پەیامێک و چوار داواکاری لە سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر کوردستان

شەیری بکە لە:
پەیامێک و چوار داواکاری لە سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر کوردستان


ئاڤا دیجیتاڵ


سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر کوردستان لە پەیامێكدا رایدەگەیێنێت، "هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و، پێیانوایە کوردستان هەرەس دەهێنێت"، بەڵام جەختدەکاتەوە، خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان ورە و ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە بشکێن، بەڵکو بەهێزتر دەبن.

 

وێنەگەورەکە: ماوەی چەند مانگێکە بەتایبەت دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، بەتۆمەتی جیاجیا، لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نزیک ئەو وڵاتە، بەردەوام بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو و کاتیۆشا هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج، هێرشەکانیش لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیهان کاردانەوەی زۆریان لێکەوتووەتەوە.


چیرۆکی سەرەکی: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 26-1-2024, دوای هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بە کاتیۆشا و خستنەخوارەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە.

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و، پێیانوایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت".

زانیاری زیاتر: بە جەختکردنەوە لەوەی خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، دەشڵێت: "ورەمان بەهێزتر دەبێت و، لە ئەنجامدا تەنیا شکست و رووڕەشی بۆ دوژمن و خائینان دەمێنێتەوە".

گۆشەیەکی دیکە: لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی ئەو وڵاتانە دەکات کە بەردەوام هێرشەکانی سەر کوردستان سەرکۆنە دەکەن و بە دۆست ناویان دەبات، بەڵام دەشڵێت: "بە لێدوان و شەرمەزارکردن کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات". بۆیە داوایان لێدەکات رێککاری جددی بگرنەبەر و "هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".


لەلایەکی دیکەوە: مەسرور بارزانی روو لە حکومەتی عێراق دەکات و بە گرنگی دەزانێت هەنگاوی کرداری بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە "مەترسی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە"، بەپێویستیشی دەزانێت ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.

داواکاری لە خەڵکی کوردستان: سەرۆکوەزیران بارزانی داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان".


لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی نزادەکات و دەڵێت: "داواکارم خوای گەورە هێزی زیاترمان پێببەخشێت تاوەکو بەردەوامبین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی و وەفاداری بو خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن".

باکگراوند: شەوی ڕابردوو 25-1-2024, کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بە کاتیۆشا بۆردوومانکرا، بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەرهەمهێنانی غاز لەو کیڵگەیە راگیرا، بەرهەمهێنانی کارەباش لە زۆربەی وێستگەکان وەستا و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوون. هاوکات بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراویش هێرشکرایە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام درۆنەکە ئامانجەکەی نەپێکا و تێکشکێنرا.

وێڕای ئەوەی بەردەوام بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشدەکرێتە سەر شاری هەولێر لەلایەن میلیشیاکانەوە، شەوی 15- 1- 2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە ژمارەیەک مووشەكی بالیستیك ماڵی سەرمایەداری دیاری کوردستان، پێشڕەو دزەیی لە رێگای پیرمامی شاری هەولێر بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش برینداربوون، تاوەکو ئستاش کەسێک بێسەروشوێنە.


دەەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی:


ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت.

خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن وخائینان دەمێنێتەوە.

سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین، کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.

 
گرنگە هەنگاوی کرداری لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.

داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین، کە ڕێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان.

 
داواکارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیروزی کوردایەتی و وەفاداری بو خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/1/26

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: