ئەردۆغان  لە عێراق باسی پەكەكە و نەوت و ئاو دەكات

شەیری بکە لە:
ئەردۆغان  لە عێراق باسی پەكەكە و نەوت و ئاو دەكات

محەممەد شیاع سوودانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

ئاڤا نیوز

 

لە مانگی نیسانی 2024 دا ئەردۆغان سەردانی واشنتن دەکات و جۆ بایدن دەبینێت، پێش ئەو وادەیەش سەردانی عێراق دەکات، پەکەکە و نەوت و ئاو دۆخی ئەمنی سووریا و ناوچەکە بەشێکی ناوەڕۆکی سەردانەکە دەبێت. 

 

وێنە گەورەکە: لەو کاتەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بووە بە سەرۆکی تورکیا، ئەمە یەکەمین سەردانیەتی بۆ کۆشکی سپی و دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکا بکات، پێش ئەوەش سەردانی عێراق دەکات، بەشێک لە ناوەڕۆکی سەردانەکەی پەیوەستە بە پرسی کورد و ئۆپەراسیۆنەکان دژی پەکەکە و ئایندەی سووریا و پرسی گاز و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و کێشەی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، پێدەچێت گفتوگۆ لەسەر چەند  پڕۆژەیەکی گەورە بکات ، لەکاتێکدا ئەنقەرە لەهەوڵی زیادکردنی هاوکارییەکاندایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە.

 

هاکان فیدان ئامادەکاری کردووە

 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان ، ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەکات. پرسی ڕووبەڕووبونەوەی پەکەکە و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیا وهەروەها دروستکردنی پشتێنەی ئەمنیی  بەشێکی گرنگی سەردانەکە دەبن، یەکێکی دیکە لە ئامانجی سەردانەکە بریتییە لە بەستنەوەی بەندەری بەسڕە بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپاوە.

 

پەکەکە و ئاو


چەندین جار تورکیا باسی لەوەکردووە کە لەم هاوینەدا کۆتایی بە مەترسییەکانی پەکەکە لەسەر تورکیا دەهێنێت، پەکەکە بارەگای سەرەکی لە ناوچەکانی باشوری کوردستانە کە دەکەونە خاکی عێراقەوە، بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەش تورکیا زۆر پێویستی بە عێراقە، ئەگەر عێراق هاوکاری تورکیا بکات، لە بەرامبەردا پێدەچێت تورکیا  کەمێک لەو بەربەستانە کەم بکاتەوە کەلەسەر ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات دروستیکردوون.

 

بابەتی ئەمنیی


سەرەتای ئەم مانگە، لە دوایین دانوستانە باڵاکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و عێراق کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، حکومەتی عێراق بە فەرمی پەکەکەی قەدەغە کرد، فیدان ڕایگەیاند وڵاتەکەی کار لەسەر ڕێککەوتنێکی دوولایەنەی گشتگیر دەکات بۆ بەدامەزراوەییکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا، کە بڕیارە لە سەردانەکەی ئەردۆغان واژۆ بکرێت.

 

"ئەنقەرە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێککەوتنەکە دامەزراندنی ناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەش دەگرێتەوە بۆ هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی  پەکەکە." فیدان وای گوت.

 

عێراق دوودڵە


پێدەچێت بەغدا دوودڵ بێت لە دروستکردنی ئەو ناوەندە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوامە.

 

بە گوتەی مەهمەت ئەلاجا، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەر، لە کاتێکدا قەدەغەکردنی پەکەکە چەند سودێک بە ئەنقەرە دەبەخشێت، بەغداش خۆی لە گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش لە دژی ئەو گرووپە چەکدارە دەپارێزێت.

 

قەدەغەکردنی پەکەکە لەلایەن بەغداوە، بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەکان دژی پەکەکە، ئەمەش شتێک نییە کە تورکیا بە هەر شێوەیەک بێت چاوەڕێی بکات، بەڵام هەلێکە بۆ ئەنقەرە بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی ئۆپەراسیۆنەکە بکات.

 

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پەکەکە


فیدان هەفتەی ڕابردوو بە ئاماژەدان بە” پارێزگایەکی باکووری عێراق “کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، گوتی: "دۆستەکانمان لە سلێمانی پێویستیان بە چاککردنەوەی هەڵەکانیان هەیە".  لە کاتێکدا تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخستووە بەهۆی "چڕبوونەوەی  چالاکییەکانی چالاکییەکانی ڕێکخراوی پەکەکە لە سلێمانی.

 

بۆری نەوت و گرژییەکانی هەولێر و بەغدا


هیچ پێشکەوتنێک نییە لە کردنەوەی بۆری نەوتی تورکیا  کە زیاتر لە ساڵێکە داخراوە، تورکیا خۆی لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە گرژییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدوور دەگرێت.

 

ئاو

سەردانەکەی ئەرۆدغان بۆ عێراق دەبێتە هۆکاری ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە، بەڵام هەرگیز چارەسەری بنەڕەتی ئەم کێشەیە ناکات، چونکە تورکیا نایەوێت بەتەواوەتی دەسبەرداری ئەو کارتە ببێت.

 

لەڕاستیدا دیجلە و فوڕات تەنها کێشەکەیان کۆماری تورکیا نییە، بەڵکو هۆکارە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەو دوو ڕووبارە هەیە، چونکە ئەگەر تورکیا بەشی پیویستیش بەربداتەوە، هێشتا گۆڕانەکانی کەش و هەوا کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕووبارانە ئەوەندە زۆرە مەزەندە ناکرێت.

 

بازرگانییەکی جیاواز و سەردانێکی گرنگ

 

پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە بە کەناڵی” وشک” ناسراوە، پێدەچێت یەکێکی دیکە لە گرینگترین تەوەرەکانی سەردانەکەی ئەردۆغان بێت بۆ عێراق. ئامانجی پڕۆژەکە بەستنەوەی بەندەری گەورەی فاوە لە نزیک کەنداوی فارس بە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست لە تورکیا و دواتر بە ئەوروپا لە ڕێگەی تۆڕی نوێی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانەوە.

 

ئەنقەرە و بەغدا لە چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی دەوروبەری دەریای سوور و کەناڵی سوێس کە بەهۆی شەڕی غەززە و هێرشەکانی حووسییەکان لە یەمەنەوە دروست بووە، دەستیان کردووە بە تاوتوێکردنی جددیتر، مەبەست لەم پڕۆژەیە بۆ باشترکردنی ژێرخانی گواستنەوەی عێراق و دابینکردنی دەستڕاگەیشتنێکی سەلامەتە بۆ تورکیا بۆ هیندستان و زەریای هێمن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: