ئێران "دەوێرێت" گورز لە ئیسرائیل بوەشێنێت؟

شەیری بکە لە:
ئەو باڵەخانەیەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج

ئەو باڵەخانەیەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج - AP

ئاڤا نیوز 

 

سەرەتای ئەم مانگە حەوت بەرپرسی سەربازیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران، ئێران لەسەر ئاستی باڵا هەڕەشە دەكات و دەیەوێت تۆڵە لە ئیسرائیل بكاتەوە.

 

وێنە گەورەكە: دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای  سوپای پاسداران، ئەمە دووەمین گورزی گەورەیە كە لە سوپای ئێران بدرێت، هەرچەندە تاران نایەوێت ڕاستەوخۆ بكەوێتە شەڕەوە لەگەڵ هەریەكە لە تەلئەڤیڤ و واشنتن، بەڵام بۆ پاراستنی شكۆی خۆی ئەگەری هەیە هێرش بكاتە سەر چەند ناوەندێكی ئیسرائیل و ئەمریكا.

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: چەند سەرچاوەیەک لە سوپای پاسدارانی ئێران قسەیان بۆ میدیاكان كردووە و دەڵێن، ئێران كەوتوەتە دووڕیانێكەوە لەلایەک نایەوێت هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل و ئەمریكا و لەلایەكی دیكەش، دەبێت هێرش بكاتە سەر ئەمریكا و ئیسرائیل، چونكە ئەگەر هێرشەكە نەكات توشی دووڕوویی و شكانی "شكۆ" دەبێت.

 

ئەو بەرپرسە باڵایانە باسیان لەوە كردووە، هەڕەشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا زۆر جدین، بۆیە تاران نایەوێت هیچ بیانوویەک بەدەستەوە بدات بۆ ئەوەی بكەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: تەنیا ڕێگەیەک لەبەردەم ئێران هەیە، كە سوپا تاوتوێی دەكات، ئەویش هێرشكردنە لە ڕێگەی بریكارەكانییەوە واتە گرووپە چەكدارەكان، بەڵام گرووپە چەكدارەكانیش لە پەلوپۆ كەوتوون و توانای هێرشی گەورەیان نەماوە.

 

ئەمەش بزانە: سی ئای ئەی لە چوار چێوەی شڕۆڤەكاندا بۆ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بە مۆسادی گوتووە دەتوانین بڵێین تەنیا لە ڕێگەی بركارەكانەوە هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام هێرشەكە بچووک نابێت.

 

بەپێی شیكارییەكانی سی ئای ئەی بۆ مۆساد، مەزەندە دەكات، گرووپە چەكدارەكان هێرشێكی بێشوومار و بەرفراوان بكەنە سەر ئیسرائیل.

 

بۆچی گرنگە: ئیسرائیل لەلایەک لە ڕێگەی میدیاكانیی و لەلایەکی دیکەش بەشێوەی نهێنی پەیامی بۆ ئێران ناردووە، كە زۆر جدین لە وڵامدانەی هەر هێرشێک بۆسەر وڵاتەكەیان كە ئێران یان گرووپەكان بیكەن، هەروەها ئەمریكاش پەیامی تووندی بە ئێران داوە، كە نابێت هێرش بكاتە سەر هیچ بنكەیەكی سەربازی یان ناوەندێكی سیاسیی.


چی ڕوودەدات؟
ئێران دەیەوێت تۆڵەی خۆی بكاتەوە، لەبەر ئەوەی نایەوێت بەتەواوەتی شكۆی بشكێت، چونكە ئەگەر وەڵام نەداتەوە سوپا زۆر نیگەران دەبێت و لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە بەتەواوەتی تووشی شكانەوە دەبێت، یەكێک لە بژاردەكان بریتییە لە هێرشی بەرفراوانی گرووپە چەكدارەكان، یەكێكی دیكە لە بژاردەكان هێرش كردنە سەر یەكێک لە كۆنسوڵخانە یان باڵوێزخانەكانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوانەی كە ئێران دەستی پێدەگات، بەڵام ئیسرائیل ئەم چەكەشی پووچەڵكردووەتەوە .

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: