شەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆدەبێتەوە

شەیری بکە لە:
شەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆدەبێتەوە

ئاڤا دیجیتاڵ

ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 27-01-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەپێی بەرنامەی کار یەکەم تەوەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەبێت. هەریەک لە سالم عیساوی لە هاوپەیمانیی سیادە و شەعلان کرەیم لە هاوپەیمانیی تەقەدوم، بەربژێری سەرەکی دەبن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

چیرۆکە سەرەکییەکە: ڕۆژی شەممە 13-01-2024، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنەکە بەڕێوەچوو. دوای دوو دانیشتن لەو رۆژەدا و بەڕێوەچوونی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە شەعلان کرەیم زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ سالم عیساوی، بەڵام نەیتوانی لە گەڕی یەکەمدا زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت کە دەبوو 166 دەنگی هەبێت.


لە خولی یەکەمی دەنگدان شەعلان کەریم، بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدووم 152 دەنگی بەدەستهێنا، سالم عیساوی بەربژێری هاوپەیمانیی سیادە 97 دەنگ، مەحموود مەشهەدانی بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم 48 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی بۆخۆی یەکلایی کردەوە، هیچ کام لە بەربژێرەکان 50+1 ـی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا، بۆیە دەنگدان بۆ خولی دووەم دواخرا.

 

لە خولی دووەمیش کە دوای چەند کاتژمێرێک دەستیپێکرد و  شەعلان کرەیم و سالم عیساوی چوونە کێبڕکێوە، دوای چەند خولەکێک بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا. هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن و گەڕاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبری سەرۆک و دوو جێگرەکەی، ئەندامانی هاوپەیمانیی تەقەدووم بەو هەوڵە ڕازینەبوون بۆیە دانیشتنەکە هەڵگیرا.

 

بەپێی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر لە خولی یەکەمی دەنگدان پرسەکە یەکلایی نەبووەوە، لە خولی دووەم دوو لەو بەربژێرانەی زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچنە کێبڕکێوە. لایەنە شیعەکان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە و جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتن بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە. 



ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەریەک لە سالم عیساوی لە هاوپەیمانیی سیادە و شەعلان کەریم لە هاوپەیمانیی تەقەدوم، دوو بەربژێری سەرەکی دەبن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. هەرچەندە تائێستا دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی داواکارییەکەی لایەنە شیعەکان نەداوە بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە و کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر د.نەرمین مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  بە ئاڤا میدیا راگەیاند، لە دانیشتنی شەممە سەرلەنوێ پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ بەربژیرەکان دەکرێتەوە.

بۆچی گرنگە: دەنگی کورد کاریگەریی لەسەری یەکلاییکردنەوەی بەربژێرێک دەبێت، چونکە خاوەن کوتلەیەکی گەورەیە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و 62 کورسییان هەیە. لایەنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەوە کۆکن کە دەنگ بە بەربژێرێک بدەن بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد لەبەرچاوبگرێت، بەتایبەت تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای هەمواری بودجەی عێراق و پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵێک پرسی دیکە.

دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوت بڕگە پێکدێت؛

بڕگەی یەکەم تایبەتە بە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.

بڕگەی دووەم تایبەتە بە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای قەرەبووکردنەوەی نەخۆشانی کەمی بەرگری لەلایەن لیژنەی تەندروستی و ژینگەوە.

بڕگەی سێیەم بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان تەرخانکراوە.

بڕگەی چوارەم تایبەتکراوە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق.

لە بڕگەی پێنجەمدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی لێخۆشبوونی هاوبەش لە مەرجەکانی ڤیزەی چوونەژوورەوە بۆ خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی کۆریای باشوور دەکرێت.

لە بڕگەی شەشەمدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی پرۆتۆکۆلی عەرەبی بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان دەکرێت.

لە بڕگەی حەوتەمیشدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای سندوقی نیشتەجێبوونی عێراقی ژمارە (32)ی ساڵی 2011 دەکرێت.


باکگراوند: لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکھاتەی سوننە بووە، دوایین کەس کە لە پشکی سوننەکان ئەو پۆستەی وەرگرتووە محەممەد حەلبووسیی بوو کە لە 09-01-2022، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژاردرا، تاوەکو ڕۆژی 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی ئەندامێتی حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندەوە، له‌وکاتیشەوە پۆستەکە چۆڵە، ئێستا موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەڕەچەڵەک کوردی فەیلییە، سەپەرشتیی کۆبوونەوەکان دەکات.

 

دەقی بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

 

شەیری بکە لە: