سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەرەوە فراوانتر دەکەین

شەیری بکە لە:
سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەرەوە فراوانتر دەکەین

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

ئاڤا دیجیتاڵ


بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نەخشەڕێگای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە فراوانتر دەکەن. جەختیش دەکاتەوە،  هەوڵێک هەیە بۆ بنکۆڵکردنی دەستکەوتەکان و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم هەوڵانە سەرناگرن. 


سەرەتای چیرۆکەکە: ڕۆژی یەکشەممە 28-01-2024، سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی سەرۆکوەزیران بارزانی لە هەولێر دەستیپێکرد و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

 

لێدوانی فەرمی: لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا سەفین دزەیی لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەم کۆنفرانسە لە ساتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەواوی جیهان رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران و ئاڵنگاری بوونەتەوە، بەتایبەتیش عێراق و ناوچەکە کۆمەڵێک کێشە و گرفتیان هەیە لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، بۆیە ئامانجی کۆنفرانسەکە رێکخستنەوە و زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانە".


بۆچی گرنگە: ئامانجی کۆنفرانسەکە جگە لەوەی خستنەڕووی داڕشتنەوەی هەیکەلی نوێی کارگێڕی و دارایی و کۆمەڵێک لایەنی دیکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە، کە بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکراون، تیشک دەخرێتە سەر ئەو کارنامەیەی داڕێژراوە و نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە پەیڕەوی دەکەن، بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.


زانیاری زیاتر: لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەجێندای کارەکان بووە، بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران بارزانی لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە کۆڕبەندی داڤۆس گەواهی ئاستی بەرزی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ جیهان دەدات. ئەمە گوتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. گوتیشی: لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردە ئامادەدەکرێن، کە لەڕووی کارگێڕی و دارایی فەرمانگەی پەیوەندییەکان پەیکەری نوێی دەبێت، لەمڕۆوە کار بەو پەیکەرە نوێیە دەکرێت.


چۆن بەڕێوەدەچێت: ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە کراوە دەبێت و چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکان داخراو دەبن، وەزیر و بەرپرسی دەستەکان ئامادە دەبن، بۆ ئەوەی هەر یەکەیان لە بواری خۆی بابەتێک پێشکەش بکات.


گۆشەیەکی دیکە: بە گوتەی سەفین دزەیی، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ و لەو کاتەی نزیک بوو  دەست بە کارکردنی فراوان بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان کە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە، کە دوو ساڵ هەموو جیهانی پەکخست، زۆربەی جار کۆبوونەوەکانی حکومەت ئۆنڵاین بوون، بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە هۆکاربوو بۆ سستکردنی هەنگاوەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

گرنگی و پێشوازی لە هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیهان (داونینگ ستریت، ئێلیزێ، وایت هاوس، ڤاتیکان، چانکایا، ئیمارات، قەتەر و ئوردەن) زۆر وڵاتی دیکە، کەموێنە بووە بەراورد بەوەی کوردستان هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراق، سەفین دزەیی باسی ئەوەشی کرد.

مەترسییە زانراوەکان: سەفین دزەیی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "هەوڵێک هەیە بۆ بنکۆڵکردنی دەستکەوتەکان و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردەکانمان و خۆڕاگری گەلی کورد، ئەم هەوڵانە سەرناگرن و هەوڵ دەدەین زیاتر پەرە بە پەیوەندییە جیاوازەکاننان بدەین لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە".

لەلایەکی دیکەوە: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆنفرانسەکەدا، رایگەیاند پلانیان هەیە ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە زیاتر بکەن، بەتایبەت لە چەند وڵاتێکی دۆست کە کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەمەبەستی برەودان بە پەیوەندییە ئابووری، دیبلۆماسی، کولتوری و زانستییەکان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ئاستی دەرەوە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە و، ئێستا هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەپێویستیشی زانی نوێنەراتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە ماڵی کوردستانیان بن و هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەن.


ئەوەی پێویستە بزانیت: حکومەتى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى بنیاتنانى پردى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، لە مانگى ئەیلولى ساڵى 2006 ەوە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى دامەزراند، ئێستاش 14 نوێنەرایەتی لە وڵاتان هەیە، کە بریتین لە: ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئێران، بەریتانیا، فەڕەنسا، سوید، سویسرا، ڕووسیا، نەمسا، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا. جگە لەوەش زیاتر لە 40 وڵات کونسوڵخانەی گشتی، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: