆپێترۆڤسک بەئامانج گرتوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی تری نەخستووەتەڕوو.

زانیاری زیاتر: هەر سەبارەت بە هێرشەکە نووسینگەی داواکاری گشتیی دۆنێتسک رایگەیاندووە: مووشەکێک بەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شارەکە کەوتووە و برینداری لێکەوتووەتەوە، کوڕێکی تەمەن 15 ساڵ و پیاوێکی تەمە 35 ساڵ برینداربوونە، لە ماڵەکەی تەنیشتیشیان کەسێکی تەمەن 30 ساڵ برینداربووە.

ژمارەکان وا دەڵێن: بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینیا کوژراون کە لە شوباتی 2022ەوە دەستیپێکردووە.

باکگراوند: بەدرێژایی دوو ساڵی رابردوو، هەر لەو کاتەوەی رووسیا دەستی بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینیا کرد، رۆژانە شار و شارۆچکەکانی نزیک سەنگەرە فراوانبووەکانی پێشەوەی جەنگ لە ڕۆژهەڵات و باشوور بەئامانجگیراون، گەرچی مۆسکۆ چەندینجار نکۆڵی لەوە کردووە کە ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی بەئامانج گرتبێت.

ئۆکرانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا، زۆر پشت بەو چەک و هاوکارییە سەربازییانە دەبەستێت کە وڵاتانی رۆژئاوا بۆی دابین دەکەن، بەڵام ئێستا هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ئۆکراینیا وەستاون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: