گرافیک: ئاڤا نیوز
ئاڤا نیوز
لە ئەنجامی بڕیارە یەک لەدوای یەکەکانی دادگەی فیدراڵی، گرژیی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەیسەند. هەرێمی کوردستان پێیوایە ئامانجی ئەو بڕیارانە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانیەتی، چاودێرانیش پێیانوایە ئێستا کاتی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانە.
وێنە گەورەکە: گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر بەهۆی پرسەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت، ناردنی مووچە و بودجە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەریانهەڵدا.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: مانگی دووی ئەمساڵ دادگەی باڵای فیدراڵیی حکومەتی عێراقی پابەند کرد بە پێدانی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەبری ئەوەی بە دەسەڵاتە خۆجێییەکاندا تێبپەڕێت. هاوکات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکانی دەرکرد، بەمەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم کردەوە.
بۆچی گرنگە: پەیوەندیی و نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سوودانیدا هەیە و وەک هەنگاوی یەکەم لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بۆ پرسی مووچە کراوە، هەردوولاش لە هەوڵدان کێشەکانی دیکەش بەهەمانشێوە چارەسەر بکرێن، ئەمەش ئومێدێکی زۆری لای خەڵک دروست کردووە.
"ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو"
"کاتی ئەوە هاتووە هەڵەکانی پێشوو ڕاست بکرێنەوە"، ئەمە قسەی یەکێک لە بەرپرسە سیاسییەکانی عێراقە لە بەغدا، کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنە بووە ناوی خۆی بۆ (ئاژانسی فرانس پرێس) ئاشکرا بکات.
ئەو دەشڵێت: "حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان سەرقاڵ بوون بەو کێشانە و ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەوە، لەنێویاندا (هێرشی داعش، خۆپیشاندانی تشرینی 2019 و قەیرانی ئابووری)، ئەمانەش دووری خستبوونەوە لەوەی هەنگاو بنێن بەرامبەر ئەو هەڵانەی هەرێمی کوردستان کردبوونی، لەوانە گرێبەستەکانی نەوت، هەناردەکردنی نەوت، سیستەمی دارایی و چەندین بڕیاری دیکەی نایاسایی، ئێستاش کاتی هاتووە ئەو هەڵانە نەهێڵین".
بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەم دەسەڵاتانە بە دەستووری دادەنێن و بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە: حکومەتی عێراق زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری بەرامبەر قەوارەی هەرێمی کوردستان پێشێل کردوون و پێویستە ئەو هەڵانە ڕاستبکرێنە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن.
"ئیرادەیەک هەیە بۆ تێکدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان"
ئیحسان شەممەری، توێژەر و بەڕێوەبەری سەنتەری بیری سیاسی لە بەغدا، وای دەبینێت: "ئیرادەیەک لە نێو بەشێک لە لایەنە سیاسییە شیعەکاندا هەیە بۆ تێکدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، سەرەڕای تۆڵەی سیاسی".
بە ئاماژەکردن بەوەی "ئەو دۆسیانەی دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، سروشتێکی سیاسییان هەیە، بەڵام ئەو بڕیارانەی دادگە دژی هەرێمی کوردستان دەریکردوون دەستوورین". شەممەری دشەڵێت: " زۆری ژمارەی سکاڵاکان سەنگی سیاسییان لە هەرێمی کوردستان کەم کردەوە".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لە دەرئەنجامی ئەم بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی، ڕۆژی 18-3-2024 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەمشێوەیە بەشداریی هەڵبژاردن ناکات.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "پارتیمان ناچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و، بەشداریی ھەڵبژاردنێک ناکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
زیاتر لە ساڵێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە، لەوکاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دەستپێکردنەوەی.
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، ئەوەی دەگوزەرێت "خولانەوە بە دەوری بڕگەکانی دەستوورە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە، دەیانەوێت ئەو واقیعە سیاسی و دیموکراسییە بگۆڕن کە لەسەر بنەمای فیدراڵی بونیات نراوە". سەباح سوبحی وای بە ئاژانسی فرانس پرێس گوتووە.
سوبحی دڵگرانی خۆیشی پیشانداوە لەو ناکۆکییەی لەنێو کورد هەیە، "بەو پێیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کردووە".
ڕۆژی 22-3-2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە ڕاگەیێنراوێکدا "پشتیوانی" خۆیانی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور و دادپەروەری و سیستەمی دیموکراسی دووپات کردەوە.
چارەسەرکردنی پرسی نەوت
دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 6-4-2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی نەوت یەکێک بووە لە تەوەری گفتوگۆکانیان و گوتی: "تا ئێستا ههندێک کێشه ههیه لهمڕووهوه، بهڵام وهک پرهنسیپ ههندێک ڕێککهوتنی باش کراون و هیوادارین له زووترین کاتدا پرسی نهوتیش چارهسهر بکرێت".
هۆکارەی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەگەڕێتەوە؛ تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر تێچووەکە ڕێکنەوکەوتوون و تەنیا تێگەیشتنی مەبدەئی هەیە.
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- تەندروستی
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆشداری لە شوشتنی قژ لە ئارایشتگەکان دەدرێت
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
نەتانیاهۆ دانانێت بە بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی
- کولتوور
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
تابلۆیەک بە 121 ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
16 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
17 کاتژمێر لەمەوپێش
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟