لەسەر زیندانییەک کێشە دەکەوێتە نێوان ئێران و سوێدەوە

شەیری بکە لە:
لەسەر زیندانییەک کێشە دەکەوێتە نێوان ئێران و سوێدەوە

ئاڵای سوێد، وێنەی نووری عەباسی و ئاڵای ئێران، گرافیک، ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 

دادگەی باڵای سوێد ڕایگەیاند، بە تانەی سەر سکاڵای بەرپرسێکی پێشووی ئێراندا تێهەڵناچێتەوە کە بە تاوانی پاکتاوکردنی دژبەرەکانی ساڵی 1988ی ئێران، لە سوێد سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

چیرۆکە سەرەکییەکە: دوای ئەوەی لە پایتەختی سوێد کەسێک بە ناوی نووری عەباسی دەستگیر دەکرێت، دوای چەندین دانیشتنی دادگەیی، لە کۆتاییدا سزای هەتاهەتایی بەسەر ئەو کەسەدا سەپێنرا، ئەمەش حکومەتی ئێرانی تووڕە کرد و کاردانەوەی هەبوو. 

لەلایەکی دیکەوە: لە بەرامبەر ئەم کارەدا، لە ساڵی 2022ی ئێران کەسێکی سوێدی بە ناوی فلۆدەروس دەستگیر کرد، دواتر بەتۆمەتی سیخوڕیکردن سزای کوشتنی بەسەردا سەپاند.

هۆکارە زانراوەکان: هۆکاری دەستگریکردنی نووری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هاوکار بووە لە کوشتنی پێنج هەزار زیندانی لە ساڵی 1988دا، کە دژبەری حکومەتی ئێران بوون و سەر بە موجاهیدینی خەلق بوون.


درێژەی ئەم بابەتە لەم ڕاپۆرتەدا بخوێنەرەوە..


ئەم سکاڵانامەیە بابەتێکی هەستیارە، چونکە چالاکوانانی یاسا بەرپرسانی باڵای ئێران تۆمەتبار دەکەن کە ئێستا لە دەسەڵاتدان، لەوانە: خودی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، کە ئەندامی ئەو لیژنانە بووە کە فەرمانی کوشتنیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.


دەستگیرکردنی نووری عەباسی و هۆکارەکەی

دوای ئەوەی چەند دژبەرێکی ئێرانی سکاڵایان لە دژی حەمید نووری (عەباسی) تۆمار کردبوو، کە ئێستا تەمەنی 62 ساڵە، تۆمەتبارەکە لە تشرینی دووەمی 2019دا لە فڕۆکەخانەیەکی ستۆکهۆڵم دەستبەسەر کرا.

داوانامەکە لەبارەی کوشتنی لانیکەم پێنج هەزار زیندانیی ئێران بوو، کە دەگوترێت کوشتنەکان بە فەرمانی خومەینی بوون و لە تۆڵەی هێرشەکانی دوای شەڕی ئێران - عێراقی (1980-1988) موجاهیدینی خەلقی ئێراندا بوون، کە دژی حکومەتی ئەو کاتەی ئێران بوون.

سوێد بەگوێرەی بنەمایەکی جیهانیی دادوەری، حەمید نووریی دادگەیی کردووە، کە ئەم بنەمایە ڕێدەدات سوێد کەسێک دادگەیی بکات بێئەوەی ڕەچاوی شوێنی تاوانەکە بکرێت.

حەمید نووری لە کاتی ڕووداوەکاندا لە زیندانێکی نزیک تاران یاریدەدەری بکوژ بووە و زیندانییەکانی هێناوەتەوە و خستوونیەتە بەردەم لیژنەی سزادان و دواییش بردوونی بۆ شوێنی کوشتن.

دادگەی سوێد لە ساڵی 2022دا بە تاوانی "پێشێلکاریی گەورەی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤ و کوشتن" فەرمانی سزای هەتاهەتایی بەسەر نووریدا سەپاند.

نووری ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و لەسەر ئەوە سوورە کە تۆمەتەکان هەڵبەستراون.


پێشتر بڕیاری یەکلاکەرەوەی لێدراوە

دواتر دادگەیەکی تێهەڵچوونەوە لە کانوونی یەکەمی 2023دا بڕیارەکەی دادگەی یەکەمی دووپاتکردەوە، پاشان تاوانبارەکە داوای تێهەڵچوونەوەی لە دادگەی باڵای سوێد کرد.

دادگەی باڵای سوێد ڕایگەیاند: بڕیارمان دا گوێ لە داواکە نەگیرێت و بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوە دووپات دەکرێتەوە.


گرژی دەکەوێتە نێو پەیوەندییەکانی ئێران و سوێد

کە داوانامەکەی حەمید نووری لە نیسانی 2022دا لە دادگەی سوێددا بوو، ئێران هاووڵاتییەکی تەمەن 33 ساڵی سوێدی بە ناوی یۆهان فلۆدەروس دەستگیر کرد، کە لە بەشی خزمەتی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەوروپا کاری دەکرد، ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی فەرمانی کوشتنی بۆ فلۆدەروس دەرکردووە.

دایک و باوکی فلۆدەروس داوایان لە حکومەتی سوێد کردووە بارمتە بە بارمتە بکەن، واتە حەمید نووری بە ئێران بدەنەوە و فلۆدەروس وەربگرنەوە.

ئەم بابەتە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گرژیی خستووەتە پەیوەندیی نێوان ئێران و سوێد، تاوەکو ئێستاش هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە نییە.




زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان