گەڕان و پشکنین لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتاییهات؛ چارەنووسی کارگوزارەکە نادیارە

شەیری بکە لە:
گەڕان و پشکنین لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتاییهات؛ چارەنووسی کارگوزارەکە نادیارە

ئاڤا دیجیتاڵ

هەرچەندە تەرمی میشێل میندۆزا ، کارگوزارە فلیپینییەکە نەدۆزرایەوە، بەڵام بەرگریی شارستانیی هەولێر کۆتایی بە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە ماڵی پێشڕەو دزەیی هێنا.

چیرۆكی سەرەكی: لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممە 15ـ01-2024 بۆ سەر ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی شەش کەسی دیکە، چارەنووسی کارگوزارێک دیارنەبوو، دوای هەفتەیەک گەڕان و پشکنینیش، ئەمڕۆ کۆتایی بە پرۆسەکە هێنرا.


لێدوانی فەرمی: ئەمڕۆ سێشەممە ڕێككەوتی  23-01-2024، بەرگریی شارستانی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند:‌ دوای هەفتەیەك پشكنین و گەڕان لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی تەواو بوو، چارەنووسی میشێل، خزمەتگوزارە‌ فلیپینییەكە دیارنییه.


"چەند پارچەیەكی بچووكمان بەردەست كەوتووە و ڕەوانەی پشكنینمان كردووە، بۆ بەراوردكردن لەگەڵ جەستەی قوربانییەكان و دواتر لایەنی پەیوەندیدار ئەنجامەكەی ڕادەگەیەنێت" بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەی ڕاگەیاند.


باكگراوند: كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەكێكی بالیستیك ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی كردە ئامانج، بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی (پێشڕەو دزەیی و کچێکی، سەرمایەدارێکی هاوڕێی و کارگوزارێکی بیانی) گیانیان لەدەستدا و شەش هاووڵاتیی دیكەش برینداربوون، تاوەکو ئێستاش چارەنووسی کارگوزارێکی فلیپینی دیارنییە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ساڵی 2020ـەوە دەیان جار شاری هەولێر كەوتووەتە ژێر هێرشی ناڕەوای مووشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەوە دووەمجارە سوپای پاسدارانی ئێران بەتۆمەتی "هەبوونی بنكەی ئیسرائیل و موساد" هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری هەولێر دەكاتە ئامانج، هەردوو جارەكەش ماڵی دوو سەرمایەداری دیاری هەولێر بوو. رۆژی 13-3-2022 بەهەمانشێوە ماڵی شێخ باز بە ژمارەیەك مووشەك كرایە ئامانج، بەڵام خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی سەلامەت دەرچوون و تەنها زیانی ماددی لێكەوتەوە. 

 

شەیری بکە لە: