بۆچی ئیسرائیل ئەسفەهانی بۆردوومانكرد؟

شەیری بکە لە:
بۆچی ئیسرائیل ئەسفەهانی بۆردوومانكرد؟

دیمەنێکی ئەسفەهان-وێنە:AFP

ئاڤا نیوز

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە ئەسفەهان بیستراوە و دوای ئەویش میدیا ئەمریکییەکان باسیان لەوە کرد، لە بەرپرسانی گەورەی ئێران و ئیسرائیل ئاگادار کراونەتەوە کە ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر چەند بنکە و ناوەندێکی ئاسمانیی نزیک ئەسفەهانی ئێران.

 

چیرۆکی سەرەکی: میدیاکانی ئێران ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بوون، بەڵام هاووڵاتیانی ئەسفەهانی بینیویانە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دەیان ئۆتۆمبێل و تەندرووستی بەرەو بنکەی هەشتەمی شکاری (ڕاو) کە بنکەیەکی سەربازییە لە ئەسفەهان، ڕۆیشتوون.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بە فەرمی دانیان بە قسەی بەرپرسە ئەمریکییەکان لەسەر هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەناوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی ئاسمانی ئەسفەهان هەندێک تەنی گوماناوی لە ئاسمان بینیوە و بەمەش چالاک بووە، بەڵام لەدواین لێدوانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران دانی بە هێرشەکەی ئیسرائیل دا نا.

 

بنکەی ڕاوی ئەسفەهان بۆ گرنگە؟

 

بنکەی هەشتەمی ڕاوی ئێران، دەکەوێتە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئەسفەهان و لە نزیک فڕۆکەخانەی سەرەکی ئەم شارە هەڵکەوتووە.

 لە 17 بنکەی چالاکی ئاسمانیی سوپای ئێران پێک دێت کە بە هۆی ئەوەی لە ناوەندیی پانتایی ئێران هەڵکەوتووە، وەک "جەمسەری بەرگریی ئێران" هەژمار دەکرێت.

سێ لیوای هێرشبەر و دوو لیوای ڕاهێنەری لەخۆ گرتووە، وەک لیوای 81ی هێرشبەری ئێف ـ 14، لیوای سووخۆی 35 و لیوای هێرشبەری ئێف ـ 7.

 بەشێک لە فرۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ـ 14 لەم بنکەیە دانراون و لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێسرائیلیش لە ڕابردوو، چەندین فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ـ 35 کرانە ئامانج. 

 

بۆچی ئیسڕائیل ئەسفەهانی کردە ئامانج؟

 

ئەسفەهان دوو ناوەندی گرنگ و سەرەکیی ئەتۆمیی ئێرانی لێیە، کە ناوەندی پیتاندنی نەتەنز و ناوەندی تەکنەلۆژیای یۆرانیۆمی ئەسفەهان (UCF)ـن، بوونی ئەم دوو ناوەندە ئەتۆمییە گرنگییەکی گەورەیان بۆ بنکەی هەشتەمی ئێران هەیە. 


ئەسفەهان لەبەر هەڵکەوتە جوگرافییەکەشی، چەندین ناوەندیی پیشەسازیی سیستەمی بەرگریی لێیە و ناوەندی مووشەکەکانی سوپا لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئەسفەهان جێگیر کراون. بۆیە بەشێک لە توێژەرانی سیاسی و سەربازیی کە باسی گرنگی ئەسفەهان دەکەن، لەگەڵیشیدا باسی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل دەکەن کە "بە مەبەستی ئیفلیجکردنی سیستەمی بەرگری و ئاسمانیی ئێران" ناوی دەبەن.


لەو بنکەیە چی دیکە دەکرێت؟

 

سوپای پاسداران کە سەر بە خودی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە، جیا کراوەتەوە لە سوپا، کە زیاتر بەرگریکاری سنوورەکانی ئێرانە و خۆی لە قەرەی خۆپێشاندان و پشێوییەکانی ناوخۆ نادات، بەڵام لە سیستەمی حوکمڕانی ئێران، سوپا وەک لایەنگری خەڵک جیا کردووەتەوە و لە زۆربەی سەرکوتکردنەکانی نێوخۆ بەکار دەهێنرێت. 
بنکەی هەشتەمیش سەر بە سوپایە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک ناوەندێکی بڕیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەرە نێوخۆییەکان بەکارهێنرا.

 

سێ ساڵ بەر لە ئێستا، جێگری فەرماندەی ئەم بنکە سەربازییە بە ماڵپەڕە هەواڵی ئیمنای لە ئەسفەهان گوتبوو "مەترسییەکانی سەر سنوورەکان گەیشتووەتە نێو شارەکانیش، بۆیە بنکەکەمان وەک ناوەندێکی سەربازی، هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکات و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەرە نێوخۆییەکان".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: