ئەمڕۆ 36 هەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە

شەیری بکە لە:
ئەمڕۆ 36 هەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە

دیمەنێكی هەڵەبجە لەكاتی جینۆسایدەكەدا- ئەرشیفی هەڵەبجە

ئاڤا نیوز


 16-3 ڕۆژێکی لەبیرنەکراوە، ئەمڕۆ 36 هەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار خەڵکی سڤیل شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون.


چیرۆکی سەرەکی: شەوی 15 لەسەر 16 ی ئاداری 1988 بۆردوومانی تۆپ و کاتیۆشای دوورهاوێژ بۆ ناو شار دەستیپێکرد، خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژانی پێشوودا شاریان جێهێشتبوو ، سەر لە بەیانی ڕۆژی 16ئاداری 1988 زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر شارەکە، بە مووشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد،دوای ئەو هێرشانە هەندێک لە خەڵکی شاریان جێهێشت، بەڵام بەشێکی زۆری مایەوە و لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان شاردەوە. کاتژمێر یازدەی پێش نیوەڕۆی 16ی ئادار بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم هێرش کرایە سەر شار و زۆرینەی ئەوانەی لە ژێرزەمینەکاندا بوون بەهۆی نیشتنی گازەکەوە خنکان، زۆرێکیش لەو خەڵکەی کە هەڵاتبوون بەهۆی ئەوەی هەستیان بە خنکان و بڵق و ئاوساوی و سووتانەوە دەکرد لە جەستەیان پەنایان بۆ ئاو و چەمەکان برد، بەڵام بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاو و سەرچاوەکان دووبارە ئەوەش بووە مۆڵگەیەکی مەرگ بۆ شەهیدانی کیمیابارانەکە. 

 

زانیاریی زیاتر: چڕترین بۆردوومانی کیمیایی لە کاتژمێر (5:20)ـی ئێوارەی 16ی ئادار دەستیپێکرد، تاوەکوو سەر لەبەیانی ڕۆژی 17ـی ئادار، 14 جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردمانی شارەکەیان کرد. تەواوی بۆردمانەکە بووە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 10 هەزار کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو ئێران و شاری سلێمانی و دەوروبەری، شارەکەش لەگەڵ زەوی تەخت کرا و خاپوور بوو. جیا لەوەش زۆرێک لە مەروماڵات و پەلەوەری ناوچەکە بەهۆی ژەهراویبوون و نەبوونی خواردنەوە قڕ بوون.

 

چەکەکان 


ئەو چەکە کیمیاییانەی بەکارهێنران بۆ تێکدانی مێشک و دەمار و خنکاندنی دانیشتوانی شارەکە بریتیبوون لە:
سارین  
سیانید  
فسفۆڕ
تابوون 
خەردەل
ڤی ئێکس  
گازی دەمارەکان


شایەتحاڵانی کارەساتەکە

 

شایەتحاڵانی کارەساتەکە دەڵێن هێرشەکان بۆنی سێوی لێهاتووە. کۆمەڵێک لە شەهیدەکان بەخێرایی گیانیان لەدەستداوە، بەشێکیشیان ماوەیەکیان پێچووە و تووشی کۆکە بوون و چاویان ئاوی کردووە و گیانیان سپاردووە. جیا لە خنکاندن، گازەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی بڵق، سووتان، تەنگەنەفەسی، کۆکە، کوێری و ڕشانەوەی ڕەنگ سەوز.


کاریگەریی


جیا لە شەهید و بریندارەکان، هێرشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر بەرکەوتووان جێهێشت و بووە هۆی لەبارچوونی دەیان منداڵ بە چەند ساڵێک دوای کارەساتەکە. پێش ئەم ڕووداوە لانی کەم 21 هێرشی دیکەی کیمیایی کرابووە سەر هاووڵاتیانی کورد. کارەساتی هەڵەبجە گەورەترین کارەساتی کیمیایی جیهانە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە.وڵاتانی دەرەوە و جیهان لەو ڕووداوە بێدەنگ بوون و دوای چەندین ساڵ وڵاتان لەسەر ئەو جینۆسایدەی بەسەر خەڵکی هەڵەبجە هات بە ئاگاهاتن.


ڕزگاربووانی ڕووداوەکە بە هاوکاری پێشمەرگە و ئێرانییەکان بەخێرایی زۆربەی شەهیدەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ناشت، دواتر کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بە بڕی 70 ملیۆن دۆلار هەستا بە گەیاندنی ئاوی پاکی خواردنەوە بە شارەکە.


کارەساتی تەندروستی


زیاتر لە 700 برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە شارەکە هەن، بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان لەدوای جینۆسایدی هەڵەبجە ڕێژەی لەبارچوون 14 ئەوەندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 ئەوەندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار ئەوەندە زیادیان کردووە. شێرپەنجەکانی تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی پێست و چاو و نەزۆکی و نەخۆشییەکانی زاوزێ بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە کە بەر کیمیابارانکردن کەوتوون زیاتر بوون.


گۆڕانی دیمۆگرافی


لە پێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (1987)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە کرابوو، گەیشتبووە   115 هەزار و 540 کەس کە لە شارەکە و 216 گونددا نیشتەجێ بووبوون. لە دوای جینۆسایدەکە تەنها 18  گوند مانەوە و 198 گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی  100%  لەناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.


ژمارەی شەهید و برینداران


سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە، تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە. بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووە و  بڕواشیان وایە کە چوار هەزار تا حەوت هەزار کەس لە هەڵەبجە خنکێنرابێت. ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە پێنج هەزار و 461 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە 12 هەزار و 800 کەس. لەگەڵ ونبوونی دەیان منداڵ و نەگەڕانەوەیان.

 
بە جینۆساید ناساندن


کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (21/12/2008) کرا. لە (17/1/2010) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) جێبەجێکرا، لە (25/1/2010). پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکە و لە (28/2/2010)دا، پاش 34 دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە. هەریەک لە تاوانکاران (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە  15 ساڵ زیندانیکردن سزادران.

 

هیچ قەرەبوویەکی ماددی هەڵەبجە نەکراوەتەوە


پەڕلەمانی عێراقیش لە (17/3/2011)،  بە بریاری ژمارە 12کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند. بەڵام هیچ قەرەبوویەکی ماددی هەڵەبجە نەکراوەتەوە.
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێنراوە و دانیپێدانراوە. بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانیپێدانەنراوە. تەنها پەرلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە (16/3/2010) وەک تاوانی -دژ بە مرۆڤایەتی- ناساندوویەتی نەک تاوانی -جینۆساید-. 


دادگایی تاوانباران


دادگای تایبەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕووداوەکانی هەڵەبجە سەدام حوسێنی بەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتی تۆمەتبار نەکرد. سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی عێراق 500 بەڵگەی هەبوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا ئەنجام دراون و ئەنجامی داون، بەڵام تەنیا بەهۆی کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە ساڵی 1982 لەسێدارە درا. لەو بەڵگە زۆرەی کە لە کاتی دادگاییکردنی سەدام حوسێندا ئاشکرا کراون، یەکێک لە یاداشتەکانی ساڵی 1987 باس لەوە دەکات هەواڵگری سەربازیی عێراق داوای مۆڵەتی کردووە بۆ بەکارهێنانی گازی سارین و خەردەل و گازەکانی تر دژی کوردەکان. دۆکیومێنتی دووەم لە وەڵامی سەدام بۆ ئەوان تێیدا هاتووە کە سەدام فەرمانی بە هەواڵگری سەربازی کردووە کە بزانن ئایا دەکرێت هێرشێکی لەناکاو بەو چەکانە بکرێتە سەر کورد و ئێرانییەکان.  


 ڕزگاربووانی کورد گومانی ئەوەیان نەبوو کە سەدام حوسێن خۆی بەرپرسی ئەو هێرشە بووە و بڕیاری دادگاش هەمووانی نائومێد کرد کە تەنیا بۆ کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە 30ی کانوونی یەکەمی 2006 لە سێدارە درا.


هاوکارەکانی تاوان


کۆمەڵێک سەرچاوەی جیهانی هەن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە شەهیدکردنی هاووڵاتیانی کورد و پەرەدان بە چەکەکان، چونکە ڕژێمی سەدام حوسێن زانین و کەرەستەی پێویست بۆ گەشەپێدانی چەکی کیمیاییی لە سەرچاوە بیانییەکان بەدەست هێناوە. زۆربەی ئەو ئاوێتانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی بەکارهاتوون لە وڵاتانی سەنگاپوورە، هۆڵەندا، میسڕ، هیندستان و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا  دەستکەوتووە.
لە 23ی کانوونی یەکەمی 2005 دادگەیەکی هۆڵەندی سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ (فرانس ڤان ئانراتی) ئەو بازرگانەی لە بازاڕی جیهانی کیمیایی دەکڕی و بە ڕژێمی سەدامی فرۆشتبوو دەرکرد. 


مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە


مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە لە ئازاری 2003 وەک یادێک بۆ کارەساتەکە دامەزرا. تێیدا بڕێکی زۆر وێنە و پەیکەری تێدایە کە باس لە ڕووداوەکە دەکەن. لەگەڵ ناوی شەهیدەکان و کۆمەڵێک لەو کەرەستانەی پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەیە.

 

بۆ دروستكردنی ئەم ڕاپۆرتە سوود لە (ویكیپیدیا و چەندین ئەرشیفی تایبەت بە هەڵەبجە وەرگیراوە)

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: