زانیاریی نوێ لەبارەی ڕەوشی بریندارانی ماڵی پێشڕەو دزەیی

شەیری بکە لە:
زانیاریی نوێ لەبارەی ڕەوشی بریندارانی ماڵی پێشڕەو دزەیی

ئاڤا دیجیتاڵ


وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دواین زانیاری لەسەر رەوشی بریندارانی هێرشە مووشەكییەكەی ماڵی پێشڕەو دزەیی بڵاودەكاتەوە، سێ لە بریندارەكان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات و دوو برینداری دیكە چوونەتە نەخۆشخانەیەكی تایبەت.


چیڕۆكە سەرەكییەكە: كاتژمێر 11:22ـی شەوی دووشەممە 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران ناوچەیەكی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان كرد، یەكێك لەو شوێنانە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری دیاری هەولێر بوو لە ڕێگای پیرمام، بەهۆیەوە خۆی و كچێكی تەمەن 11 مانگ، سەرمایەدارێكی عێراقی هاوڕێی و خزمەتگوزارێكی گیانیان لەدەستدا (خزمەتگوزارێكیشی تاوەكو ئێستا بێسەروشوێنە)، شەش كەسیش برینداربوون، كە پێكهاتوون لە هاوژینی و دوو كوڕی و چێشتلێنەرەكەی و دوو كارمەندی دیكەی.


بۆچی گرنگە: شەوی بۆردوومانەكە بریندارەكان گەیێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، برینی بەشێكیان سەخت بووە، دەستبەجێ نەشتەرگەرییان بۆكراوە، یەكێك لە بریندارەكان ئاسایی بووەتەوە و هەر ئەو شەوە ڕەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە، پێنج بریندارەكەی دیكەش سیانیان كە خانەوادەی پێشڕەو دزەیین(هانا جووتیار هاوسەر پێشڕەو دزەیی، ڕۆژ پێشڕەو دزەیی و ڕەوان پێشڕەو دزەیی) لەسەر داوای خانەوادەكەیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ئیمارات كراون، دوو كارگوزارە فلیپینییەكە(هەردووكیان لە ڕەگەزی مێینەن) لەسەر داوای خۆیان چوونەتە نەخۆشخانەیەكی تایبەت.


لێدوانی فەرمی: شەوی ڕووداوەكە شەش بریندار گەیێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا، ڕەوشی بەشێكیان ناجێگیر بووە، پێویستیان بە نەشتەرگەری هەبووە و بۆیان كراوە، بەشێكی دیكە پێویستی بە چاودێری چڕ هەبووە لەوێ ماونەتەوە، توانراوە لەلایەن تیمەكانی تەندروستییەوە لە دۆخی مەترسی ڕزگاركربكرێن، دواتر لەسەر داوای خۆیان سیانیان ڕەوانەی ئیمارات كراون، دوانیشیان چوونەتە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی شاری هەولێر، ئەمە گوتەی سەركار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ئاڤا میدیا.


باكگراوند: ڕۆژی سێشەممە 16-01-2024، تەرمی پێشڕەو دزەیی و كچەكەی ژینا پێشڕەو لە گۆرستانی باقرتە لە سنووری ناحیەی شەمامك بەخاك سپێردران، تەرمی بازرگانە ئیماراتییەكە و خزمەتگوزارە فلیپینییەكەش ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەكرێنەوە.

شەیری بکە لە: