هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی جیاواز بەشداری داڤۆس دەکات

شەیری بکە لە:
هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی جیاواز بەشداری داڤۆس دەکات

ئاڤا دیجیتاڵ

 

کۆڕبەندی ئابووری جیهان لەژێر ناونیشانی "بونیادنانەوەی متمانە" لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیاواز بەشدارە و بۆ یەکەمجار ماڵی کوردستان کراوەتەوە.

 

بۆچی گرنگە؟ کۆڕبەندی داڤۆس گرنگترین کۆڕبەندی ئابوورییە لە جیهان، ساڵانە سەدان سەرۆک و سەرکردە و حکومەت و گەورە کۆمپانیا بەشداری تێدا دەکەن و، مەڵبەندی دەرکردنی چەندین بڕیاری سیاسی و ئابووری گرنگە، بۆ ئەمساڵ  هەرێمی کوردستان چالاکتر لە ساڵانی ڕابردوو لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری بەشدارە و، دەرفەتێکە بۆ زیاتر بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانی بۆ کوردستان .

 

لێدوانە فەرمییەکان: هێمن لهۆنی، راوێژکار و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندیییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی سەرۆکایەتیی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ 11 وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان ئەندامی شاندەکەن.

 

هێمن لهۆنی کە سەرپەرشتی ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکات، زیاتر گوتی: کۆڕبەندی داڤۆس لەپاڵ سیاسەت، کۆڕبەندێکی گەورەی ئابوورییە، زیاتر لە سێ هەزار کۆمپانیای گەورەی جیهان تێیدا بەشدارن، وەبەرهێنەرانی کورد لەپاڵ بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندی داڤۆس، دەرفەتێکی دیکەیان هەیە و دەتوانن لە ماڵی کوردستان کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ گەورە بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بکەن. 

 

بابەتە ستراتیژییەکان: ماڵی کوردستان دەکەوێتە شەقامی سەرەکی کۆڕبەندی داڤۆس، "شوێنک دەبێت بۆ کۆبوونەوەی شاندەکانی هەرێمی کوردستان، هەم شاندە سیاسییەکەی هەمیش شاندە ئابوورییەکەی، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ شاندی کوردستان بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی گەورەی جیهان ببینن، دەرفەتێکیشە بۆ گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنانی کورد و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان"، هێمن لهۆنی وای گوت.

 

ماڵی کوردستان لە ماوەی چوار ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، لەپاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە (عێراق ماڵی نییە) پێشوازی لە میوانان و بەشداربووان دەکات، چەندین چالاکی جۆراوجۆری تێدا دەکرێن و کولتووری هەرێمی کوردستان نیشانی میوانان دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت چەندین شاندی گەورە لە ئاستی وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی سەردانی بکەن و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی کوردستان بکەن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کۆڕبەندی داڤۆس 2024، رۆژی دووشەممە 15-01-2024، بە دروشمی بنیاتنانەوەی متمانە دەستیپێکرد، تا رۆژی هەیینی 19-01-2024، بەردەوام دەبێت. کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس پێشوازی لە 100 سەرۆک حکومەت و سەدان دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە دەکات، شاندێکی عێراقیش بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بەشدارە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ