ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەفرۆشێت

شەیری بکە لە:
ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەفرۆشێت

فڕۆکەی ئێف 16ـی لۆکهید ماڕتن

ئاڤا دیجیتاڵ

 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی تایبەتی نافەرمی بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ناردووە و داوای لێکردوون: "بەزووترین کات ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی فرۆشتنی ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف 16 و 80 کەرەستەی نوێکردنەوەی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا بدەن".

 

چیرۆکە سەرەکییەکە: بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە 25-01-2024 نامەیەکی بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ناردووە و تێیدا نیازی خۆی لەبارەی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16ـی لۆکهید ماڕتن و کەرەستەی نوێکردنەوەی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا ڕوونکردوونەتەوە. بایدن داوای لێیان کردووە هەر ئەوەندەی تورکیا داوانامەی بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆی تەواو کرد، کۆنگرێسیش "بێ دواکەوتن" فرۆشتنەکە پەسەند بکات.

"ئەم نامەیە تایبەتە و هێشتا ئیدارەی بایدن بەفەرمی کۆنگرێسی لە پلانی فرۆشەکە ئاگادار نەکردووەتەوە". چوار سەرچاوەی ئاگادار ئەم هەواڵەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پشتڕاستکردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەر بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ دا و پەسەند کرا، تەنیا واژۆی ئەردۆغانی ماوە و دواتر لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوبکرێتەوە.

 

لە لایەکی دیکەوە: دواخستنی پەسەندکردنی تورکیا بۆ داواکەی سوێد بەربەستێکی گەورەی بەردەم بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا بوو لەسەر فرۆشتنی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا. یاسادانەران ڕایانگەیاند: پێش ئەوەی بڕیار لەسەر پەسەندکردنی فرۆشەکە بدەن، چاوەڕێی ڕەزامەندیی تەواوی تورکیا و واژۆکردنی ئەردۆغا دەکەن لەسەر داواکە. کریس ڤان هۆڵن،  سیناتۆر و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، گومانی لە پەسەندکردنی خێرا هەیە و پێیوایە دەبێت یاسادانەران سەرەتا دڵنیایی لە ئیدارەی بایدن و تورکیا وەربگرن.

 

لێدوانی فەرمی: کۆشکی سپی ئامادەنەبوو لەسەر ئەم بابەتە لێدوان بدات. ڤیدانت پەتێل، جێگری گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەرۆک بایدن و بلینکن لەبارەی پاڵپشتیی ئێمەوە بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زۆر ڕوون بوون، پێمانوایە تورکیا یەکێکە لە سەرمایە بە نرخەکانی ناتۆ. بەڵام بەدەر لەوە، تا بە فەرمی بە کۆنگرێس ڕانەگەیێنرێت، ناتوانم پێش فرۆش و سەوداکانی بواری بەرگری بکەوم و هیچ دووپات بکەمەوە".

 

هاوکات ڤان هۆڵن، سیناترۆی دیموکرات ڕایگەیاندووە: "سەرۆک ئەردۆغان لە ماوەیەکی درێژی سەرۆکایەتییەکەیدا لە نێو ناتۆدا هاوپەیمانێکی ناپاک بووە". گوتیشی: "هێشتا پرسیارم هەیە لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی ئەردۆغان بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان لە سووریا و کردەوە دوژمنکارانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەو ڕۆڵەی گێڕاویەتی لە پشتیوانیکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئازەربایجان بۆ سەر نەگۆرنۆ کارەباخ".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە سەرەتادا ئەردۆغان بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ ڕازی نەبوو، پێیوابوو سوێد هەندێک حیزبی کوردی لا پەسەندە کە تورکیا بە "تیرۆریست"ـیان دەزانێت. لە لایەکی دیکەوەش تورکیا کڕینی فڕۆکە جەنگییەکان و کەرەستەی نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی کرد بە مەرجێک بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ پەسەند بکات. لە وەڵامی ئەمەشدا سوێد یاساکانی دژەتیرۆری لە وڵاتەکەی توندتر کرد و ڕێککاری زیاتری گرتەبەر.

 

سێشەممە 22-01-2024 پەرلەمانی تورکیا داوای بەئەندامبوونی سوێدی وەک ئەندامی ناتۆ پەسەند کرد، بەم کارەش کۆسپێکی گەورە لەبەردەم فراوانبوونی هاوپەیمانیی سەربازیی ڕۆژئاوا، دوای بیست مانگ دواخستن نەما. بەڵام هێشتا داواکە واژۆی کۆتایی ئەردۆغانی ماوە تاوەکو تەواو بکرێت. تورکیا لە بەرانبەردا دەیەوێت کەنەداش قەدەغەی کڕینی کەلوپەلی پێویستی دروستکردنی درۆنی جەنگی لەسەر لابدات.

 

باکگراوند: تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2021دا داوای کرد بایی 20 ملیار دۆلار فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ـی لۆکهید ماڕتن و 80 کەرەستەی نوێکردنەوەی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئەو فڕۆکە جەنگییە کۆنبووانەی ئێستا هەیەتی، لە ئەمریکا بکڕێت.

 

دواتر کە ڕووسیا پەلاماری ئۆکراینای دا، سوێد و فینلاند بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان پێکەوە داوایان کرد ببن بە ئەندام لە ناتۆ، بەڵام تورکیا فشاری خستە سەریان تاوەکو داواکارییەکەیان جیابکەنەوە، چونکە کێشەی لە داواکارییەکەی سوێددا دۆزییەوە. پاش چەند دانیشتنێک بەئەندامبوونەکەی فینلاندی پەسەند کرد، بەڵام ئەوەی سوێدی دواخست. بەمەش فینلاند لە نیسانی ساڵی ڕابردوو بوو بە 31ـەمین وڵاتی ئەندام لە ناتۆ.

شەیری بکە لە: