جەنگ ئابووری جیهانی لاواز كردووە

شەیری بکە لە:
جەنگ ئابووری جیهانی لاواز كردووە

دیمەنی كاولكارییەكی جەنگ لە غەززە- وێنە: AFP

ئاڤا نیوز

 

بەهۆی ئەو جەنگانەی دوو ساڵی ڕابردوو ڕوویان لە جیهان کردووە، خەرجییەکان بۆ ئاستێکی زۆر باڵا بەرزبوونەتەوە بە جۆرێک هێڵی کەمەرەیی ئابووری وڵاتان لاواز بووە، ئەمساڵ بوودجەی بەرگری جیهان 2.4 تریلیۆن دۆلار بووە.


وێنە گەورەکە: لە چەندین ناوچەی جیهان جەنگە، لە ئاسیا، ئەفریقیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و بەشێک لە ئەمریکا، ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابووری جیهان گەیاندووە، ئێستا ملیاران دۆلار بۆ جەنگ خەرجدەکرێت، جیهان لە ساڵی ڕابردوودا دوو تریلیۆن و 400 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزە سەربازییەکان خەرج کردووە، ئەمەش ئاستێکی زۆر بەرزە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت:  ناوەندی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتی، کە لە ساڵی 1949ەوە چاودێری خەرجییە سەربازییەکان دەکات و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، بۆی دەرکەوتووە کە لە ساڵی 2023دا خەرجییەکان بەرزبووەتەوە بۆ 2.4%  کە ساڵی پێشوو %2.2 بووە.


ژمارەکان وادەڵێن


ئەمریکا وەک گەورەترین خەرجکەر دەستنیشانکراوە 916 ملیار دۆلاری خەرجکردووە، کە دەکاتە 37%ی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان. 
چین پلەی دووەمە بە بڕی 296 ملیار دۆلار.


ڕووسیا بە 109 ملیار دۆلار پلەی سێیەمی گرتووە، بەهۆی زیادبوونی ناڕوونی دەسەڵاتە داراییەکانی ڕووسیا
هیندستان بە 83.6 ملیار دۆلار پلەی چوارەمی گرتوو.


ئۆکراینا خەرجییەکانی بەرگریی بە ڕێژەی 51% زیادیکردووە و بووەتە 64.8 ملیار دۆلار  ئەمە بەبێ هاوکاری هاوپەیمانان کە 35 ملیار دۆلار  بووە.


 ڕووسیا گەورەترین بوودجەی بۆ بەرگری لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت تەرخان کردووە


ساڵی ڕابردوو ڕووسیا خەرجییە سەربازییەکانی بە ڕێژەی 24% زیادکرد و گەیشتە 6.9%ی بەرهەمی ناوخۆیی و 16%ی سەرجەم خەرجییەکانی حکومەت. 


هەرچەندە ئەمە گەورەترین بودجەی بەرگری بوو لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت سێ دەیە لەمەوبەر، بەڵام ئابووری ڕووسیاش نزیکەی 22% گەشەی کردووە، بەهۆی هەناردەکردنی وزە.


ڕووسیا لە ساڵی 2022دا خەرجییە سەربازییەکانی بە ڕێژەی 9% زیادکردبوو، لە ساڵی 2023دا بودجەی زیادکردبوو بە ڕێژەی ٪24 بۆ ساڵی 2024 پلانی گەشەی خەرجی ڕووسیا %70 زیادی کردووە و گەیشتووە بە 157 ملیار دۆلار.


حەماس و ئیسرائیل و پارە


هێرشەکانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو و دواتر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووە هۆی زیادبوونی گەورەی بوودجەی بەرگری لە ئیسرائیل بە ڕێژەی 24% لە ساڵی ڕابردوودا بۆ 27.5 ملیار دۆلار، کە دەکاتە  %5.3ی بەرهەمی ناوخۆیی.


سعوودیە خەرجییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە 


سعوودیە ساڵی ڕابردوو بەشداری لە زیادکردنی بودجەی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی9% کردووە، کە گەورەترین زیادبوونی ساڵانەیە لە ماوەی 10 ساڵدا. 


مەترسییەکی چەسپێنراو


ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ڕووی ناساندنی جەنگەوە ڕووسیا وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆ سەر تەواوی حکومەتەکانی ئەوروپا.

 

دوای لکاندنی کریمیا لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 2014، لاتیڤیا کە سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، دەستیکرد بە زیادکردنی بەرفراوانی بودجەی ساڵانەی بەرگری، نزیکەی سێ ئەوەندە خەرجییەکانی زیاد کرد و گەیاندییە 22 ملیار دۆلار، ڕۆمانیا کە سنوورێکی لەگەڵ ئۆکراینا هەیە، خەرجییەکانی بەرگری لەو ماوەیەدا دوو هێندە کردووە بۆ زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار.


دەرئەنجام


ئەگەر جەنگە گەورەکان بەردەوامبن، وڵاتانی جیهان زیاتر لە جەنگەکان تێوە بگلێن، یاخود هەست بکەن پریشکی شەڕەکەیان بەردەکەوێت، ناچارن بۆ بەهێزکردنی بەرگری خۆیان پارەیەکی زیاتر بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی بەرگری وڵاتەکانیان، ئەمەش واتە زیانی گەورە بەر ئابووری دەکەوێت، چونکە بەرگری پێویستی بە پارەیە، پارەش دەبێت لە سێکتەرەکانی دیکە ببڕدرێت بۆ ئەوەی سێکتەری سەربازی بەهێز بکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان