سەرۆک بارزانی: دەستبەرداری دۆزی ڕەوای گەلەكەمان نابین

شەیری بکە لە:
سەرۆک بارزانی: دەستبەرداری دۆزی ڕەوای گەلەكەمان نابین

ئاڤا دیجیتاڵ


سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند " هەرگیز لەگەڵ گرژی و ئالۆزی و تێكچوونی پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێك نین بە پێچەوانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان هاوسەنگ و دۆستانەبن، ئاماژەشی بەوەدا بەمجۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێ بەڵكو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت"، باڵیۆزی بەریتانیاش لەعێراق ڕایگەیاند " نابێت عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێنە گۆڕەپانی توندوتیژی وڵاتانی ناوچەكە".


چیرۆكە سەرەكییەكە: ڕۆژی چوارشەممە 17-1-2024 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا، باڵیۆزی بەریتانیا بە سەرۆك بارزانی راگەیاند "سەردانەكەیان بۆ گەیاندنی هاوسۆزی  و پشتیوانیی وڵاتەكەیە بۆ خەڵك و هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەو پەلامارە بێ پاساوانەی كە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاندە سەرۆك بارزانی بۆ شەهیدبوونی چەند هاوڵاتیەكی سڤیل لەو ڕووداوەدا.


لێدوانی فەرمیی: "بەریتانیا ڕێز لە پاراستنی یەكپارچەیی و سەروەری خاكی عێراق دەگرێت و نابێت عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێنە گۆڕەپانی توندوتیژی وڵاتانی ناوچەكە و پێویستە عێراق و وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروەری خاكی یەكتر بگرن" باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق وای گوت.


لە لایەكی دیكەوە: سەرۆك بارزانی "سوپاسی پشتیوانی و هاوسۆزی و هاوخەمیی باڵیۆز و حكومەتی بەریتانیای كرد، بەناوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی شەهید و قوربانیانی كارەساتەكەی هەولێر، هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی دۆستانە و بەهێزی هەرێمی كوردستان و عێراقین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش". 


سەرۆك بارزانی رایگەیاند "ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدان كرایە سەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێكی گەورە بوو لە گەلی كوردستان كرا و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بوو، بەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێ بەڵكو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت".


لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا " هەرگیز لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزی و تێكچوونی پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێك نین بە پێچەوانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان هاوسەنگ و دۆستانەبن، بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لەلایەن هیچ وڵاتێك و دەستبەرداری بەها بەرز و پیرۆزەكانی خۆمان و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان نابین لە ژێر هیچ فشار و پەلامارێكدا".


باكگراوند: درەنگانی شەوی دووشەممە 15-1-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەكێكی بالیستی هێرشی كردە سەر هەولێر و چەند ناوچەیەكی مەدەنی كردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج كەس گیانیان لەدەستداو شەش كەسیش برینداربوون.

شەیری بکە لە: