جەنگی غەززە و دوایین ئاماری کوژراوەکان

شەیری بکە لە:
جەنگی غەززە و دوایین ئاماری کوژراوەکان

ئاڤا دیجیتاڵ

 

جەنگی چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بەردەوامە و چوارشەممە 24-01-2024 وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین گوتی: لە دوو شەوی ڕابردوو سەرلەنوێ ئیسرائیل غەزەی بۆردوومان کردووەتەوە و لانیکەم 125 کەسی کوشتووە. ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەکانی قاهیرە کە بۆ گەیشتن بە "ئاگربەست لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل" دەبەسترێن. تاوەکو ئێستا ژمارەی  کوژراوانی فەڵەستینی گەیشتووەتە 25 هەزار و 700 کەس، زۆرینەی کوژراوەکانیش ژن و منداڵن.

 

چیرۆکە سەرەکییەکە: "جەنگێکی سەخت" لە خان یونس هەڵگیرساوە کە شوێنی لەدایکبوونی یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماسە. ئەم سەرۆکە بە داڕێژەری پەلامارەکەی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو "تۆمەتبار" دەکرێت کە بووە هۆی ئەوەی جەنگی حەماس - ئیسرائیلی هەڵبگیرسێت.

سوپای ئیسرائیل دەستەوەستان نەبووە و ئەم شارەیان گەمارۆ داوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان لەنزیک کەمپی ئاوارەکانی خان یونسەوە چڕتر کردووەتەوە. بزووتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند: "زیاتر لە 200 کەس کوژراون". ئیسرائیلیشی بەوە "تۆمەتبار" کردووە کە دەیان هەزار کەسی بە زۆرەملێ لە خان یونسەوە بەرەو ڕەفەح لە سنووری میسر ئاوارە کردووە.

ڕێکخراوی مانگی سووری فەڵەستین بووەتە ئامانجی هێرشەکای سوپای ئیسرائیل و ڕایگەیاند: "بارەگاکەیان بە ئامانج گیراوە،  سێ ئاوارە کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوونە".

 

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: ڕێکخراوی نووسینگەی ڕێکخستنی کاروباری مرۆیی (ئۆچا OCHA)ـی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: جەنگی غەززە پەرەی سەندووە و سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی نوێی بۆ بەشێکی خەڵکی خان یونس دەرکردووە. ئەم شارە نزیکەی نیو ملیۆن ئاوارەی تێدایە.

 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەژێر فشارێکی زۆری بەشێک لە خەڵکی ئیسرائیلدایە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. ئەم فشارانەش لە دووشەممەوە پەرەیان سەندووە کە 24 سەربازی ئیسرائیل لە 24 کاتژمێردا کوژران، چونکە پێینوایە کوشندەترین ڕۆژی سوپای ئیسرائیل بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا. 

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "21 لەو سەربازانەی کوژراون سەربازی یەدەگ بوونە" و لەبارەی هێرشەکەوە گوتی: "گرووپێکی تیرۆریستی لەناکاو پەلاماریان داون".

 

کاریگەری و لێکەوتەکان: جەنگەکە خەڵکێکی زۆری ئاوارە کردووە و زۆینەی خەڵکیش بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.  ڕێکخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراک، هۆشداریی داوە و دەڵێت: "بارودۆخی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەچێت"

عەبیر عەتیفە، گوتەبێژی ڕێکخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: "زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە غەزە ڕووبەڕووی مەترسیی برسیبوون بوونەتەوە  و ڕۆژانە برسێتی زیاد دەکات".

 

لە لایەکی دیکەوە: برێت مەکگۆرگ، نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی گفتوگۆ و نێوەندگیری لە ناوچەکەیە. ئەم گفتوگۆیانە بە ئامانجی ئەوەن ئیسرائیل و حەماس بگەنە ئاگربەستێک تاوەکو بارمتە و گیراوەکانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ بکرێن.

 

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: پێشبینی دەکرێت ماوەی مانگێک ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، تاوەکو هەردوولا بارمتەکانیان ئاڵوگۆڕ پێ بکەن. سەرچاوەیەکی فەڵەستینیی ئاگادار لە گفتوگۆکانی قاهیرە بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە: شاندێکی حەماس گەیشتوونەتە قاهیرە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەواڵگریی میسر و تاوتوێکردنی پێشنیاری ئاگربەستی کاتی.

 

مەترسییە پێشبینیکراوەکان: لەگەڵ زیاتربوونی توندوتیژییەکانی ناوچەکە لەڕێگەی گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە، شەڕی غەززە مەترسیی فراوانتربوونی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. 

 

باکگراوند: بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1140 کەسیان کوشت، کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بوون. دەستیان بەسەر نزیکەی 250 خەڵکی بارمتەدا گرت کە هێشتا نزیکەی 132یان لە غەزەدا ماون.

دوای ئەم هێرشانە، ئیسرائیل بەڵێنی دا "حەماس لەنێو ببات" و ناتانیاهۆش بەڵێنی "سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر حەماسدا". هەر لەو کاتەوەش چەندین هێرشی کردووەتەسەر کەرتی غەززە و تاوەکو ئێستا 25 هەزار و 700 کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستینیش ڕایگەیاند: "زۆرینەی کوژراوەکان ژن و منداڵن".

 

 

 

 

شەیری بکە لە: