لە داهاتوودا کاری هاوبەش لە نێوان ئێران و تورکیا و عێراق دەبێت

شەیری بکە لە:
لە داهاتوودا کاری هاوبەش لە نێوان ئێران و تورکیا و عێراق دەبێت

ئاڵای عێراق، تورکیا و ئێران. گرافیک: ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

تورکیا بڕیاری "قەدەغەکردنی پەکەکە" لەنێو خاکی عێراق بە هەنگاوێکی گەورە و جددی دەبینێت بەرامبەر بە وڵاتەکەی، هەوڵەکانیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان بەردەوامە.

 

وێنە گەورەکە: هەرچەندە ئێستا تورکیا و ئێران کاری هاوبشیان هەیە، بەڵام لە داهاتوودا ئێرانیش دێتە نێو بازنەکەوە؛ کاری هاوبەش لە نێوان (عێراق - ئێران - تورکیا) لە سەرجەم بوارەکانی ئاسایش و ئابووری دەبێت.

 

لێدوانی فەرمی: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "عێراق و تورکیا گەشەیان بە پەیوەندییەکی ستراتیژیی گەورە داوە، کە سەرجەم بوارەکانی ئابووری، وزە و بازرگانی دەگرێتەوە، کاری لە پێشینەشمان گەشەپێدانی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەبێت". 

 

بۆچی گرنگە؟ لە ئەگەری هاتنە ناوەوەی ئێران بۆ بازنە ئەمنییەکە، تورکیا لە ڕووبەڕوونەوەی پەکەکە لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت.

 

 

عێراق ماوەی 20 ساڵە لەژێر هەڕەشە دایە
عێراق ماوەی 20 ساڵە سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە، لەم 5 ساڵەی کۆتاییشدا دۆخەکەی تا ڕادەیەک ئاسایی بووتەوە و دەتوانێت کارە سیاسییەکانی بکات. پەکەکە بە سوودوەرگرتن لەم دۆخە بە پاڵپشتی چەند لایەنێک سنوورەکانی لە عێراق فراوان کردووە.

 

تورکیا پاڵپشتی لە حکومەتەکەی سوودانی دەکات
تورکیا پاڵپشتی لە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەکات، بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی خاکی عێراق، کە خەڵکەکەی چەندین ساڵە بێبەشن لەو خزمەتگوزارییانە.

 

لە لووتکەی ئاسایشی عێراق - تورکیا باسی چی کرا؟
هاکان فیدان ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی بەغدای ئاشکرا کرد، لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد باس لەوە کراوە کە  لەرێگەی هێزە چەکدارییەکان و هەواڵگرییەکانیانەوە زۆر بە چڕی ڕووبەڕووی پەکەکە بینەوە.

 

لە داهاتوودا کاری هاوبەش لە نێوان ئێران، تورکیا و عێراق دەبێت
بەر لە ساڵی 2020یش میکانیزمێکی وەها هەبووە، دەیانەوێت لە داهاتوودا دووبارەی بکەنەوە بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری، بە حوکمی ئەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق کاریگەریی ئێرانی بەسەرەوەیە و لە نێوان هەرسێ  وڵاتیش کاری هاوبەش بۆ پارستنی سەقامگیری ناوچەکە پێویستە.

 

ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان چین؟
بەر لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵدەدەن ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی پەکەکە و بازرگانیی ئابووری لەگەڵ عێراق بخەنە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، لە کاتی سەردانەکەیدا ئەگەر پرۆسەی رێککەوتنەکان تەواو بووبێت، واژۆ لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەکرێت.

 

لە ئۆپەرسیۆنەکەدا عێراق چۆن هاوکاری تورکیا دەبێت؟
کاری هاوبەش لە نێوان بەرپرسانی ئەنقەرە و بەغداد هەیە، دەزگای هەواڵگرییەکانی هەردوولا لە پەیوەندیدان. بە هاوبەشی زانیارییە وردەکان کۆدەکەنەوە و کاری هاوبەشی لەسەر دەکەن.

 

پلانی ئۆپەراسیۆنەکە شنگالیش دەگرێتەوە
بۆ "پاککردنەوەی شنگال لە پەکەکە" لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی قسە کراوە و هەوڵ دەدرێت رێگەیەک بۆ ئەوە بدۆزینەوە.

 

سنووری نێوان عێراق و سووریا دادەخرێت؟
ئامانجی سەرەکیی داخستنی سنووری نێوان عێراق و سوریایە، بۆ ئەم پرسە بە وردی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر خەتن، تەنانەت تورکیا ئامادەیە بودجەی پێویست بۆ ئەمە تەرخان بکات، لەبەر ئەوەی پەکەکە سوود لە بۆشایی سنووری نێوان عێراق و سووریا دەبینێت، بۆیە دەیەوێت ئەو سنوورە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

 

سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان؟
پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان هاتووچۆ دەکات، هەرچەندە بەشێک لەو سنوورە تاوەکو ئاستێکی دیاریکراو کۆنترۆڵ کراوە بەڵام هێشتا ماوە و تورکیا دەیەوێت بەتەواوی کاری لەسەر بکات.

 

هێزی تورکیا بە تەنیا دەتوانێت ڕوووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە
تورکیا لەڕووی هێزی سەربازییەوە دەتوانێت روووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە و نایەوێت داوای هاوکاری سەربازی لە کەس بکات، ئەوەی بۆ ئەوان کێشەیە جوگرافیای ناوچەکە و پاڵپشتی لایەنەکانە.

شەیری بکە لە: