ئیدارەی خۆسەر داوای یەکدەنگی لایەنەکان لە سووریای نوێ دەکات

شەیری بکە لە:
ئیدارەی خۆسەر داوای یەکدەنگی لایەنەکان لە سووریای نوێ دەکات

لۆگۆی ئیدارەی خۆسەر. گرافیک - ئاڤا میدیا

 

ئاڤا نیوز

ئیدارەی خۆسەر، كار بۆ داواکردنی دەستووری نوێی سووریا دەكەن، كە مافی هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕ و مەزهەبەکانی سوریا بپارێزێت. هاوکات داواش لە هەموو هێزە سیاسییەکانی سووریا دەکات، وتارەکانیان یەکبخەن لەپێناو دەستوورێکی نیشتمانی لەو وڵاتە.

چیرۆکی سەرەکی: لە یادی 14 ساڵەی راپەڕینی خەڵکی سووریا، ئیدارەی خۆسەر داوا دەکات هەمووان دەنگییان بکەن یەک دەنگ بۆ بەدەستهێنانی مافی سەرجەم نەتەوە و پیکهاتەکان لە سووریا، هاوکات داوا دەکات دەستووری نوێی سووریا دەستوورێک بێت مافی هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕ و مەزهەبەکانی سووریا بپارێزێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ 15ـی ئادار، ساڵڕۆژی دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سووریایە دژی ڕژێمی ستەمکاری بەعس، کە لەڕێگەیەوە خەڵک داوای ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسییان دەکرد، لە ناوەڕۆکیدا شۆڕشی گەلێکی ڕاپەڕیو بوو، چونکە نادادپەروەری و سیاسەتی پەراوێزخستن و یەکڕەنگیی لە سووریا ڕەت کردەوە.

بەم بۆنەیەوە خەباتی گەلی سووریامان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەرز دەنرخێنین و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەوان بۆ سووریایەکی یەکگرتوو و دیموکراسی بۆ هەموو سوورییەکان، بەبێ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن.

ئیدارەی خۆسەر دووپاتی دەکاتەوە؛ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکەمان، بەردەوام كار دەکەن دەستووری نوێی سووریا دەستوورێک بێت مافی هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕ و مەزهەبەکانی سووریا بپارێزێت، بەبێ هیچ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیەک، كە ببێتە بەردی بناغەی بوونیادنانی سووریایەکی یەکگرتوو، وڵات و گەل لە مەترسییەكان بپارێزێت.

لە لایەکی دیکەوە: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووە و ڕایگەیاند: لە 14ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا، قوربانیدانی سوورییەکان بۆ ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری وەبیردەهێنیەوە، هەمیشە گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی وابەستەی چارەسەری سیاسیی گشتگیرە، کە ڕێز لە خواستەکانی گەلی سووریا بۆ دەوڵەتێکی دیموکراسی و فرەیی دەگرێت.

باکگراوند: 15ـی ئادار لە ساڵی 2011 گەلی سووریا لە دژی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕاپەڕین و داوای کۆتایی هاتنی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی دوورخراوی سووریایان دەکرد، بەڵام  ڕژێمی ئەسەد بە توندوتیژی و چەک خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کرد و لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژران  و ملیۆنان کەس ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری وڵاتان بوون و شەڕی ناوخۆ بۆ ماوەی نزیکەی 14 ساڵ درێژەی کێشا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت:  لە 8ـی 12ـی ساڵی ڕابردوو، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەخت و شارەکانی دیکەدا گرت و کۆتاییان بە 61 ساڵ حوکمڕانیی ڕژێمی حیزبی بەعس هێنا، کە حافیز ئەسەد و بەشار ئەسەدی کوڕی 53 ساڵ حوکمڕانیی سووریایان کرد.

شەیری بکە لە: