ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان: لە هێرشەكەی سەر هەولێر چوار هاوڵاتی شەهیدبوون

شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان: لە هێرشەكەی سەر هەولێر چوار هاوڵاتی شەهیدبوون

ئاڤا دیجیتاڵ


سوپای پاسدارانی ئێران كاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024 هێرشی مووشەكی كردە سەر هەولێر، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت " لەهێرشەكەدا چوار هاوڵاتی شەهید بوون و شەش هاوڵاتیش برینداربوون".


چیرۆكە سەرەكییەكە: ماڵپەڕی "ئیرنا" ی ئێرانی ڕاگەیێندراوێكی سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت "سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی پێگەی كۆبوونەوەی چەند فەرماندە و ئەندامێكی پەیوەست بە تەقینەوەكەی كرمانی لە سوریا و هاوكات لەهەرێمی كوردستان بە مووشەكی بالیستی كردووەتە ئامانج".


بەگوتەی سوپای پاسداران "هێرشەكە درەنگانی شەوی 15-1-2024 بووە و پێگەی سیخوڕان و گروپە تیرۆریستیەكانی دژ بە ئێرانی لەناوچەكە كردووەتە ئامانج، ئەو گروپانە لەهەر شوێنێك بن دەكرێنە ئامانج".


لەلایەكی دیكەوە: چەند میدیایەكی ئێران و ناوچەكە ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە، هێرشەكان لەڕێگەی درۆن و مووشەكەوە ئەنجامدراون، بەهۆیەوە شەش تەقینەوە لەچەند ناوچەیەكی جیاوازی هەولێر ڕوویانداوە.


بەپێی ئەو زانیاریانەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە: هێرشەكان لەكرماشانی ئێرانەوە ئەنجامدراون و ئامانجی سەرەكیی بارەگای كونسوڵخانە نوێیەكەی ئەمریكا بووە لەهەولێر، بەڵام دوو بەرپرسی ئەمریكا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتووە "هیچ بارەگایەكی ئەمریكا لەهەولێر نەكراوەتە ئامانج و هیچ زیانێكیشیان پێنەگەیشتووە".


لێدوانی فەرمیی: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەكی بالیستیكی چەند ناوچەیەكی سڤیلنشینی هەولێری بوردومان كرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ڕەوشی تەندروستیی هەندێك لە بریندارەكان ناجێگیرە".


"سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەكی گرووپە دژبەرەكانی ئێران بووە، ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتی دەكەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشكردنە سەر هەولێر بەكار دێنن و هەولێر وەك دەڤەرێكی سەقامگیر هیچ كات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێك، ئەمە پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی هەرێم و عێراقە و پێویستە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن" ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.


باكگراوند: پێنجشەممەی ڕابردوو، بەگوتەی دژە تیرۆری كوردستان بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانان لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كراوەتە ئامانج، كە ئەوەش دووەم هێرش بوو لەماوەی 24 كاتژمێردا و دواتر گروپێكی چەكداری عێراقی بەرپرسیارێتی هێرشەكانی گرتە ئەستۆ.


لەوكاتەوەی لەحەوتی ئۆكتۆبەری ڕابردووەوە شەڕی نێوان   ئیسرائیل و حەماس دەستیپێكردووە، گروپە چەكدارەكان نزیكەی 130 هێرشیان لەعێراق و سوریا ئەنجامداوە كە زۆربەیان بۆ سەر بارەگای هێزەكانی ئەمریكا بوون، ئەو هێرشانەش 52 یان لەعێراق و 75 یان لەسوریا بوون.


سوپای ئەمریكا 900 سەرباز لەسوریا و دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق جێگیركردووە، ئەویش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە لەساڵی 2014 ەوە شەڕیان دژ بەو گروپە تیرۆریستیە ڕاگەیاند.

شەیری بکە لە: