نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی غەززە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

شەیری بکە لە:
نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی غەززە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئاڤا دیجیتاڵ

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانیشتنێکی کراوەی  لەبارەیبە "دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - بە پرسی فەلەستینیشەوە" لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنەکە ئەنجامدا. ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "ڕەتکردنەوەی ڕوون و دووبارەی چارەسەری دوو دەوڵەت لە ئاستە باڵاکانی حکومەتی ئیسرائیلدا، جێگەی قبووڵکردن نییە".

 

چیرۆکە سەرەکییەکە: نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ئاڵۆزییانەی لە بەردەم ناوچەكەدا هەن، بەتایبەتی پرسی كەرتی غەزە و هێرشەكانی گرووپەكان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا، هەروەها هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگڕەكان لە دەریای سوور کۆبووەوە، "بەڵام هیچ چارەسەرێك بۆ كێشەكان نەبووە".

 

لێدوانی فەرمی: سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، قسەی لەسەر دۆخەكە كرد و گوتی: "ئیسڕائیل ئەو ململانێیە دەکات کە بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هاتنی "داگیرکار"ـی ئیسرائیل کردەوە، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی خواستە ڕەواکانی گەلانی ئیسرائیل و فەلەستین بە هەمان شێوە.

 

"ڕووداوەکانی سێ مانگی ڕابردوو وەک بیرخستنەوەیەکی کارەساتبار بوون کە چارەسەری دوو دەوڵەتی، تاکە ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە ترس، ڕق و تووندوتیژی". ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وای گوت.

 

گۆتێرێس لەبارەی جێگرەی چارەسەری دوو دەوڵەتی گوتی: "چارەسەری یەک دەوڵەت بەو ژمارە زۆرەی فەلەستینی لەناو ئەو دەوڵەتەدا چۆن دەبێت و هیچ هەستێکی ڕاستەقینەی ئازادی و ماف و کەرامەتیان نەبێت، ئەوە شتێکی خراپە".

 

چارەسەری دوو دەوڵەتی لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا "چەندین جار بەشێواوی جێهێڵراوە"، بەڵام تاکە ڕێگەی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە لە ئیسرائیل و فەلەستین و ناوچەکەدا، ئەم کاتە سەختەی کە ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان پێیدا تێدەپەڕن، دەبێت هەردوو لایەن پاڵنەریان هەبێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە بوێری و ئیرادەوە کار بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام.”

 

ڕیاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی فەلەستین ڕایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە بە تەواوی ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بگیرێت و پابەندنەبوون بەو بڕیارانە سزا بدرێن، كاتی لێپرسینەوەش هاتووە".

 

نوێنەری فەلەستین دەڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە کە کۆنفرانسێکی ئاشتی نێودەوڵەتی بە ئامانجێکی ڕوون بەڕێوەبچێت، کە پاڵپشتیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە جێبەجێ بكرێت".

 

گوتیشی: "ئاگربەست پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایش داوای دەکات، لەوانە پاراستنی خەڵكی مەدەنی، دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و بێ بەربەست لە ئاستێکی بەرفراوان لە سەرانسەری کەرتی غەزە، ئازادکردنی زیندانییەکان، ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و گەیشتن بە ئاشتی".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: جێگرەوە بۆ ئازادی، دادپەروەری و ئاشتی ئەوەیە کە ئێستا ڕوودەدات، دەبێت دڵنیابین لەوەی کە ئەمەی ئێستا ڕابگیرێت و هەرگیز دووبارە نەبێتەوە".

 

گیلاد ئەردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "ئیسرائیل 18 ساڵ لەمەوبەر لە غەزە کشایەوە". هەروەها "حەماس"ـی تۆمەتبار کرد بەوەی کە غەزەی كردووە بە "ئامێری جەنگ". ئاماژەی بەوەشکرد: "بانگەوازی هەندێک کەس بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی دەبێتە هۆی مانەوەی حەماس لە دەسەڵاتدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ئیسرائیل دەخاتە بەردەم مەترسی چونکە حەماس هەوڵدەدات ئیسرائیل لەناوببات".

 

ئەم باڵیۆزە گوتیشی: "ئەگەر حەماس بەرپرسانی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل ڕادەست بکاتەوە و بارمتەکان بگەڕێنێتەوە، دەستبەجێ شەڕەکە کۆتایی دێت".

 

باڵیۆزی ئوردن ئاماژەی بەوەدا کە درێژکردنەوەی ململانێیەکان پلانی بۆ دانراوە و جەختیشی لەوە کردەوە: "حووسییەکان بەبێ ئێران چەکیان نەدەبوو بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی دەریای سوور".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموو وڵاتانی ناوچەکە پێشتر کاریگەریی ئێرانیان لەسەر بووە و "بۆ درێژکردنەوەی هەژموونی خۆی لە هیچ شتێکدا ناوەستێت"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەلبانیا، تووشی هێرشی ئەلیکترۆنی ئێران بووە. گوتیشی: "ئەگەر ئەنجومەن بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی یارمەتییەکان بۆ غەزە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ئێران، داهاتوو زۆر تاریک دەبێت".

 

ئەحمەد عەتاف، وەزیری دەرەوەی جەزائیر لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزە ڕوودەدات، پێویستە بە خێرایی چارەسەری بکەین".

 

عەتاف ئاماژەی بەوەشکرد: وڵاتەکەی داواکاری خۆی نوێ دەکاتەوە بۆ بەستنی کۆنفرانسی ئاشتی نێودەوڵەتی لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەو چوارچێوەیەشدا ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر ئەوەی بۆ هەمیشە کۆتایی بە ململانێی عەرەبی و ئیسرائیلی بهێنرێت، چارەسەری دوو دەوڵەتی، لە ژێر چاودێری تووند و بەدواداچوونی ورد و گەرەنتی وردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".لە کۆتایشدا وەزیری دەرەوەی جەزائیر گوتی: "با غەزە وانەیەک بێت و لەبیرمان نەچێت".

 

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند: "هێشتا ئەنجوومەنی ئاسایش وەڵامێکی گونجاوی نەداوەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکان و هەنگاونان بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیریی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

 

لاڤرۆڤ، تیشکی خستەسەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان و کاریگەرییەکانی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لەسەر ژینگە و نەبوونی جددی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان لە ژێر ڕۆشنایی مەترسییە زۆرەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکان و ئاماژەی بەوەدا: "ڕووسیا سەدان تۆن هاوکاریی ناردووە بۆ کەرتی غەزە و پشتگیری لە هەوڵەکانی دەزگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات". 

 

لە هەمانکاتدا وەزیرەكەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا: بانگەوازەکانی شاندەکانی ڕۆژئاوا زیاتر گرنگی بە ئاییندە دەدەن نەک ئاگربەست". گوتیشی: "پێویستە فەلەستینییەکان خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن، پێموایە ئەمە ئەوەیە کە هاوکارە ڕۆژئاواییەکانمان پێی دەڵێن دیموکراسی".

 

ئێزرا زیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاسایشی مەدەنی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ گوتی: "وڵاتەکەمان بانگەوازەکانی گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ دەرەوەی غەزە ڕەتدەکاتەوە و ئەو زمانە نامرۆڤانەیەی کە هەندێک لە بەرپرسانی سەرجەم لایەنەکانی ململانێ بەکاریان هێناوە".

گوتیشی: دەبێت ڕێگە بە هاووڵاتییانی مەدەنیی فەلەستین بدرێت بە ئارەزووی خۆیان و بە سەلامەتی و بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بە زووترین کات کە مەرجەکان ڕێگەیان پێدا.

 

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کرد، ئەوە لەبیر نەکەن کە هێرشە تیرۆریستییە دڕندانەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەن ململانێیەی هەڵگیرساند".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەردەوامیی بەکارهێنانی مەدەنی و بارمتە فەلەستینیەکانی حەماس وەک قەڵغانی مرۆیی و لێدوانە دووبارەکان کە مەبەستی دووبارەکردنەوەی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر پشتڕاست دەکاتەوە".

 

هەروەها هەڵوێستی وڵاتەکەی نوێکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری دوو دەوڵەتی وەک تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و جەختی لەوە کردەوە کە "گەلی ئیسرائیل و فەلەستین، هەروەها سەرکردایەتییان، دەبێت هەڵبژاردنی قورس بکەن" بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و گەیشتن بە خواستە ڕەواکانیان .

 

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ڕژێمی داگیرکەری و ئاپارتایدی ئیسرائیل هیچ هێڵێکی سوور لە جینۆساید دژی فەلەستینییەکان لە غەزە و کەرتی ڕۆژئاوا ڕەچاو ناکات". ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمریکا وەک لایەنگری کردەیی و هاوبەشی سەرەکیی ڕژێمی ئیسرائیل لە تاوانەکانیدا، ڕێگری لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە بەشێوەیەکی کاریگەر ئەرکەکانی خۆی لە وەستاندنی جینۆسایدی ئاشکرا و گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکات".

 

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەشکردووە: "دەبێت ئەمریکا، ئیسرائیل ناچار بکات شەڕەکە ڕابگرێت و خۆی لەو تەڵەیە دەربهێنێت کە ڕژێمی ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی بەرەو ململانێیەکی ڕاستەوخۆ دایناوە". جەختیشی کردەوە کە کوشتنی هاووڵاتییانی فەلەستینی ناتوانێت بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی لەناوبردنی تەواوەتی حەماس بەدی نەیەت، چونکە ئەو کاتە هەرگیز نایەت و لەبەرئەوەی ئیرادەی پۆڵاینی ئەم میللەتە لەماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا لاواز نەبووە".

 

عەبدوڵڵاهیان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو بە هێرشی سەربازییان بۆ سەر یەمەن هەڵەیەکی ستراتیژییان کردووە". ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسیی فراوانکردنی بازنەی جەنگەکە.

 

باکگراوند: ئەمە چوارەم جارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆدەبێتەوە، بەڵام هیچ كام لە كۆبوونەوەكان ئەنجامیان نەبووە و هیچ بەرپرسێكی وڵاتانی ئەنجوومەنەکە هیچ شتێكی گرنگیان بۆ ئیسرائیل و غەزە نەكردووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ