محەممەد ڕەزا زاهیدی بۆچی کوژرا؟

شەیری بکە لە:
محەممەد ڕەزا زاهیدی بۆچی کوژرا؟

وێنە: AFP

ئاڤا نیوز
 
محەممەد ڕەزا زاهیدی، ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دیمەشق کوژراو شەڕەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی لەسەر هەڵگیرسا، زانیاریی نهێنیی لەبارەی ڕۆڵ و پێگەی و پەیوەندیی بە بزووتنەوەی حەماسەوە ئاشکرا دەبن

چیرۆکی سەرەکی: دوو نامەی نهێنی دەست گۆڤاری تایمزی بەریتانی کەوتوون کە پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی چەکداریی حەماس ئاشکرا دەکەن.
لەو نامانەدا وردەکاریی پێدانی بڕی 222 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئێران بە حەماس خراوەتەڕوو.
 
 
زانیاریی زیاتر: لە نامەیەکیان ئاماژە بە (ئەبو ئیبراهیم) ناوێک کراوە کە تایمز بە (یەحیا سنوار) کەسی ژمارە یەکی حەماس لە غەززە ناوی دەبات و لە نامەکەشدا خشتەی ئەو پارانە خراوەتەڕوو کە ئێران لە ساڵی 2014 تا 2020 بۆ حەماسی ناردووە. 
 
 
ئەوەی پێویستە بیزانیت: مەروان عیسا، بەڕێوەبەری ناوەندی لقی هێزی سەربازیی حەماس لە غەززە، نووسەری هەردوو نامەکەیە و نامەکانی بە ناوی (ئەبو ئەلبرا) واژۆ کردووە. نامەی یەکەم تایپکراو و نامەی دووەمیش دەستنووسە. ناوبراو مانگی ڕابردوو و لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکانی نەسیرات لە سەنتەری غەززە کوژراوە. 
 
لە چوار ساڵەدا 154 ملیۆن دۆلار دراوەتە حەماس
 
لە نامەی یەکەم پارەی مانگانەی نێردراو بۆ حەماس لە ساڵی 2020 بۆ 2024 خراوەتەڕوو. واتە لەو چوار ساڵەدا 154 ملیۆن دۆلار دراوەتە حەماس. ئەم بڕە پارەیە بە چەندین گوژمەی جیاواز بووە و ڕاستەوخۆ دراونەتە یەحیا سنوار، جارێکیش دراوەتە کەسێک بە ناوی ئەبوو ئەلعابد کە پێدەچێت ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بێت. 
 
نامەی دووەم لە نۆڤەمبەری 2021 نووسراوە و باسی وردەکاریی پێدانی پارە لەلایەن ئێران بۆ شەڕەکانی ئەو ساڵانەی حەماس دژی ئیسرائیل (معرکە السیف القدس) کراوە و لە نامەکەش ئاماژە بەو ناوە کراوە.

لەو نامەیەدا ئێران زۆرترین پارەی داوەتە حەماس کە 58 ملیۆن دۆلار بووە، پاش ئەوەش دوو جاری دیکە و هەر جارەی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ ناردوون و زۆرینەی پارەکانیش بۆ لقی چەکداریی حەماس بووە و کەمتری دراوەتە نووسینگەی سیاسیی ئەو گرووپە و دوو ملیۆن دۆلاریش ڕاستەوخۆ خراوەتە بەردەستی یەحیا سنوار. 
 
پارەکان چۆن نێردراون؟
 
پارەکان بە کاش براونەتە بەیروت و لەوێوە بەرپرسانی سوپای قودسی پاسداران داویانەتە بەرپرسانی حەماس. بەپێی زانیاریی نامەکان، سەعید ئیزەدی کە مەروان عیسا ناوی لێنابوو (حاجی ڕەمەزان)، بەرپرسی سەرەکی گەیاندنی پارەکان بووە.

حاجی ڕەمەزان سەرۆکی نووسینگەی لەشکری فەڵەستینی سوپای قودس بوو لە بەیروت و بەرپرسی ڕێکخستن و دابینکردنی بەشی بودجەی شەڕەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەڵەستینی دژ بە ئیسرائیل لەئەستۆ بووە.
 
پارەکە بە هەناردە و گەیاندنی دڵنیایی بازرگانان گەیێنراوەتە غەززە
 
بەرپرسانی ئیسرائیل لەو باوەڕەدان محەممەد ڕەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای قودس کە ڕۆژی دووشەممە 1-4-2024 لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیوزخانەی ئێران لە شاری دیمەشقی سووریا کوژرا، ئەو پارانەی داوەتە ساڵح ئەلعاروری، ڕێبەری چەکداریی حەماس لە بەیروت کە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵ و لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە ناوچەی زاحیەی بەیروت کوژرا. 

ئەو پارانە لە بەیروت و لە ڕێگەی گرووپێک لە ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو، بە چەندین ژمارە هەژماری دۆلار و سیستمی هەناردە و گەیاندنی دڵنیایی بازرگانان گەیێنراوەتە غەززە و بازرگانانەکانیش پارەکانیان داوەتە مەڕوان عیسا و نوێنەرەکانی.

محەمەد سرور کە ناوەندێکی ئاڵوگۆڕی دراوی لە لوبنان هەبوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەیاندنی پارەکان هەبووە. تەرمی محەمەد سروریش هەفتەی ڕابردوو لە شارۆچکەیەکی بچووکی نزیک بەیروت دۆزرایەوە.
 
 
 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: