لە کەرکووک هەڕەشەی چۆڵکردن لە دانیشتووانی گەڕەکێکی دیکەی کوردنشین دەکرێت

شەیری بکە لە:
لە کەرکووک هەڕەشەی چۆڵکردن لە دانیشتووانی گەڕەکێکی دیکەی کوردنشین دەکرێت

 ئاڤا دیجیتاڵ


‎70 خێزانی کوردی نیشتەجێی گەڕەکی عەرەفە لە كەركووك، لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە، کە دەبێت ئەو خانووانەی 21 ساڵە تێیدا نیشتەجێن، چۆڵی بکەن، لەبەرامبەردا دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە مانیانگرتووە.


چیرۆکە سەرەکییەکە: لە ساڵی 2003 دوای ئەوەی هاووڵاتییانی كورد گەڕانەوە بۆ کەرکووک، بەشێکی زۆری ئەم خانووانەی گەڕەکی عەرەفە کە ئێستا لەناویدا نیشتەجێن تەواونەکرابوون، ئەوان خانووەکانیان تەواو کرد  و تێیدا نیشتەجێبوون، بەڵام ئێستا دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت و داوای چۆڵکردنی دەکەن.


هۆکارە زانراوەکان: بەپێی سیستەمی کۆمپانیای نەوتی باکوور هەر کەسێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کارمەند بێت لە گەڕەکی عەرەفە نیشتەجێدەبێت، بەڵام کاتێک خانەنشین دەبێت داوای لێدەکەن لەو گەڕەكە نەمێنێت، بۆیە کۆمپانیای نەوتی باکوور ئێستا دەڵێت "ئەم خانووانە موڵکی کۆمپانیان و دەبێت دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لەوێ نەمێنن"، لەکاتێکدا زیاتر لە 600 کەس کە پێشتر کارمەند بوون، بەڵام ئێستا خانەنشینبوون و هەر لەوێ ماونەتەوە، كۆمپانیاكە داوای چۆڵکردن لە هاووڵاتییانی عەرەب ناکات،  بەڵام لە  كوردی دەكەن، دانیشتووانی کوردنشینی گەڕەکەکەش دەڵێن "کەی هاووڵاتییانی عەرەب خانووەكانیان چۆڵكرد، ئێمەش چۆڵی دەكەین".


بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: سەلاح عومەر هاووڵاتی گەڕەکی عەرەفە، بۆ ئاڤا میدیا گوتی:"ئەوان ئەگەر بۆیان بکرێت خانووە تاپۆکانیشمان لێوەردەگرنەوە".

لێدوانی فەرمی: کاوە ئەحمەد، کارگێری لقی سێی پارتی بۆ ئاڤا میدیا گوتی:"پێویستە  هەموو شتێك بە یاسا چارەسەر بكرێت و مافی خەڵكی كوردستان نەخورێت،  ئەو كێشەیەش دەبێت لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێت".


ئەوەی ئێستا روودەدات: لە بەرامبەر ئەو سکاڵایانەی کۆمپانیای نەوتی باکوور  بەرامبەر دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە، هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكە، خێوەتیان هەڵداوە و مانیانگرتووە، بۆ  ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت و ئەو سکاڵایانە ڕەتدەکەنەوە. 


باکگراوند: هێشتا کێشەی گەڕەکی نەورۆز لەکەرکووک چارەسەر نەبووە، دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفەش رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەکرێنەوە، كە ژمارەیان زیاتر لە 500  ماڵە.

 

شەیری بکە لە: