هەڵبژاردنی ڕووسیا؛ کاتێک دانیشتووانی ڕۆژهەڵات دەنگدەدەن دانیشتووانی ڕۆژئاوا دەخەون

شەیری بکە لە:
هەڵبژاردنی ڕووسیا؛ کاتێک دانیشتووانی ڕۆژهەڵات دەنگدەدەن دانیشتووانی ڕۆژئاوا دەخەون

دەنگدەرێکی ڕووسی. وێنە: AFP

ئاڤا نیوز

 

دانیشتووانی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا دەستیان بە دەنگدان کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕووسیا، کە چاوەڕوان دەکرێت ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە و بۆ پێنجەم جار ببێتەوە سەرۆکی وڵاتەکە، ئەویش لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک لەو وڵاتە.


چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ هەینی ناوەندەکانی دەنگدان یەکەم شوێن لە نیمچە دوورگەی "کامچاتکا" و هەروەها ناوچەی تۆکۆتکا  لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە کرانەوە و تا کاتژمێر شەشی ئێوارە دەنگدان بەردەوام دەبێت و دواین شوێنیش کە دەنگدان تێیدا دەستیپێکرد و کۆتایش دێت کالینینگرادە کە لەوپەڕی ڕۆژئاوای ڕووسیا و لەهەناوی یەکێتی ئەوروپادایە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕووسیا بەهۆی ڕووبەرە بەرفراوان و پان و بەرینەکەی 11 کاتی جیاوازی تێدایە، کاتێک دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتەکەی دەنگ دەدەن، دانیشتووانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە خۆیان بۆ نووستن ئامادە دەکەن، هاوکات دەنگدانەکە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە لە ئۆکراینا سوپای ڕووسیا کۆنترۆڵی کردوون.


لێدوانی فەرمی: پێش ئەوەی دەنگ بدات، ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا کە 24 ساڵە کەسی یەکەمی وڵاتە داوای لە هاونیشتمانیانی وڵاتەکەی کرد لە ڕێڕەو لانەدەن و نیشتمانیانە لەم کاتە قورسەدا دەنگ بدەن.


زانیاریی زیاتر: بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕووسیا سێ بەربژێری دیکە هەن کە هیچیان لەگەڵ سیاسەتەکانی پووتین ناکۆکییان نییە، لەکاتێکدا ڕکابەرە سەرسەختەکەی پووتین کە بەنیازبوو خۆی بەربژێر بکات "ئەلێکسی ناڤالنی" لە ناوەڕاستی شووباتی ئەمساڵ لە زیندان لە ڕووداوێکی گوماناویدا گیانی لەدەستدا.


باکگراوند: بەگوێرەی‌ میدیاکانی‌ ڕووسیا لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا، 112 ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دەرەوەی وڵاتەکەش ملیۆنێک و 900 هەزار کەسی مافی دەنگدانیان هەیە.


دەسەڵاتدارانی ڕووسیا پێش هەڵبژاردن چییان کرد؟


لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنە توندانەی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا گرتوویانەتە بەر بەنزیکەیی بردنەوەی پووتین حەتمییە،جگە لەوەی پێشتر هەڕەشەی ئەوە کراوە هەر دەنگێکی ناڕازیی لەکاتی دەنگدان بیەوێت "پشێوی بنێتەوە" سەرکووت دەکرێت و بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.


رێچەکەی سەرکووتکردن و کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان لە شووباتی 2022 ەوە سەریهەڵدا کاتێک ڕووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکراینا، ڕووسیا زۆربەی ناڕازییەکانی جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا خستە کونجی زیندانەکانەوە و زۆرێکیش لە ناڕازییەکانی ناچار کرد ڕووسیا جێبهێڵن.


پووتین تا 2030 کورسییەکەی مسۆگەر کردووە


بەبردنەوەی لەم هەڵبژاردنەدا، ڤلادیمیر پووتین دەتوانێت تا ساڵی 2030 لەدەسەڵاتدا و وەک سەرۆکی ڕووسیا بمێنێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییانەی لە 2020 کردوونی، بەشێوەیەک دەتوانێت جارێکی دیکەش خۆی هەڵبژێرێـتەوە و تا 2036 بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتی، ئەوکاتیش تەمەنی دەبێتە 84 ساڵ.

 

پووتین سەرەتا کە چووە سەر کورسی دەسەڵات چی گوت و چی کرد؟


ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ئێستای ڕووسیا، لە ساڵی 2000 دوای ئەوەی بۆریس یەڵسن سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا دەستبەرداری دەسەڵات بوو، بووە سەرۆکی وڵات، ئەوکات گوتی دەستوور دیاریدەکات چەنێک لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە بەڵام دواتر بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتدا دەستیکرد بە هەموارکردنەوەی دەستووری ڕووسیا.


دەرئەنجام


چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەکاتی مۆسکۆی پایتەخت، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕابگەیێنرێت.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: