وردەکاریی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر؛ شەوی رابردوو چی روویدا؟

شەیری بکە لە:
وردەکاریی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر؛ شەوی رابردوو چی روویدا؟


ئاڤا دیجیتاڵ

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاڤا میدیا گەیشتوون، رەوشی کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و ئێستا هیچ مەترسییەک نەماوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لە کێڵگەکە دەست بە کارکردن و بەرهەمێنانی غاز بکرێتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: کاتژمێر 10:35 خولەکی شەوی رابردوو 25-1-2024, بە سێ کاتیۆشا هێرشکرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە وەستا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئاڤا میدیای راگەیاند، پێش هێرشەکە درۆن بە ئاسمانی کێڵگەکەدا سوڕاونەتەوە. کاتیۆشاکانیش بەر کۆگای کۆندێنسەیتی کێڵگەکە کەوتوون، کە جۆرێک ماددەی شلی غازە و بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین بەکاردێت.

زانیاری زیاتر: کۆگاکە 300 بۆ 400 بەرمیل لەو ماددەیەی تێدا بووە، بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و، تاوەکو کاتژمێر 06:00ی بەیانی نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.

لە دوای هێرشەکە کارکردن و بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا کە کۆمپانیای دانەغاز کاری تێدا دەکات. هەروەها بەرهەمهێنانی غازی ماڵانیش وەستا. هاوکات بەهۆی ئەوەی غاز بە بۆری ناچێت بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی کارەبا لە زۆربەی وێستگەکان وەستاوە، بەمەش کارەبای نیشتیمانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زۆر کەمبووەتەوە.

ئەوەی ئێستا روودەدات: سەرچاوەکەی ئاڤا میدیا لەبارەی رەوشی کێڵگەکە و دوایین پێشهاتەکان گوتی: لە بەیانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و ئێستا هیچ مەترسییەک نەماوە، چاوەڕوانی سەرووی خۆمانین ئەمشەو فەرمانمان پێبکەن دەست بە کارکردن بکەینەوە.

چی لەبارەیەوە دەگوترێت: کۆمپانیای دانەغاز کە لە کێڵگەکە کاردەکات، راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و، پشتڕاستی کردەوە کە هێرشە یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی گازی شلی کردووەتەوە ئامانج، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە گومان دەکرێت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێکراوەوە بووبێت. ئەمە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو سەرچاوەیەکی تایبەت لە کێڵگەکە بە ئاڤا میدیای راگەیاند، هێرشەکە لەڕێگەی کاتیۆشاوە بووە.

لە راگەیەنراوەکەدا دانەغاز جەختی کردەوە، تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترین کاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر. دانەغاز پێشبینی کردبوو لە وادەیەکی نزیکدا ئەوە بکرێت.

کاردانەوەکان: هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و فەرەنسا هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆریان سەرکۆنە کرد. محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، بڕیاری دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت. بڕیارە دوای 48 کاتژمێر لیژنەکە وردەکاری هێرشەکە و ڕاستییەکان ئاشکرا بکات.

هەروەها ئێواری ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر کوردستان پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و، پێیانوایە کوردستان هەرەس دەهێنێت، بەڵام خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان ورە و ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە بشکێن، بەڵکو بەهێزتر دەبن". سەرۆکوەزیران بارزانی داوای لە حکومەتی عێراق و وڵاتانی دۆستیش کرد کاری جددی بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکان و پاراستنی هەرێمی کوردستان.

باکگراوند: کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵان‌ و وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابیندەكات، لەپاڵ ئەمەدا نەوتی كۆندێنسەیت لەم كێڵگەیەدا بەرهەمدەهێنرێت.

ڕووبەری کێڵگەکە 135 كیلۆمەتر دووجایە، دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم) لە قەزای چەمچەماڵ. ئەم كێلگەیە تاوەكو ساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەددام لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو.

سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووە‌ و بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە تاوەكو ساڵی 1953 دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەران زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا گاز لە كێڵگەكەدا هەیە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: