نرخی نەوت وەک پێشوو کاریگەریی لەسەر سیاسەتی جیهان ماوە؟

شەیری بکە لە:
نرخی نەوت وەک پێشوو کاریگەریی لەسەر سیاسەتی جیهان ماوە؟

سەكۆی كێڵگەیەكی نەوتی ناو دەریا لە سعودیە- وێنە: بلومبێرگ

ئاڤا نیوز


وڵاتانی بەرهەمهێنەرانی نەوت بە سەرۆکایەتی  ئۆپێک و ئۆپیک پڵەس،  ئاواتەخوازبوون کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لە کۆتایی ساڵی 2024 ەوە بە تێکڕا بۆ 95 دۆلار بەرزبێتەوە، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا نرخەکان لە 85 دۆلار تێنەپەڕاند، ئەمەش مەترسی ئابووری دروستدەکات.


وێنە گەورەکە: نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 83 دۆلار و 37 سەنتە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە 79 دۆلار، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک لە ساڵی 2022دا 98 دۆلار بوو،کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوت، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کەمکردنەوەی ناچاری بۆ 24 ئەندامەکەی بە بڕی 3.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێبەجێکرد، کە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2022 دەستیپێکرد و تا کۆتایی ساڵی 2024 بەردەوامە.


کەمکردنەوەکە بێسوود بوو


سەرەڕای کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، نرخی نەوت کاردانەوەی نەبوو وەک هاوپەیمانانی ئۆپیک هیوایان بۆ دەخواست، ئێستا تێکڕای خواست لەسەر نەوتی خاو لە جیهاندا 103 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا  لە ساڵی  2023 دا 102 ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشبینییەکان لە ساڵی 2024 دا خواست لەسەر نەوتی خاو بگاتە ئاستی 104 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.


سیاسەتە جیهانییەکان و کاریگەرییان لەسەر نەوت


 لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2023ەوە، زۆرینەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا، سزاکانیان بەسەر ڕوسیادا جێبەجێکرد کە داوایان لێدەکرد هاوردەکردنی نەوت ڕابگرێت بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە.

کاریگەریی شەڕ: لە سەروبەندی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، تێکڕای خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاوی ڕووسیا گەیشتە پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکەش بەشێوەی وەرگیراوی یەدەگکراو.


کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت: لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کەمکردنەوەی بڕی 3.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام ڕاگەیاند، کە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری 2022 دەستیپێکرد و تا مانگی کانوونی دووەمی 2024 بەردەوامە.


کەمکردنەوەی ناچاری: تا مانگی تەمموزی 2023، ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بە سەرۆکایەتی سعودیە و ڕووسیا، جگە لە کەمکردنەوەی ناچاری دەستیان بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانە کرد، بە کۆی گشتی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.


قەیرانی دەریای سوور: لە تشرینی دووەمی 2023ەوە حووسییەکان لە دەریای سوور هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر کەشتییە بارهەڵگرو سەربازییەکان ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابووری جیهان گەیاند.


لە دەریای سوورەوە ئاڵووگۆڕی نەوت ٪10ی تەواوی ئاڵوگۆڕی جیهان پێکدەهێنێت، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرزبوونەوەی  نرخی نەوت نەبووە.


ڕووسیا سزاکانی ڕۆژئاوای تێپەڕاند: مۆسکۆ ڕایگەیاند کە سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوتەکەی کاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنان یان هەناردەکردنی نەبووە، ئەوەش بە ڕاگەیاندنی واژۆکردنی ڕێککەوتنی دابینکردنی نەوت لەگەڵ چین و هیندستان کە لە پلەی گەورەترین و سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوتدان.


بە شێوەیەکی ئاسایی تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ڕووسیا نزیکەی 10.5 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی ناچاری و خۆبەخشانە، ژمارەکە دابەزی بۆ نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.


 خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چین: لە سەرەتای مانگی شووباتی ڕابردوودا، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی ئەوەی دەکرد کە خاوبوونەوەی ئابووری چین لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە زەبەلاحە بە لاوازی بەرهەمهێنان و پیربوونی دانیشتووانەوە دەناڵێنێت.

ئابوری چین لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 5.2% گەشەی تۆمارکردووە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، یەکێکە لە کەمترین ڕێژەی گەشەسەندن لە ماوەی نزیکەی 25 ساڵدا.


خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چین لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی قەرزی کەرتی خانووبەرەدا دێت، ئەمە جگە لە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و لاوازی خواستی جیهانی، هاوکات پەکین بە دووەم گەورەترین بەکارهێنەری نەوتی خاو دادەنرێت لەدوای ئەمریکاوە، بە تێکڕای ڕۆژانە لە 14 ملیۆن بەرمیل.


 زیادبوونی بەرهەمی ئەمریکی: بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا ساڵی ڕابردوو بەرزبووەوە بۆ ئاستێکی مێژوویی نوێ، ئەمەش بەشداربوو لە بەرزبوونەوەی فشارەکانی نرخی نەوتی خاو.


مانگی شووباتی ساڵی ڕابردوو، ئیدارەی زانیاریی وزە لە ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ کە 13.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.


بەرهەمهێنان بە بەراورد بە ژمارەکانی ساڵی 2022 لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل زیادی کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەشێکی قەرەبووی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دەکاتەوە کە هاوپەیمانی ئۆپێک جێبەجێی کردووە.


نەوت دەگۆڕێت و شەڕیش بەردەوامە


نرخی نەوت بەبەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدایە، ئەمریکا لە ناوچەکەدا سیاسەت بە نەوتەوە دەکات ڕووسیا و چینیش بەهەمان شێوە، وڵاتانی جیهانی سێیەم لەبەردەم کێشمەکێشێکی گەورەدان، هەرچەندە دەیانەوێت بە نەوت سیاسەت بکەن، بەڵام ڕووسیا و چیین رێگرن لە هەناردە و هاوردەکردنی ئەمەش وایکردووە نرخەکەی کاریگەری لەسەر ئاڵۆزییە خۆجێیەکان و جیهانییەکان نەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: