کۆمپانیاکانی کوردستان لە داڤۆس چەند گرێبەستێک لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان دەکەن

شەیری بکە لە:

هێمن لهۆنی، راوێژکار و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسە بۆ ئاڤا دەکات


ئاڤا دیجیتاڵ

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ ژمارەیەک سەرمایەداری کورد هاوەڵی سەرۆکوەزیران بارزانی بوون لە کۆڕبەندیی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، لە ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانیشیان لە ماڵی کوردستان لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان، چەند گرێبەستێکیان ئەنجامدان.

وێنە گەورەکە؛ رۆژانی 16 بۆ 19 ی ئەم مانگە، کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ناونیشانی "بونیادنانەوەی متمانە" بە بەشداریی سەرۆکوەزیران بارزانی لە داڤۆس بەڕێوەچوو. هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیاواز بەشداری کرد، دوو لە جیاوازییەکانیش بەشداریکردنی ژمارەیەک سەرمایەداری کورد و، کردنەوەی ماڵی کوردستان بوون.


بۆچی گرنگە؟ کۆڕبەندی داڤۆس گرنگترین کۆڕبەندی ئابوورییە لە جیهان، ساڵانە سەدان سەرۆک و سەرکردە و حکومەت و سێ هەزار کۆمپانیا بەشداری تێدا دەکەن، مەڵبەندی دەرکردنی چەندین بڕیاری سیاسی و ئابووری گرنگە، بۆ ئەمساڵیش هەرێمی کوردستان چالاکتر لە ساڵانی پێشوو لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری بەشدار بوو.

لێدوانە فەرمییەکان: هێمن لهۆنی، راوێژکار و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای راگەیاند: "مەسرور بارزانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدان، بەتایبەت دوای ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر هەولێر و گیانلەدەستدانی ئەو سەرمایەدار و خێزانە بێتاوانەی لێکەوتەوە. لەو کاتەدا گرنگ بوو سەرۆکوەزیران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە قسە بکات. توانی چەندین دیداری گرنگ لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی ئەنجامبدات، لە هەموو دیدارەکانیش پەیامی پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە. ئەوە پەیامێکی گرنگ بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەن سەقامگیری هەرێمی کوردستان بپارێزرێت".

بابەتە ستراتیژییەکان: لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا پەیامی سەرۆکوەزیران بارزانی زۆر روون بوو کە هیچ کاتێک لەگەڵ گرژی نییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هیچ کەس و لایەنێک، نە لە ناوخۆ و نە لەگەڵ دەرەوە، دەیەوێت ئەو دیدگایەی هەیەتی بۆ داهاتووی کوردستان جێبەجێی بکات، کە بریتییە لە گەشەپیدانی ئابووری و پشتیوانی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت و چاکسازی لە هەموو کەرتەکان.

زانیاری زیاتر: بە گوتەی هێمن لهۆنی، پەیامێکی دیکە کە لە کۆڕبەندەکە و کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران دووپاتکراوەتەوە، بریتیبووە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بێت.

گۆشەیەکی دیکە؛ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ماڵی کوردستان لە داڤۆس کرایەوە. کردنەوەی ماڵەکە بۆ زیاتر ناساندنی کولتووری کوردستان، خستنەڕووی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیکردن، رەخساندنی دیدار و کۆبوونەوە بوو لە نێوان سەرمایەدارانی کوردستان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان.

خاڵە ئەرێنییەکان: هێمن لهۆنی کە سەرپەرشتی ماڵی کوردستانی دەکرد، بۆ ئاڤا میدیا گوتی: شاندی سەرمایەداران توانییان چەندین دیداری گرنگ لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدەن. خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا چەند گرێبەستێک لە نێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کراون. بەدڵنیاییەوە هێنانی سەرمایەی بیانی بۆ کوردستان دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و پشتیوانییەکی گەورە بۆ وەبەرهێنان".

‎لەبارەی ژمارە و جۆری گرێبەستەکان، هێمن لهۆنی لە وتارێکدا لەبارەی ئەنجام و دەستکەوتەکانی داڤۆس نووسیویەتی: "چوار گرێبەست و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکان کراون، کە تەنیا یەکێکیان دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ 1500 گەنجی کوردستان".

ئاماژەی بەوەش کردووە لەگەڵ قەتەر نزیکبوونەوەی باش کراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە داڤۆس رێککەوتوون بەم نزیکانە شاندێکی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە سەردانی هەولێر بکەن. هاوکات لەگەڵ ئاژانسی وەبەرهێنانی قەتەریش لە ماڵی کوردستان رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان، کە کاریگەری زۆر گەورەی دەبێ بۆ کوردستان و عێراق.

کاریگەری و لێکەوتەکان: سەرمایەداران خۆشحاڵ بوون بە بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە و، لە نزیکەوە ئەو پەیامەیان لە سەرۆکوەزیران بیست کە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتە سەرمایەداران بەشێک بن لە بڕیاردان بەتایبەت داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان. لە سەردانێکیدا بۆ ماڵی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرمایەدارانی کورد، مەسرور بارزانی جەختیکردەوە نابێت پرسە ئابوورییەکان تەنها لە لایەن سیاسییەکانەوە بڕیاریان لێبدرێت.

ئەو مانایەی دەگەیەنێت: بە جەختکردنەوە لەوەی پێویستە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و کەسانی پسپۆڕی ئابووری بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان، هێمن لهۆنی زیاتر گوتی: "سەرۆکوەزیران بە کرداری هەنگاوی ناوە و بانگهێشتکردنی سەرمایەداران لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بۆ داڤۆس، یەکێک لە هەنگاوەکان بوو".


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ماڵی کوردستان لە شەقامی سەرەکی داڤۆس، لەپاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە (عێراق ماڵی نەبوو)، لە ماوەی چوار رۆژی کۆڕبەندەکەدا بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی جۆراوجۆر یەکێک لە ماڵە هەرە قەرەباڵغەکان بوو.

پڕۆژەی گەورەتر: وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کردنەوەی ماڵی کوردستان لە داڤۆس هەنگاوێکی ڕچەشکێن و، وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ بەشداریکردنی کوردستان لەم کۆڕبەندە گەورەیەی جیهان، وەڵامی ئەم پرسیارەشی دایەوە بۆچی ماڵی کوردستان لە ماڵە هەرە قەرەباڵغەکان بووە: “دەرفەتی وەبەرهێنان و بازرگانیکردن لە ماڵی کوردستان خرابوونەڕوو، بۆیە خەڵکێکی زۆر و چەندین کۆمپانیای عەرەبی و ئاسیایی و وڵاتانی دیکەش سەردانیان کرد و، لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەبارەی ئەو دەرفەتانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ پڕۆژەیەکی گەورەتر، پەنا بەخوا ساڵانی داهاتوو گەورەتری دەکەین".


دەستکەوتەکان: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی چالاکییەکانی، راگەیەنراوێکی لەبارەی بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە چوار دەستکەوتی گرنگ کرد: چیرۆکی کۆڵنەدانی کوردستانمان گێڕایەوە، کۆمپانیا ناوخۆییەکانمان بە جیهان ناساند، پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر کرد، ئەو چەواشەکارییانەشمان ئاشکرا کرد کە بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان باس دەکران.


باکگراوند: لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران بارزانی لە داڤۆس بوو، سوپای پاسدارانی ئێران بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند شوێنێکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، یەکێک لەو شوێنانەش کە پێنج مووشەکی بەرکەوتن، ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناوداری کوردستان بوو، کە بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش برینداربوون. هێرشەکە لەسەر ئاستی عێراق و جیهان کاردانەوەی لێکەوتەوە و چەندین وڵات سەرکۆنەیان کرد. هەروەها هێرشەکە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەرۆکوەزیران بارزانی بوو لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی وڵاتان لە داڤۆس.

شەیری بکە لە: