سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاڤا میدیا: حەزدەكەین بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت

شەیری بکە لە:
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاڤا میدیا: حەزدەكەین بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت

ئاڤا دیجیتاڵ


ئەمڕۆ شاندی باڵای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتە هەولێر، گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "تاوتوێی ئەوە دەكەین چەندێك كات پێویستە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات". 


ئەوەی پێویستە بیزانیت: شاندەکەی کۆمیسیۆن  دادوەر عومەر ئەحمەد   سەرۆکی کۆمیسیۆن سەرۆكایەتی دەكات و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی لەگەڵدان.


 بۆچی گرنگە: دوای بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق كە درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی    بە" نادەستووری و نایاسایی" ناوبرد، دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام هەڵبژاردن نەکراوە، بەوەش بۆشایی یاسایی لەهەرێمی كوردستان دروستبووە.


لێدوانی فەرمی: دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان  بە ئاڤا میدیای گوت: بڕیارە رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ تاوتوێكردنی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت."


دڵشاد شەهاب گوتیشی:"سبەی تاوتوێی ئەوە دەكەین چەندێك كات پێویستە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات، ئێمە حەزدەكەین بەزووترین كات هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".


" دوایينجار سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 25 ی شوباتی 2024 ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام كۆمسیۆن بە نامەیەك ئاگاداری كردینەوە كە ناتوانن لەوكاتەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن بۆیە سبەینێ تاوتوێی كات و توانای كۆمسیۆن دەكەین و پاشان وادەیەك بۆ هەڵبژاردن دیاری دەكەین". گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وادەڵێت.


 
باكگراوند: رۆژی سێشەممە 30-5-2023 دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی  هێنا، کە پەرلەمان لە رۆژی 09-10-2022 تاوەکو 31-12-2023 تەمەنی خۆی درێژکردبووەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی لە 21ـی کانوونی دووەمی 2024، دانیشتنێکی دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە دادگەکە کراوە.

 

شەیری بکە لە: