بۆنی بارووت دێت؛ ململانێی ئێران و ئیسرائیل دەچێتە قۆناغێکی نوێ

شەیری بکە لە:
بۆنی بارووت دێت؛ ململانێی ئێران و ئیسرائیل دەچێتە قۆناغێکی نوێ

دیمەنێک لە باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل، سەرچاوە: ڕۆیتەرز

ئاڤا نیوز

ژمارەی كوژراوانی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق بۆ 16 كەس بەرزبووەوە، ئێران هەڕەشەی تووند لە ئیسرائیل و ئەمریكا دەكات، ئەمریکاش هۆشداری دەدات و ڕەنگە هەسەدەش تێوەبگلێت.

 

وێنە گەورەكەیەكەمجارە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ئیسرائیل هێرشی مووشەكی بكاتە سەر ناوەندێكی دانپێدانراوی ئێران لە دەرەوەی وڵاتەكەی، ئیسرائیل بە شەش مووشەكی زیرەك باڵیۆزخانەكەی لە سووریا لەگەڵ زەوی  تەخت كرد، ئێران دەڵێت تۆڵەیەكی تووند و كەمەرشكێنیان دەبێت و پێدەچێت ئەمریكاش گورز بخوات.

لێدوانە فەرمییەکان:

- ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بۆ ئاڤا نیوزژمارەی کوژراوان بۆ 16 کەس بەرزبووەتەوە؛ هەشت ئێرانی، پێنج سووری، یەک لوبنانی کە سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانین ئەوە جگە لە دوو هاووڵاتی مەدەنی .

- دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: لە هەر شوێنێك سوپای پاسداران ببێتە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل ڕووبەڕووی دەبینەوە.

- عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران: ئیسرائیل پەشیمان دەكەینەوە لەو كارەی كردوویەتی، دەبێت چاوەڕێی گورزێكی كەمەرشكێن بێت.

 

- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران: بەئامانجگرتنینامەردانەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەمان لە دیمەشقبێ وەڵام نابێت. 


درێژەی ڕاپۆڕتەکە بخوێنەوە:

ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریكا ڕادەكێشێت

گەورە بەرپرسانی ئێران دەڵێن: "ئەمریكا لەپشت هێرشەكەی ئیسرائیل بووە بۆ سەر باڵیۆزخانەكەمان، ئەمە هەڕەشەیەكی گەورەیە و پێویستە ئەمریكا بزانێت هاوكاریكردن و هەڵكردنی گلۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵەیەكی كوشندەیە".

هێرشەكان دەستپێدەكەنەوە؟

پێدەچێت ئەم قسانەی ئێران هۆكارێك بن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هێرشی گرووپە چەكدارە نزیكەكانی ئێران لە سووریا و عێراق، هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکەنەوە.

ئەمریكا هۆشداری دەدات

مانگێك زیاترە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق و سووریا هیچ هێرشێكیان نەكردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا، واشنتن لەڕێگەی جۆن كێربییەوە دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك دەستیان نەبووە لە هێرشەكەدا و ئاگادارای نەبوون.

هەسەدە بێبەش نەبووە

هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن  ئەندامێكی هەسەدە لە هێرشەكەدا كوژراوە، هەروەها هەسەدە ماتەمینی گەیاندووە بە ئێران لەسەر ئەو پرسە، ئەمە زانیاری سەرچاوەیەكی تایبەتە بۆ میدیاكانی ئێران.

سوپای پاسداران ژمارەی کوژراوان پشتڕاست دەکاتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە، حەوت لە ئەندامیان لە نێویاندا فەریق محەمەد ڕەزا زاهیدی و فەریق محەممەد هادی حاجی ڕەحیمی كوژران. زاهیدی تەمەن (63 ساڵ) فەرماندەی سوپای قودس بووە لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین.


ئێران و ئیسرائیل دەچنە شەڕێکی ڕاستەوخۆ؟

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی لە سووریا ئەنجامداون و بەشێوەیەکی سەرەکی ئامانجەکانی ئێران و حیزبوڵڵا بووە، لەوانە کۆگای چەک و تەقەمەنی.

 

ئیسرائیل بە دەگمەن ئەم هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە ڕووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە کە دژی ئیسرائیل دەجەنگن لە هەرشوێنێكی دوونیادا بێت.

ئێران هەمیشە گوتوویەتی نایەوێت شەڕێكی ناوچەیی لەگەڵ ئیسرائیلدا بكات، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ هاوكاری گرووپە چەكدارەكانی كردووە، لە لوبنان و عێراق و یەمەن و سووریاوە هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل و ئەمریكا.

ئەگەری شەڕ هەیە

هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن ئێران لە نزیكترین كاتتدا گورزی كەمەرشكێن لە ئیسرائیل دەدات، لەوانەشە ئەمریكا بەر ئەم هێرشە بكەوێت. پێشوەختەش ئیسرائیل و ئەمریكا بەتەواوەتی چاویان لە ئێران سووركردوەتەوە و پێیان گوتووە هیچ هەڵەیەك قبوڵ ناكەن، ئێران بۆ پاراستنی شكۆی خۆی وەڵامی دەبێت، ئەگەر وەڵامەكەش بەهێز بێت، ئەمریکا و ئیسرائیل وەڵام دەدەنەوە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: