شەڕی ماددە هۆشبەرەکان لە ئوردنەوە تا کوردستان

شەیری بکە لە:
شەڕی ماددە هۆشبەرەکان لە ئوردنەوە تا کوردستان

ئاڤا دیجیتاڵ


ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکانی سوپای ئوردن ماوەی چەند هەفتەیەکە دژی بازرگان و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و، ئەوانەشی هاوکارییان دەکەن کە هاووڵاتی عێراقیشیان تێدایە بەردەوامن. لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا ئوردن رایگەیاند،  دەیان بازرگان و قاچاخچی ماددەی هۆشبەری کوشتووە، ئەوانە پارێزگاریشیان لێکراوە و حکومەتی سووریاش چاوپۆشی لێکردوون.


"کیپتاگۆن لەباکوور و رۆژئاوای عێراق"


گرووپەکان  هەوڵدەدەن بازاڕەکانی ئوردن نوقمی ماددەی هۆشبەری جۆری کیپتاگۆن بکەن، کە ماددەیەکی هەرزانە و خێراش کەسی بەکارهێنەر ئاڵودە دەکات. کیپتاگۆن  لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای عێراق بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا بڵاوبووەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق زۆر بەتووندی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لە ماوەکانی ڕابردوودا حکومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو، دەستیان گرتووە بەسەر چەندین ملیۆن حەبی کیپتاگۆندا، سەرچاوە عێراقییەکانیش باسی ئەوە دەکەن،  ئەوەی دەستی بەسەردا دەگیرێت زۆر لەوە کەمترە لەلایەن گەنجانی بێکاری عێراقییەوە بەکاردەهێنرێت.


لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئوردن و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان روویدا، چەند کەسێک لە هەردوولا کوژران، شەڕیش هێشتا بەردەوامە. سوپای ئوردن لە دوایین راگەیەنراویدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئوردن لەگەڵ چەند گرووپێکی چەکدار تووشی شەڕ و پێکدادان بووە و پاشەکشەیان پێکردوون بۆ ناو خاکی سووریا.


شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای ئوردن گەیشتە قۆناغێک فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنرا، لە هەردوو گوندی شعاب و غارییە لەناو خاکی سووریا دووجار ئەو گرووپە چەکدارانەیان بۆردوومان کردووە، هەروەها لە پارێزگای سوەیدای هاوسنووری ئوردنیش کۆگایەکی ماددەهۆشبەرەکانیان بۆردوومان کردووە.


The New Region پەیوەندی کردووە بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە و پێیان ڕاگەیاندووە، شەڕی ئوردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان شەڕێکی نوێ نییە و ماوەی چەند ساڵێکە هەیە، بەڵام لەم ماوانەی دواییدا شەڕەکە تووند بووە، سەدان ئەندامی گرووپە مافیایی و قاچاخچییەکان هەوڵدەدەن دزە بکەنە نێو خاکی ئوردنەوە بەتایبەتیش لە عێراق و سووریاوە، سووریا ئیستا بووەتە پێگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ماددەی ئەمڤیتامین کە بە کیپتاگۆن ناسراوە.


"ئاسایشی کوردستان ئاراستەکەی گۆڕی"


ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئێستا کۆمپانیای عێراقی، ئوردنی، سووری، لوبنانی و میسری هەن ئەو جۆرە حەبانە بەرهەمدەهێنن، ئەو گرووپە مافیایانە هەوڵی زۆریاندا بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بگەیێننە تورکیا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری ئەمنی بوونەوە و شکستیانهێنا، ناچاربوون ئاراستەکەیان بگۆڕن بەرەو ئوردن، ئوردنیش ئێستا بەتەنیا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، حکومەتی سووریا هیچ هەوڵێک نادات بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ ئوردن.


"چەک لەناو ماددەی هۆشبەردا"


موهەنەد موبەیزین گوتەبێژی حکومەتی ئوردن بە the New Region راگەیاند، بازرگان و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو باری ماددە هۆشبەرەکاندا چەک دەشارنەوە و دەیانەوێت بازاڕەکانی ئوردن پڕ بکەن لە جۆرەکانی چەک، هەتا ئەو مەترسییەش بەردەوام بێت ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکانیان لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا بەردەوام دەبن، ئامانجیش لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئوردنە و لە ساڵی 2022 تا ئێستا بەردەوامن.


هەفتەی ڕابردوو،  بەرپرسێک لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایگەیاندبوو، تەنیا لە یەک هەڵمەتدا لەسەر سنووری باکووری ئوردن سوپا دەستیگرتووە بەسەر 627 هەزار حەبی کیپتاگۆن و 3439 کیسی حەشیش و چەکی جۆری کڵاشینکۆفدا.


 "دەستی ئێران لە یارییەکەدا" 


لە مانگی پێنجی 2022 سوپای ئوردن بە ئاشکرا گوتی، هەندێک لە یەکەی سەربازی سوپای سووریای لایەنگری ئێران و چەند گرووپێکی چەکداری سەر بە ئێران هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەی ئوردنەوە بگوازنەوە بۆ وڵاتانی کەنداو.


عەقید مستەفا حەیاری، گوتەبێژی سوپای ئوردن ڕایگەیاند، لەسەر سنوور لە شەڕدان، شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، گرووپە ئێرانییەکان لە مەترسیدارترین گرووپەکانن و ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن و ئاسایشی نیشتمانی ئوردن دەکەن ئامانج.


The New Region لە چەند سەرچاوەیەکی ئوردنییەوە زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە، ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەتی حەبی کیپتاگۆن لە ڕێگەی ئەندامانی هۆزەکانی نیشتەجێی سەر سنوورەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاکی ئوردن و، هاوکاری و هەماهەنگییان هەیە لەگەڵ مافیا سوورییەکان و هەندێک لە عێراقییەکانیش، دەسەڵاتدارانی ئوردنیش بەپێی بڕیارێکی شاهانەی وڵاتەکەیان زۆر بێبەزەییانە و بەتووندی مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە دەکەن.


"بەرهەمی ماددەی هۆشبەری سووریا دەگاتە ئەوروپا"


لە مانگەکانی ڕابردوودا سوپای ئوردن 40 کەسیان کوشتووە کە دزەیان کردووەتە ناو خاکی ئوردن و مادەی هۆشبەریان پێبووە، زۆرینەشیان لە ئەندامانی هۆزەکان بوون کە کۆنترۆڵی ناوچەکانی باشووری سووریایان کردووە.


هەرچەند حکومەتی سووریا ڕەتیکردووەتەوە دەستی هەبێت لە دروستکردنی ماددەی هۆشبەر و بەقاچاخبردنی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام دوو لێکۆڵەری سووری بە The New Region ڕاگەیاندووە، شەڕ ئابووری سووریای تێکشاندووە، ئەوەش وایکردووە پەنا بباتە بەر دروستکردنی ماددەی هۆشبەر و وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات پشتی پێببەسرێت، سەرچاوەی داهاتی ئەو بنەماڵە و مافیایانەشە کە بە چەندین ملیار دۆلار  پشتیوانی لە ڕژێمی سووریا دەکەن. ئێستا وایلێهاتووە حەبی کیپتاگۆنی بەرهەمی سووریا دەگاتە ئەوروپاش. رێگەش بۆ گەیاندنی ئەو ماددە هۆشبەرانە بە وڵاتانی کەنداو بە ئوردندا تێدەپەڕێت. موهەنەد موبەیزین، گوتەبێژی حکومەتی ئوردن باسی ئەوەش دەکات،  ئاستی ئەو جۆرە چەکانەش کە لە بەری سووریاوە دژی ئوردن بەکاردەهێندرێن تا دێت بەرزدەبێتەوە، ئێمە ماوەیەکی زۆرە هۆشداریمان داوە لە  مەترسی زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.


"تۆڕی قاچاخییەکە نێودەوڵەتییە"


عامر حەدیسی، ئەفسەر لە پاسەوانی سنووری عێراق بە The New Regionی  ڕاگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە چالاکی و گەڕانەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئوردن و سووریا چڕبکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لەو گرووپانەی قاچاخێتی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن. دەشڵێت، تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان نێوخۆیی نین و نێودەوڵەتین، هەندێکجار عێراقیشیان تێدایە.


"هۆشداری نێودەوڵەتی لەسەر دۆخەکە"


پسپۆڕان لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەرپرسانی ئەمریکی و ئەورووپی ڕایانگەیاندووە، بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و هێزە نیمچە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا پارەدار دەکات، دەشڵێن، سووریا کە شەڕ دابەشی کردووە، بووەتە  شوێنی سەرەکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە داهاتی چەندین ملیار دۆلار، ئوردنیش بووەتە ڕێگەی فەرمی گواستنەوەی حەبی کیپتاگۆن بۆ وڵاتانی کەنداو.

 

خزمەتگوزاری The New Region

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان