لەكاتێكدا ئیسرائیل و حەماس بەنیازی ئاگربەستن شەڕ لە غەزە گەرمتر دەبێت
- هەواڵ
- 24 کانوونی دووەم
دیمەنێكی غەزە
ئاڤا دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل سەرلەنوێ غەزەی بۆردوومان كردووە و لانیكەم 125 كەسی كوشتووە. ئەم هێرشە هاوكاتی كۆبوونەوەكانی قاهیرەیە، كە بۆ مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست دەبەسترێن.
چیرۆكە سەرەكییەكە: جەنگێكی سەخت لە خان یونس هەڵگیرساوە، كە شوێنی لەدایكبوونی یەحیا سینوار-ی سەرۆكی پێشووی حەماسە، بە داڕێژەری پەلامارەكەی حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو تۆمەتبار دەكرێت، كە جەنگی حەماس - ئیسرائیلی هەڵگیرساند.
لێدوانی فەرمی: سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەو شارەی باشووریان گەمارۆداوە و ئۆپەراسیۆنەكانیان لای كەمپی ئاوارەكانی خان یونسەوە چڕتر كردووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس ڕایگەیاندووە، لە شەوی ڕابردووەوە تەرمی 125 كەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكانیان.
"زیاتر لە نیو ملیۆن كەس لە غەززە ڕووبەڕووی ئاستێكی كارەساتهێنەری بێ ئاسایشیی خۆراك دەبنەوە و ڕۆژانە برسێتی زیاد دەكات" عەبیر عەتیفە، گوتەبێژی ڕێكخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراك بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای گوتووە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، زیاتر لە 200 كەس كوژراون، بەڵام كاتی کوژراوەکانی دیارینەكردووە، ئیسرائیلیشی بەوە تۆمەتبار كردووە كە دەیان هەزار كەسی بە زۆرەملێ لە خان یونسەوە بەرەو ڕەفەح ئاوارە كردووە، كە بە سنووری میسڕەوەیە.
ڕێكخراوی مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاند "سوپای ئیسرائیل بارەگاكەیانی بەئامانج گرتووە و سێ ئاوارە كوژراون و سیانی دیكە بریندار بوون.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: ڕێكخراوی نووسینگەی ڕێكخستنی كاروباری مرۆیی (ئۆچا OCHA)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، جەنگی غەزە تووند بووەتەوە و سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵكردنی نوێی بۆ بەشێكی خەڵكی خان یونس دەركردووە، كە هەموو شارەكە نزیكەی نیو ملیۆن دانیشتوو و ئاوارەی تێدایە.
ئەم فەرمانەی ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراك (WFP) كە ڕایگەیاندبوو خەڵكی غەزە ڕووبەڕووی ئاستێكی كارەساتهێنەری بێئاسایشیی خۆراك دەبنەوە. دوێنێش ئەنتۆنیۆ گوتێریش، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ڕێگەچارەی دوو دەوڵەت تاكە ڕێگەی ئاسایشی درێژخایەنە.
گۆشەیەكی دیكەی دیمەنەكە: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەژێر فشارێكی زۆری بەشێك لە خەڵكی ئیسرائیلدایە بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگ بهێنێت، ئەم فشارانەش لە دووشەممەوە، كە 24 سەربازی ئیسرائیل لە یەك ڕۆژدا كوژران و كوشندەترین ڕۆژی سوپای ئیسرائیل بووە لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەكەوە، بەهێزتر بوون.
زانیاری زیاتر: دانیال هەگاری، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند 21 لەو سەربازانەی كوژراون سەربازی یەدەگ بوون و ئاماژەشی بەوە دا كە گرووپێكی تیرۆریستی لەناكاو پەلاماریان داون.
ڕۆژنامەی نیو یۆڕك تایمز لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند " ئەو سەربازانە لە كاتی جێبەجێكردنی پلانێكی ئیسرائیلدا كوژراون كە دەیەوێت ناوچەیەكی پارێزراو بە درێژایی سنووری ئیسرائیل و غەزە دروست بكات، ئەو سەربازانەش لەو كاتەدا خەریكی ڕووخاندنی بەشێك بوون لە گەڕەكێكی فەڵەستین، كە دەكەوێتە سەر ئەم ناوچە پارێزراوە".
كاریگەری و لێكەوتەكان: جەنگەكە ئاوارەبوون و برسێتییەكی زۆری بڵاو كردووەتەوە، ڕێكخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراك هۆشداریی داوە لەوەی بارودۆخی ناوچەكە بەرەو خراپتربوون دەچێت.
ئاوارەكانی شاری غەززە دەڵێن لە ناوچەیەكی نوێی جەنگدا بێ خۆراك گیریان خواردووە. یەكێك لەوانە ئوم داهود ئەلكەفەرنەیە، كە ژنێكی خەڵكی بێت حانونە، بە ئاژانسی فڕانس پرێسی گوتووە "شەش ڕۆژ كەمپەكەمانیان گەمارۆ دا و هێنایانین بۆ ئێرە، كەچی بۆردوومانەكە لێرەش بەردەوامە، هیچیشیان بۆمان جێنەهێشتووە بیخۆین و بیخۆینەوە، لە ئاسمانەوە و لە دەریاوە و لە ووشكانیشەوە بۆردوومانمان دەكەن".
لە لایەكی دیكەوە: برێت مەكگۆرگ، نوێنەری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری لە ناوچەكەیە، دەڵێت "ئەم گفتوگۆیانە بە ئامانجی ئەوەن ئیسرائیل و حەماس بگەنە ئاگربەستێك تا بارمتە و گیراوەكانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ بكرێن".
ئەوەی پێشبینی دەكرێت: پێشبینی دەكرێت ماوەی لانیكەم مانگێك ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، تا هەردوو لا بارمتە و گیراوەكان ئاڵوگۆڕ بكەن.
سەرچاوەیەكی فەڵەستینیی ئاگادار لە گفتوگۆكانی قاهیرە بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە " دوێنێ شاندێكی حەماس گەیشتوونەتە قاهیرە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەواڵگریی میسر و تاووتوێكردنی پێشنیاری ئاگربەستی كاتی، سەرچاوەیەكی نزیك بە حەماسیش ڕایگەیاندووە " گفتوگۆكان ڕۆژی چوارشەممەش هەر بەردوام دەبن".
مەترسییە پێشبینیكراوەكان: لەگەڵ زیاتربوونی توندوتیژییەكانی ناوچەكە لە ڕێی گرووپەكانی سەر بە ئێرانەوە، شەڕی غەززە مەترسیی فراوانتربوونی زیاتری لێ دەكەوێتەوە.
سووپای ئەمریكا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو هێرشی كردووەتە سەر هەندێك لەو گرووپە چەكدارانەی نێو عێڕاق، كە ئێران پاڵپشتیانە، لە بەرامبەریشدا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێڕاق لەسەر ئەم هێرشانە بە تووندی ڕەخنەی لە ئەمریكا گرت، وێڕای ئەوەی ماوەیەكە داوا دەكات ئەمریكا و هێزی هاوپەیمانان لە عێڕاق بكشێنەوە، تا ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ عێڕاق.
ئەم هێرشەی دوێنێ شەوی سەر حووسییەكان نوێترینی ئەو زنجیرە هێرشانە بوو كە ماوەیەكە ئەمریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانەكانیان كردوویانەتە سەر حووسییەكان، لە تۆڵەی هێرشەكانی ئەواندا بۆ سەر كەشتییەكانی نێو دەریای سوور.
حیزبووڵڵا، كە ئێران پاڵپشتیانە، دوێنێ ڕایانگەیاند " بۆ جاری دووەم هێرشیان كردووەتە سەر بنكەیەكی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلێش ڕایگەیاند "هەر دوێنێ هێرشی كردووەتە سەر چەند شوێنێكی لوبنان، لە نێویاندا پێگەیەكی سەربازی، كە حیزبوڵڵا بە كاری دەهێنێت و هێزەكانی ئێران بە ڕێوەی دەبەن". سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند " تیرۆریستێكیشیان كوشتووە كە تەقەی لێیان كردووە".
باكگراوند: بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا هێرشێكی دەستپێشخەریی لەناكاویان كردە سەر ئیسرائیل و نزیكەی هەزار و 140 كەسیان كوشت، كە زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، پاش كوشتنی زۆرێك لەوانەی بەر دەستیان دەكەوتن، دەستیان 250 سڤیلیشیان وەك بارمتە گرت، كە هێشتا نزیكەی 132یان لە غەزەی ئابڵۆقەدراودا ماون.
دوای ئەم هێرشانەش ئیسرائیل بەڵێنی دا حەماس لە ناو ببات و ناتانیاهۆ بەڵێنی "سەركەوتنی تەواوەتی"ی بەسەر حەماسدا دا، لەو كاتەوە چەندین هێرشی كردووەتە سەر حەماس و كەرتی غەزە و تا ئەمڕۆ لانیكەم بیست و پێنج هەزار 700 كەسی كوشتووە، كە وەزارەتی تەندروستیی غەزەی سەر بە حەماس دەڵێت: "زۆربەیان ژن و منداڵ بوون".
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- جیهان
- 26 خولەک لەمەوپێش
یەکێتیی ئەورپا: پابەندین بە فەرمانی دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ
- بزنس
- 37 خولەک لەمەوپێش
ئاڤا وادەی ناردنی مووچەی مانگی 10 ئاشکرا دەکات
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: ناتانیاهۆ و گالانت دەستگیر دەکەین
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
6 کاتژمێر لەمەوپێش
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
22 کاتژمێر لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
دیمەنی چۆڵبوونی شەقامەکانی شاری هەولێر
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
سەرژمێری له گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر