بۆچی سەركەوتنی ئاكپارتی لەئیستانبووڵ گرنگە بۆ ئەردۆغان؟

شەیری بکە لە:
بۆچی سەركەوتنی ئاكپارتی لەئیستانبووڵ گرنگە بۆ ئەردۆغان؟

دیمەنێكی ئیستانبووڵ- وێنە: ڕۆیتەرز

ئاڤا نیوز 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئیستانبووڵ بە شاری خۆی دەزانێت، دەیەوێت قەرەبووی شکستەکەی 2019ی بکاتەوە و ئیستەنبووڵ بەدەست بهێنێتەوە.


بۆچی گرنگە: هێزی ئەردۆغان و پارتەکەی لە ئیستانبووڵە، بە بەدەستهێنانی گەورە شارەوانی ئیستانبووڵ داهاتووی ئاکپارتی کورسی سەرۆکایەتی بۆ ئەردۆغان گەرەنتی دەکرێت.   


چیرۆکی سەرەکی: ئیستانبووڵ لە دڵی ئەردۆغاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، نەک هەر شوێنی لەدایک بوونیەتی، بەڵکو ئەو شوێنەشە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تێیدا دەستی بە کاری سیاسی کردووە، کاتێک بەرپرسی لقی لاوانی حزبێکی ئیسلامی بووە لە قەزای بیئۆغڵو، ئەردۆغان لە گەرەکی قاسم پاشا گەورە بووە کە تایبەتە بە چینی کرێکارن.


ئەوەی لە بارەیەوە دەگوترێت: ئیحسان ئاکتاش لە بەشی پەیوەندییەکان لە زانکۆی ئیستانبووڵ دەڵێت: کەسایەتی ئەردۆغان پەیوەستە بە ئیستەنبووڵەوە.


ئەردۆغان بەرلەوەی سەرۆک بێت چ کارێکی دەکرد؟


ئەردۆغان لەسەر شەقامەکانی ئیستانبووڵ گەورە بووە، پێشتریش بە فرۆشتنی بتڵی ئاو و "سیمیت" (سەمونی ئەڵقەیی بە کونجی) لە یاریگاکانی تۆپی پێ لە قاسم پاشا و لە ناحیەی مێژوویی ئیمینو بژێوی ژیانی دابین دەکرد.


چۆن بوو بە سەرۆککۆماری تورکیا؟


دواتر لە ڕێگەی پلە سیاسییەکانی ناو پارتێکی ئیسلامییەوە بەرزبووەوە کە ئەوکات ئەندامی ئەو حزبە بوو، بووە سەرۆکی شارەوانی ئیستانبووڵ، دواتر سەرۆکوەزیران و دواجاریش بوو بە سەرۆککۆماری تورکیا.

 

شکستە گەورەکەی ئاکپارتی


ئیستانبووڵ شوێنی لەدایکبوونی ئەردۆغانە، دۆڕاندنی ئیستانبووڵ بە ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2019 "بۆ ئەردۆغان وێرانکەر بوو"، لەبەر ئەوەی، شکستی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 کۆتایی بە دەسەڵاتی 25 ساڵەی ئاکپارتی و ئیسلامییەکانی پێش خۆی هێنا.


ئەردۆغان دەیەوێت ئیستانبووڵ بەدەست بهێنێتەوە


لەم هەڵبژاردنەدا، ئاکپارتی دەیەوێت قەرەبووی شکستە گەورەکەی 2019 بە جەهەپە بکاتەوە و ئەو شارە بەدەست بهێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئەنجامی زۆربەی ڕاپرسییەکاندا وا دەردەکەوێت ئەکرەم ئیمام ئیۆغلوی ڕکابەرەکەی دووبارە ئیستانبووڵ بباتەوە.کە ئەمەش هیوایەکی گەورە بە ئیمامئۆغلو دەدات بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2028.


ئیستانبووڵ وێنە گەورەکەی تورکیا


ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە گەورەیە 16 ملیۆن کەسە، یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ئەو وڵاتەیە کە نزیکەی 85 ملیۆن کەسن. دەنگدەرەکانی هەمەچەشنن، لە پاشخانی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و ئابووری جیاوازن، ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری تورکیادا هەیە. 


کاریگەریی ئیستانبووڵ 


ناوەندی ئابووری سەرەکی تورکیایە و بەشدارییەکی بەرچاوی لە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەدا هەیە. کۆنتڕۆڵکردنی ئیستانبووڵ واتە کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئابوورییەکانی تورکیا، لەوانەش بازرگانی و گەشتیاری و دارایی.


تاقیکردنەوەیەک بۆ ئیمامئۆغڵو


هەرچەندە ئەردۆغان، موراد کوروم وەزیری پێشووی ژینگە و شارسازی بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد ، بەڵام کێبڕکێکە بە شەڕی نێوان ئیمامئۆغڵو و ئەردۆغان دادەنرێت. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تەمەن 53 ساڵ، پێشتر بازرگان بووە و وەک سەرۆکی شارەوانی ناوچەی بەیلیکدوزوی  ئیستانبووڵ بەرزبووەوە.


ئەو وەک گەورەترین ڕکابەری ئەردۆغان لە ماوەی دەیان ساڵدا سەیر دەکرێت، چونکە هیچ کام لە بەربژێرەکانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن هەرگیز نەیانتوانیوە شکستی پێبهێنن.


خواستی ئیمامئۆغڵو بۆ سەرۆککۆماری 


ئیمامئۆغلو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا لە 24ی ئاداردا پرسیاری لێکرا کە ئایا لە 2028 بەشێوەیەکی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید دەکات، گوتی: ئێستا هیچ سوودێکی نابێت کە لێدوان لەسەر شتێک بدەین کە چوار ساڵی تر ڕوودەدات.


بە بانگەشەکردنی پرسی بووومەلەرزەکەی ئیستانبووڵ


ڕووداوی بوومەلەرزەکەی ئیستانبووڵ ترسێکی زۆری لەلای خەڵکی ئەو ولاتە درووست کردووەو بەربژێرەکانیش ئەو پرسە وەک بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەقۆزنەوە. ئەمە لە دوای ئەو هۆشدارییە دێت کە شارەزایانی بواری بوومەلەزرە هۆشداریاندا لەوەی لە هەر ساتێکدا بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر  ڕووبدات، پێویستە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی هەموو ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی.


ڕۆژی یەکشەممە،31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بە بەشداری 34 پارتی سیاسی دەستپێدەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: