ڕێککارەکانی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن

شەیری بکە لە:
ڕێککارەکانی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن

دیناری عێراقی. وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا میدیا

ئاڤا دیجیتاڵ

 

وادەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "لە دوای 20 ـی ئەم مانگەوە، ڕێککارەکان دەستپێدەکەن".

 

بۆچی گرنگە: لەگەڵ گەیشتنی پارەکە و گواستنەوەی بۆ سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە ڕادەگەیێنێت و دابەشکردنیی مووچە دابەش دەکرێت. بەغدا لە خەرجیی ڕاستەقینەی بودجەی ساڵی 2024، لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان پارەکە دەنێرێت و قەرز نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کورتهێنانی ئەو بڕە پارەیە تەواو دەکات و مووچەی مووچەخۆران دابەش دەکات.

 

چیرۆکە سەرەکییەکە: ڕۆژی یەکشەممە 14-01-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری ناردنی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دا.

بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕە پارەیە تاوەکو پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

 

لێدوانی فەرمی: "لەگەڵ وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق واتا لە دوای 20 ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، ڕێکارەکانی ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات". ئەمە گوتەی نەرمین مەعرووف، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاڤا میدیا بوو.

 

باکگراوند: ڕۆژی یەکشەممە 14-01-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری پارەدارکردنی هەرێمی کوردستانی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 دا، بڕەکەی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینارە و ئەم بڕەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، لە پشکی بودجەی خەرجیی ڕاستەقینەی ساڵی 2024 دەبێت.

شەیری بکە لە: