هەشت منداڵی تازە لەدایکبوو بەناوی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی کران

شەیری بکە لە:
هەشت منداڵی تازە لەدایکبوو بەناوی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی کران

سێ لەو منداڵەی بە ناوی پێشڕەو و ژینای کچی کراون

ئاڤا دیجیتاڵ

 

مردنە خەمناکەکەی پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی، کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا، بووە سەردێڕی هەواڵەکان. ئەمڕۆ و دوێنێ لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر، هەشت منداڵ ناونراون پێشڕەو و ژینا. 

 

چیرۆکە سەرەکییەکە: شەوی دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر هەولێر و سێ مووشەک بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی کەوتن، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی خۆی و ژینای کچی، خێزان و دوو کوڕیشی بریندار بوون. 

 

لێدوانی فەرمی: "ئەمڕۆ و دوێنێ لە هەولێر هەشت منداڵ بە ناوی پێشڕەو و ژینای کچیەوە ناونراون". د. شادان شێروان، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر بۆ ئاڤا میدیا وای گوت.

 

گوتیشی "پێنج کچ بەناوی ژینا و سێ کوڕیش بەناوی پێشڕەوەوە کراون" بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر بۆ ئاڤا میدیا وای گوت.

 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: مامگرد حەسەن، پێشمەرگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانییە و دانیشتووی سنووری قەزای ئاکرێیە. کە منداڵەکەی لەدایک دەبێت، لە میحوەری خازر لە ئەرکدا دابووە و کەسوکارەکەی ئاگەدارتی دەکەنەوە ئەویش ناوی لێ دەنێت، پێشڕەو.

 

ئاڤا میدیا پەیوەندی بە مامگرد حەسەن کرد و هۆکارەکەی لێ پرسی، ئەویش گوتی: "بۆ ئەوەی دوژمنانی کورد بزانن، گەر پێشڕەوێک شەهید بکەن، ڕۆژانە سەدان پێشڕەوی دیکە لەدایک دەبن".

 

باكگراوند: كاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەكی بالیستیكی هێرشی كردە سەر چەند شوێنێکی مەدەنی لە هەولێر، لە ئەنجامدا بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و شەشی دیكە برینداربوون. دووان لەوکەسانەی گیانیان لەدەستدا، پێشڕەو دزەیی، بازرگانیی بەنێوبانگی هەولێر و کچەکەی بوون.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان