پارتە گەورەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە چەندین کێشەوە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن

شەیری بکە لە:
پارتە گەورەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە چەندین کێشەوە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن

ئاڤا دیجیتاڵ

 

لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا کێشەی نێوان پارتە سیاسییەکان لە لایەک و درووستبوونی دووبەرەکی نێوخۆی پارتەکانیش لە لایەکی دیکەوە زیاتر دەبێت، پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە هەوڵی راکێشانی زۆرترین دەنگدەرن بۆخۆیان، بۆ ئەمەش لێدوانی دژ بە یەک وەک چەکی هێزی پارتەکەیان بۆ شکاندنی یەکدی بەكاردەهێنن.

 

وێنە گەورەکە: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای تورکیا رۆژی 31-3-2024ی وەک بەرواری هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دیاریکرد، 36 پارتی سیاسی لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە  بەشداری هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەکەن، لە نێویاندا ( دەم پارتی) کە پارتێکی کوردییە، وەک پارتێکی دیار و بەهێزی ئەو وڵاتە لە پێشبڕکێی بردنەوەی دەنگی شارە کوردییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت و تورکیا بە گشتی دەکات. 


ئەوەی پێویستە بیزانیت: پارتە گەورەکانی ئەو وڵاتە لە پێشبڕکێیەکی گەرمی بانگەشەدان، ئەوەی جێگای سەرنجە کێشە ناوەخۆییەکانی نێو پارتەکان تا دێت زیاتر دەبێت، "ئیی پارتی" پشکی شێری لەم قەیرانە سیاسییە بەرکەوتووە، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامەکانی پارتەکەی دێت، هەر دوێنێ کاندیدێکی دیاری شارەوانی پارتەکەی بە ناوی (ئێنڤەر کیراز) کە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی پارێزگاکان کاندید بوو، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی "وای بۆ دەچم ئیی پارتی ئەو کێشە سیاسییانەی ناوخۆی وا بە ئاسانی تێنەپەڕێنێت، دوای راوێژ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوڕێم لە نێو پارتەکە، بڕیارمدا دەست لە کار بکێشمەوە".


پارتی  گەل و دیموکراسی تورکیا ( جەهەپە)،  دوای گۆڕینی سەرۆکی پارتەکەی کە کەمال کڵچدار ئۆغلو بوو، ئۆزگور ئۆزێل شوێنی گرتەوە، جیاوازی سیاسی و دوبەرەکی نێو پارتەکەی خەریکە بەرەو قەیرانی سیاسی دەبات.


پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە پێشتر هەدەپە بوو: پارتێکی کوردییە، بۆ ئەمساڵ لە 10 شارەوانی تورکیا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان دەکات، سیاسەتی پارتەکە زیادکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تورکیایە بەتایبەت لە شارە کوردییەکانی باکووری کوردستان، بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو پارتە بۆ ئەمساڵ لانیکەم لەسەدا 9٪ دەنگدەریان لە شارە کوردییەکان زیادی کردووە، دەم پارتیش پشکی قەیرانی سیاسی ناوخۆییی نێو پارتەکەی بەرکەوتووە، ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی مێردین، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری ئەمساڵ جارێکی دیکە لە دەم پارتییەوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانیی مێردین خۆی کاندید کردبوو، کشانەوەی خۆی راگەیاندووە. ئاژانسێکی نزیک لە دەم پارتی ئەمەی راگەیاندووە.


ئەم هەڵوێستەی ئەحمەد تورک دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنی نێوخۆیی ئەو پارتە لە مێردین نەیتوانیوە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و هەڵبژاردنەکە بۆ گەڕی دووەم مابوویەوە.


پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە):  لەژێر درووشمی "گەل هی ئێمەیە، تورکیا هی هەموومانە"، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی پارتەکەی دەستپێکرددوە، بڕیاروایە  یەکەمین کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ ناساندنی 55 کاندیدی پارتەکەی لە 28 ی ئەم مانگە لە مێرسین دەکات، دوای ئەوەش لە چواری شووبات لە مانیسا کۆدەبنەوە.


ئاکپارتی( پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا)،  پارتە دەسەڵەتدارەکەی ئەو وڵاتە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، بە رکابەرێکی بەهێزی پارتە سیاسییەکان دادەنرێت، بەوەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا توانی پۆستی سەرۆککۆمار بباتەوە،  لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئەنقەرە، کاندیدی 48 شارەوانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان راگەیاند کە 17 کاندیدیان لە ئەنقەرە و ئیزمیر و گەورە شارەوانییەکانی دیکەن.


لێدوانە فەرمییەکان: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەزموونێکی چەند ساڵەیان لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان هەیە و دەیانەوێت جارێکی دیکە ئەو شارەوانییانە بەدەستبهێننەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 لەدەستیان دابوون.


 لە لایەکی دیکەوە: پرسی بوونی پارتی کرێکاران بێبەش نەبووە لە بانگەشەی سیاسی نێوان پارتەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانیکیدا دەڵێت "جەهەپە لەلایەن دەم پارتییەوە بە بارمتە گیراوە و دەیانەوێت لەپێناو دوو سێ دەنگی زیاتر و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاتر، تیرۆریستان ئازاد بکەن".


مەراڵ ئاکشەنەر هێرش دەکاتە سەر دەم پارتی و" بە هاوکاری پەکەکە ناویان دەبات"، گلەییش لە جەهەپە دەکات بەوەی لەگەڵ ئیی پارتی کە بە گوتەی ئەو" پارتێکی تیرۆریستە هاوپەیمانی" درووست کردووە.


زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا 36 پارتی سیاسیی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و، ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.


 لەنێو شارەوانییەکاندا، 19 کاندید هەن کە بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان دەستنیشانکراون لە سەمسور، ئاگری، ئەردەخان، باتمان، دیاربەکر، دیلۆک، جۆلەمێرگ، ئیدر، مەرەش، کلیس، مەلەتی، مێردین، مووش، سێرت، سیواس، روحا، شرناخ، دێرسیم و وان.


ئاکپارتی 15 کەسی جارێکی دیکە بۆ ئەو پارێزگایانە کاندید کردەوە کە چواریان لە شارەکانی:  روحا، موش، سیواس و شرناخی باکووری کورستانن.


ژمارەکان وادەڵێن: بەگوێرەی دەستەی ئاماری گشتی تورکیا، لە کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا كە نزیکەی 85  ملیۆن کەسن،  لە تورکیا نزیکەی 60 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2019 دا حکومەتی تورکیا مافی دەنگدانی بە دوو ملیۆن سووری دا، لەبەرئەوەی "بەپێی یاسای مافی هاووڵاتیبوون، هەر بیانییەک زیاد لە پێنج ساڵ لەسەر یەک لە تورکیا بمێنێتەوە، مافی ئەوەی دەبێت کە داوای رەگەزنامەی تورکیا بکات."


گۆشەیەکی دیکەی رووداوەکە: ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانییدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە سەبەخۆ  بەشدار دەبن.


باکگراوند: هەموو چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن لە تورکیا بەڕیوەدەچێت، کە تێێدا سەرۆک شارەوانییەکان ئەندام پەرلەمان و سەرۆک کۆماری نوێێ تورکیا دیاری دەکرێت، بۆ ئەمساڵیش لە 31-3-2024 هەڵبژاردنی سەرتاسەری تورکیا لە رکابەرییەکی بەهێزی نێوان پارتە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت. 


لە ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار کورد لە رێگەی پارتی دیموکراتی گەل (هادەپ) بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد و توانی زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و 37 شارەوانی لە باکووری کوردستان بردەوە، بەو ئەنجامەی بەدەستیشی هێنا، هادەپ بووە حەوتەمین پارتی جەماوەری لەسەر ئاستی هەموو  تورکیا.


لە ساڵی 2019، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریکرد، لەوکاتەدا خاوەنی 67 کورسی بوو لە پەرلەمانی تورکیا و سێیەم پارتی سیاسیی جەماوەری بوو لەسەر ئاستی تورکیا، بەڵام دەنگەکانی لەسەر ئاستی شارەوانییەکان کەمیکرد.

 

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا، ئاکپارتی 15 گەورە شارەوانی، جەهەپە 11 گەورە شارەوانی، هەدەپە سێ گەورە شارەوانی و مەهەپە یەک گەورە شارەوانییان بەدەستهێنا. هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، 5 شارەوانیی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماون و ئەوانی دیکە قەیوومیان بۆ دانراوە.

شەیری بکە لە: