کاردانەوەی عێراق بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا: خوێنی عێراقییەکان هێڵی سوورە

شەیری بکە لە:
کاردانەوەی عێراق بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا: خوێنی عێراقییەکان هێڵی سوورە

ئاڤا دیجیتاڵ

هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کاردانەوە و ناڕەزایەتی حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و بەرپرسانی عێراقی لێکەوتەوە، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، جەختدەکەنەوە خوێنی هاووڵاتیانی عێراق هێڵی سوورە و، داوادەکەن پەلە بکرێت لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا .


سەرەتای چیرۆکەکە: شەوی رابردوو بە فەرمانی ڕاستەوخۆی جۆ بایدن و لەژێر چاودێری وردی وەزیری بەرگریی ئەمریكا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە سێ بنكە و بارەگای کەتائیبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی بابل و ئەنبار لە عێراق بۆردوومان کرد، بۆردوومانەکەش کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. هێرشەکەی ئەمریکا لە کاردانەوەی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بوو بە درۆن، کە دواتر کەتائیبی حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆگرت.


لێدوانی فەرمی: هێرشەکە کاردانەوەی توندی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، لە راگەیەنراوێکدا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، "هێرشی ئاسمانی لە لایەن ئەمریکا بۆ سەر یەکە سەربازییەکانی عێراق لە سوپا و حەشدی شەعبی هەوڵێکی ڕوونە بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق."

یەحیا رەسوڵ لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە؛ لەکاتێکدا لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە ڕۆڵ و ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و راوێژکارانی سەربازی لە عێراق هەنگاوێکی ئەرێنییان ناوە بۆ رێکخستنی پەیوەندیی داهاتوو، ئەم کردارانە دەبنە هۆی ڕێگریکردن لەو لێکتەگەیشتنە و زیانگەیاندن بە هەموو ڕێککەوتن و هاوکارییە ئەمنییە هاوبەشەکان. 

 

کاریگەری و لێکەوتەکان: ئەم کردەوەیە قبوڵنەکراوە، زیان بە پەیوەندی نێوانمان دەگەیەنێت، چەند ساڵێک هاوکاریی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا تێکدەدات، بە ئاشکرا سەروەری عێراق پێشێل دەکات و بەرەو دۆخێکی نابەرپرسیارانەی دەبات، لەکاتێکدا ناوچەکە بەدەست مەترسی فراوانبوونی ململانێ و کاردانەوەکانی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە و دەرئەنجامەکانی شەڕەکە دەناڵێنێت، هەروەها لەپێناو پاراستنی ژیان و کەرامەتی عێراقییەکان لەسەر خاکی سەلامەت و سەقامگیری وڵاتەکەمان هەموو ڕێگەیەک دەگرینەبەر". ئەمە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەی یەحیا رەسوڵ بوو.


هاوکات قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، "ئەو هێرشانە یارمەتیدەر نابن بۆ هێوربوونەوەی بارودۆخەکە. دەبێت لایەنى ئەمریکى لەبرى بەئامانجگرتن و هێرشکردنە سەر بارەگاى دامەزراوە نیشتیمانییەکانى عێراق، گوشار بکات بۆ راگرتنى بەردەوامى هێرشەکانى سەر غەزە."


گۆشەیەکی دیکەی ڕووداوەکە: عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیارێتی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و ئاسایشدا جێبەجێ بکات، چونکە ناکرێت بێ هۆکار هێرشبکرێتە سەر خاکی عێراق و سەروەرییەکەی.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند، سەروەری عێراق و خوێنی خەڵکەکەی هێڵی سوورە و پێویستە حکومەت پەلەبکات لە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان.

لە ڕاگەیێنراوێکدا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر هاتووە: "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگا ئەمنییەکان لە بابل و ئەنبار و، بەردەوامی پێشێلكاری ئاشکرای سەروەری عێراق بەتوندی سەرکۆنە دەکەین، هێرشەکان ڕێزنەگرتنە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتی و دووقۆڵییەکان لەلایەن ئەمریکاوە". 

زانیاری زیاتر: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و لە راگەیەنراوەکەدا جەختیکردووەتەوە: "دووبارە جەخت لە داواکەی خۆمان دەکەینەوە لە حکومەت، بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەرکردنی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لە وڵاتدا، کە بوونیان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و سەلامەتی گەلەکەی دەکات".

 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە کە پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەت دەکەن بۆ پێشکەشکردنی سکاڵایەکی فەرمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی دووبارەنەبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ئەمەریکا لەناو خاکی عێراقدا.

 

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: لە دوای هێرشەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامی ڕاستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ئێران پاڵپشتیان دەکات. ئاماژەی بەوەشداوە ئەمریکا هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان.

 


باکگراوند: شەوی رابردوو 24-1-2024، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر سێ پێگەی هێزەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای بابل و ئەنبار، بەو هۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژراون و برینداربوون، ئەمەش دووەەم هێرشی فەرمی ئەمریکا بوو بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لەم مانگەدا.

 

بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەت بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردوونەتەوە، لە 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 وە زیاتر لە 151 جار لە عێراق و سووریا و هەرێمی کوردستان هێرشكراوەتە سەر بنكەو بارەگاكانیان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: