لە خورماتوو نزیکەی 200 سەگ بە "خواردنی ژەهراوی" لەنێودەبرێن

شەیری بکە لە:
لە خورماتوو نزیکەی 200 سەگ بە "خواردنی ژەهراوی" لەنێودەبرێن

کۆکردنەوەی لاشەی سەگە بێلانەکانی خورماتوو

ئاڤا دیجیتاڵ

 

زۆربوونی سەگی بێلانە لەنێو شارەکان، دانیشتووانی سەنتەری قەزای خورماتووی هەراسان کردووە. بەرپرسانی قەزاکە لیژنەیەکیان لە تیمەکانی پۆلیس، شارەوانی و ڤێترنەری بۆ "لەناوبردنی سەگەکان" پێکهێناوە. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 200  سەگیان لەنێوبردووە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت".

 

وێنە گەورەکە: لە هەرێمی کوردستان لەبری لەنێوبردن، شێڵتەر بۆ سەگە بێلانەکان دروست دەکرێت. تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەگی بێلانەی کوچە و کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە و دەیانخە ئەو شێڵتەرانەوە. جگە لەوەی لە شوێنێکی تایبەت کۆدەکرێنەوە و خواردنیان بۆ دابین دەکرێت، مەترسی هێرشکردنە سەر هاونیشتمانیانیش کەمدەبێتەوە.

 

لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان و قەزای خورماتوو بەنموونە، شێڵتەر بۆ کۆکردنەوەی سەگی کوچە و کۆڵانەکان نییە و بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانیان، ڕێگەی دیکە بەکاردەهێنرێت. ئەو تیمانە سەگەکان دەگرن و "خواردنی ژەهراویی"ـیان پێدەدەن بۆ ئەوەی "بیانکوژن". بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاڤا میدیا لە کەرکووک، لاشەی سەگ لە نێو کۆڵانەکانی خورماتوو کەوتوون و بۆنێکی ناوخۆشیان بڵاوکردووەتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە بۆگەنبوونی ئەو لاشانە دەبێتە هۆی دەیان نەخۆشی. 

 

ئامانجەکە چییە: ژمارەی سەگە بێلانەکانی سەنتەری قەزای خورماتوو هەزار سەگی تێپەڕاندووە. "هەڵمەتێکمان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی سەگە بێلانەکان ڕاگەیاندووە و بەردەوام دەبین". ئەمە  گوتەی حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بوو بۆ ئاڤا میدیا. 

 

لێدوانی فەرمی: "تاوەکو ئێستاش تیمەکان لە "مردار"کردنی سەگەکان بە ڕێگەی جیاواز بەردەوامن". نەجم هادی، سەرپەرشتیاری لیژنەی لەنێوبردنی سەگە بێلانەکان لە خورماتوو بە ئاڤا میدیای گوت.

زیاتر گوتیشی: "سەگان هێرشیان دەکردە سەر منداڵان و زیانیان پێدەگەیاندن، لەنێوبردنی ئەو سەگانە لەسەر داوای خەڵک بووە. ڕۆژانە ژمارەی سەگەکان زیادی دەکرد و خەڵکی قەزاکە هەراسان دەبوون".


لە لایەکی دیکەوە: هێمن بارزان، چالاکوانی مەدەنی لە سنووری قەزای خورماتوو، لەنێوبردنی سەگەکانی بە دیاردەیەکی ناشارستانی وەسف کرد. "لە ماوەی ڕابردوودا سەگەکان بە چەک دەکوژران و بە بەرچاوی خەڵکیشەوە ئازار دەدران، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی ژەهراوییکردنەوە سەگەکان لەنێو دەبرێن و لاشەکانیان لەنێو کۆڵانەکان جێدەهێڵرێن". ئاڤا میدیا پرسیاری چۆنیەتی ژەهراوییکردنی سەگەکانی لەو چالاکوانە کرد و گوتی: "مریشکی ژەهراوییان پێدەدرێت".

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ