هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیی دەنگە جادووییەکەی کەمانچەی پاگانینی دەدرێت

شەیری بکە لە:
هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیی دەنگە جادووییەکەی کەمانچەی پاگانینی دەدرێت

نیکۆلۆ پاگانینی لە سەدەی هەژدەیەم لە ئەوروپا ژیاوە

ئاڤا نیوز

پسپۆڕە فەڕەنسییەکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تیشکی ئێکسیان لە یەکێک لە کەمانچەکانی نیکۆلۆ پاگانینی، مەزنترین کەمانچەژەنی مێژوو  دا.


چیرۆکی سەرەکی: کەمانچەکە لە ساڵی 1743دا دروست کراوە. زۆر بە دەگمەن دەخرێتە بەردەست و لەو کەسە دەگمەنانەی جارجار ڕێیان پێدەدرێت بەم کەمانچەیە بژەنن، براوەکانی پێشبڕکێی جیهانیی کەمانچەژەنانی جەنەوان.

بۆچی گرنگە:  کەمانچەکە بایی ملیۆنان دۆلارە، ئەم کارەش بە ئامانجی دۆزینەوەی نهێنیی دەنگە جادووییەکەیەتی.

چی لەبارەوە دەگوترێت:
سەرپەرشتیاری ئامێرە بەنرخەکانی جەنەوا دەڵێت: وا من تەمەنم هەڵدەکشێت، کەچی کەمانچەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و هەر دەشبێت وا بێت. هەر وەک وێنەکەی دۆریان گرەی وایە، وەک گوڵەباخ هەر بە تازەیی دەمێنێتەوە.

پاگانینی کێیە؟

نیکۆلۆ پاگانینی لە ساڵی 1782 لە جەنەوا لە ئیتاڵیا لەدایک بووە. بە مەزنترینی کەمانچەژەنەکانی مێژوو دادەنرێت. لە تەمەنی 13 ساڵییەوە گەشتەکۆنسێرتی بە ئەوروپادا کردووە و موزیکی قورسی بۆ خۆی داناوە و ژەندوونی.

ماوەیەک خۆی فێری گیتاریش کردووە و جگە لە چەند پارچە موزیکێکی گیتار و کەمانچە، شەش چوارینەی ژێداری لەگەڵ گیتاردا داناوە. لە ساڵی 1805ەوە دەستی کردووەتەوە بە ژەندن و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و چەند پێگەیەکی بەرزی لە هۆڵی موزیکەکانی میلان و ڤیەننا و پاریس و لەندەن وەرگرتووە.

لە ساڵی 1833دا هێکتۆر بێرلیۆز-ی موزیکدانەری فەڕەنسی ڕاسپاردووە کۆنچێرتۆیەکی کەمانچەی بۆ بنووسێت، کە بێرلیۆز (هارۆلد لە ئیتالیا)ی بۆ دانا، بەڵام پاگانینی نەیژەند.

کۆنچێرتۆ بەگشتی واتە موزیکێک بۆ ئامێرێک بە هاوشانیی ئۆرکێسترا؛ واتە لە موزیکەکەدا ئامێرێک بە تەنیا بەسەر هەموو ئامێرەکانی تردا زاڵ دەبێت و تیشکی سەرەکی لەسەر ئەوە.

پاگانینی لە ساڵی 1834ەوە کەمتر دەردەکەوت، چون تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگ ببوو و لە ساڵی 1840دا هەر بەو نەخۆشییە مرد. سامانێکی زۆری لە دوای خۆی بەجێهێشت، لەگەڵ هاوڕێکانیشیدا بەخشندە بوو و لە کاتی تەنگانەدا بەهانایانەوە دەچوو.

زیاتر لە کەمانچەیەکی بەنرخی هەبووە، لەوانە: سترادیڤاریوس، گوارنێریوس (ئیل کانۆنێ)، ئاماتی. هەروەها ڤیۆلایەکی سترادیڤاریوس و کۆنتراباس-ێکیشی هەبووە. ئەدگارە شەیتانییەکەی خۆی وای کردبوو خەڵکان پێیان وابێت ئەو بلیمەتییەی لە ژەندندا هەیەتی لە شەیتانەوە وەریگرتبێت.

ئیل کانۆنێ

مایسترۆ پاگانینی کەمانچە گوارنێریوسەکەی بەهۆی دەنگە بەهێزەکەیەوە ناو نابوو ئیل کانۆنێ، بە واتای "تۆپەکە – تۆپی جەنگ". ئەم کەمانچەیە ئامێرە هەرە دڵخوازەکەی کەمانچەژەنە ئەفسانەییەکەی ئیتاڵیا بووە و دەیان ساڵ بەم کەمانچەیە ژەندوویەتی. دوای مەرگیشی لە ساڵی 1840دا بوو بە موڵکی شارەوانیی جەنەوا، کە زێدی خۆیەتی.

جیوزێپپێ بارتۆلۆمییۆ گوارنێری دێل گێسو، ئامێرسازی مەزن و بەناوبانگی ئیتاڵی ئەم کەمانچەیەی لە ساڵی 1743دا دروست کردووە. لە سەردەمی ئێستادا زۆر بە دەگمەن دەخرێتە بەردەست و پەنجەی هەرە باشترینی کەمانچەژەنەکانی سەردەم بۆ ئەوەی پێی بیژەنن. لەو کەسە دەگمەنانەی جارجار ڕێیان پێدەدرێت بەم کەمانچەیە بژەنن براوەکانی پێشبڕکێی جیهانیی کەمانچەژەنانی جەنەوان.

لەبەرگرتنەوەی ئیل کانۆنێ

دەزگای تیشکی سینکرۆترۆنی ئەوروپی (ESRF)، کە تاودەری تەنۆلکەکانە و لە شاری گرۆنۆبل-ی فەڕەنسایە، تەواوی تەختەی ئامێرەکەی تا ئاستی هەموو خانەکان سکان کرد.

(تاودانی تەنۆلکە) کردەیەکی فیزیاییە، وادەکات گەردیلەی بارگاوی زۆر بەخێرایی بجووڵێن و تاویان دەدات.

ئەم کارە بۆ ئەوەیە نموونەیەکی سێ ڕەهەندیی کەمانچەکە دروست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بینەر بتوانێت بچێتە نێو گەردەکانی ئامێرەکە و تا ئاستی مایکرۆنێک، یان یەک لەسەر ملیۆنێکی مەترێک زووم بکات.

پۆل تافۆرۆ، کە کارمەندێکی دەزگاکەیە دەڵێت: "ئامانجی یەکەممان پاراستنە. ئەگەر هەر کاتێک هەر نەنگییەک لە ئامێرەکەدا پێویستی بە چاککردنەوە هەبێت، ئەوا هەموو وردەکارییەکانیمان لایە"."

بەڵام دەزگاکە هیواشی خواست (شیکاریی ناتێکدەر) لە دەرخستنی نایابیی دەنگی ژەندنی ئامێرەکە یارمەتییان بدات.

(شیکاریی ناتێکدەر) واتە شیکارییەک کە پێویستی بە شکاندن و تێکدانی ئەو شتە نەبێت کە شیکارییەکەی لەسەر دەکرێت.

تافۆرۆ دەڵێت: کارکردن لەسەر ئەم ئامێرە وەک خەون وایە. ئامێرەکە لە ڕووی جۆرایەتیی دەنگەوە زۆر ناوازەیە. هیوادارین بەم زانیارییانە باشتر تێبگەین بۆچی وا ناوازەیە. دەرچوونی ئەنجامی شیکاری وردی تیشکی ئێکس چەند مانگێکی پێویستە.

گواستنەوە و بەهای (وێنەکەی دۆریان گرەی)


لویجی پاولاسینی، کە بەرپرسی پڕۆژەکەیە لە دەزگاکە دەڵێت: "کەمانچەکە بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ (32 ملیۆن دۆلار) بیمە کراوە بۆ ئەوەی لە جەنەواوە بگوێزرێتەوە بۆ بۆ گرۆنۆبل".

سەبارەت بە پڕۆسەی گواستنەوەی ئامێرەکەش دەڵێت: "گواستنەوەی ئامێرەکە زۆر ئاڵۆز بوو، چون ئێمە مۆزەخانە نین و ئەزموونی گواستنەوەی کاری هونەریمان نییە".

ئەلبێرتۆ جۆردانۆ، سەرپەرشتیاری ئامێرە بەنرخەکانی جەنەوا پێیوایە: "دەرئەنجامی شیکارییەکە هەرچییەک بێت، ڕێنمایی بنچینەیی بۆ هەر کارێکی نۆژەنکردنەوەی ئامێر بریتییە لە: یان وریایییەکی زۆر، یان خۆلێبواردنی تەواوەتی".

سەبارەت بە تەمەنی ئامێرەکەش دەڵێت: "وا من تەمەنم هەڵدەکشێت، کەچی کەمانچەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و هەر دەشبێت وا بێت. هەر وەک وێنەکەی دۆریان گرەی وایە، وەک گوڵەباخ هەر بە تازەیی دەمێنێتەوە".

وێنەکەی دۆریان گرەی (1890) تاکە ڕۆمانی ئۆسکار وایلد-ی گەورەنووسەری ئایرلاندییە، کە چیرۆکی بە گەنجی مانەوەی تابلۆیەک دەگێڕێتەوە.

شەیری بکە لە: