سەرۆکوەزیران بارزانی: لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین

شەیری بکە لە:


ئاڤا دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیران بارزانی رایدەگەیێنێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و دارایی بووەتەوە، ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری کوردستان دروست بکەن، بەڵام ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەرزترە و، لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین".

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ یەکشەممە 28-1-2024، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە شاری هەولێر سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

لێدوانی فەرمی: لە وتارێکدا سەرۆکوەزیران بارزانی رایگەیاند: هەرێمی کوردستان هەرگیز هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژکردووە. بۆیە بەپێویستی زانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەبەرچاوبگیرێت و بپارێزرێن. هاوکات سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێزی لێبگیرێت و پێشێل نەکرێت.


زانیاری زیاتر: بە ئاماژەکردن بەوەی لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و دارایی بووەتەوە. بەردەوام هەوڵدراوە بە هەموو شێوەیەک کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری کوردستان دروست بکرێت، مەسرور بارزانی جەختیکردەوە: بە پشتیوانی خودای گەورە و خوڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەرزترە و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین.

بابەتە ستراتیژییەکان: سەرۆکوەزیران بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، سەروەری یاسا و هەموو بەها و هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیموکراسی و پێشکەوتوو دووپاتدەکاتەوە.


گۆشەیەکی دیکە: لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە پلانیاندایە ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە زیاتر بکەن، بەتایبەت لە چەند وڵاتێکی دۆست کە کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەمەبەستی برەودان بە پەیوەندییە ئابووری، دیبلۆماسی، کولتوری و زانستییەکان. 

 

خاڵە ئەرێنییەکان: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە: هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری لە عێراق، فاکتەری باشی ئاسایش و ئارامی بووە لەسەر ئاستی ناوچەکە، خوازیاری پەیوەندی پتەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی.


ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ئاستی دەرەوە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە و، ئێستا هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەپێویستیشی زانی نوێنەراتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە ماڵی کوردستانیان بن و هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەن.

 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ