یەکەم مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست لە هۆڵاند دەکرێتەوە

شەیری بکە لە:
یەکەم مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست لە هۆڵاند دەکرێتەوە

باڵەخانەی مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست، سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

ئاڤا نیوز

هۆڵۆکۆست واتە کۆمەڵکوژی، لە بنەچەدا وشەیەکی لێکدراوی گریکییە، بە واتای گشتسووتاندن دێت. وشەکە ئێستا وەکو زاراوەیەک بۆ کۆمەڵکوژیی جووەکان بە دەستی ئەڵمانیای نازی بەکاردەهێنرێت، کە لە ساڵی 1933دا دەسەڵاتیان گرتەدەست و لە ساڵی 1945دا دوای شەش ساڵ لە جەنگی جیهانیی دووەم بەزێنران.

ئەم کۆمەڵکوژییە لە ساڵی 1941ەوە دەستیپێکرد. ئەگەرچی پێشتریش نەخشەی تری بۆ کێشرابوو. سەرەتا نازییەکان ئامانجیان ئەوە بوو جووەکانی ئەڵمانیا و دواتر وڵاتانی تر لە ئەوروپا دەربکەن، بەڵام کە زانییان ئەم پلانە سەختە، پلانی پاکتاوکردنی جووەکانیان جێبەجێ کرد.

نازییەکان لە چەندین ناوچەی ئەڵمانیا و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا هۆبەی پاکتاوکردنی جووەکانیان دامەزراند. هەندێک لە جووەکانیان بە تیربارانکردن دەکوشت، بەتایبەتی بە کۆمەڵ؛ هەندێکی تریانیان بە سووتاندن بە گازی ژەهراوی دەکوشت، کە پێیان دەڵێن: "ژووری گاز".

نازییەکان جووەکانیان دەگرت و ماڵ و سامانیانیان لێ دەسەندن، تەنانەت جلەکانیشیانیان لێ دەسەندن و قات و بیجامەی تەنکیان هێڵداریان پێدەدان. ئێستا ئەم بیجامە هێڵدارانە وەک هێمایەکی کۆمەڵکوژییەکانی نازییەکان سەیر دەکرێت.

نازییەکان بە نزیکەی شەش ملیۆن جوویان بە شێوەی نەخشەبۆداڕێژراو کوشت. زۆربەی کوشتنەکان لە هۆبەکانی: ئاوشڤیتز-بیرکەناو، ترێبلینکا، بێلزێک، سۆبیبۆر، کێلمنۆ بوون، کە هەموویان لە پۆڵاند بوون، کە ئەو کاتە داگیرکراوی ئەڵمانیای نازی بوو.

یەکەم مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست لە هۆڵاند

هۆڵاند دوای نزیکەی 80 ساڵ بەسەر تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووەمدا، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی کۆمەڵکوژیی جووەکانەوە، یەکەم مۆزەخانەی تایبەت بە هۆڵۆکۆست دەکاتەوە.

مۆزەخانەکە 2500 شمەکی خستووەتەڕوو، زۆرێکیان هەرگیز نەبینراون. لەگەڵ ئەوانەشدا هاوپۆشی هێڵدرا (ڕێڕێ) جووەکانی ئاوشڤیتز-بیرکەناو؛ نامە و وێنەی دڵتەزێن؛ ئەو قۆپچانەی لە جلی جووەکان لێکراونەتەوە پێش ئەوەی بگەنە ژووری گازی هۆبەی کوشتنی سۆبیبۆر، هەموویان لە مۆزەخانەکە خراونەتەڕوو.

پێش جەنگی جیهانیی دووەم و داگیرکردنی هۆڵاند لە لایەن ئەڵمانیای نازییەوە، زیاتر لە 140 هەزار جوو لە هۆڵاند هەبوون، زۆربەیان لە ئەمستردام بوون. بەڵام لە هۆڵۆکۆستدا لانیکەم 75٪یان پاکتاو کران، کە دەکاتە نزیکەی 102 هەزارکەس.

هەڵبژاردنی ئەو باڵەخانەیەی مۆزەخانەکەی لێ کراوەتەوە هەر وا بێمەبەست نەبووە، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی هۆڵۆکۆستی هۆڵانددا دیوە. چون پێشتر باخچەیەکی ساوایانی گەڕەکی جووەکانی ناوەڕاستی ئەمستردام بووە.

چیرۆکی ڕزگارکردنی 600 منداڵ

شانۆگایەک لەوبەری شەقامەکەوە هەیە، کە خێزانە جووەکان لەوێ چاوەڕێ بوون بە زۆرەملێ بیانبەن بۆ هۆبەی کوشتن و پاکتاوکردن. منداڵەکانیان لێ جیاکردوونەتەوە و ناردوویانن بۆ باخچەی ساوایانەکە (مۆزەخانەکەی ئەمڕۆ) بۆ ئەوەی ئەوانیش بە جیا بۆ کوشتن ئامادە بکەن.

بەرگریکارە هۆڵاندییەکان بە نزیکی 600 منداڵیان لەو باخچەی ساوایانە دەرباز کردووە، هەندێک جار لە نێو دۆڵاب، یان سەبەتەدا شاردوویاننەتەوە و ڕاست بە بەردەم سەربازە نازییەکاندا بردوویانن.

سەردانکەران دەتوانن بە نێو (ڕێڕەوی دەربازبوون)دا بڕۆن، کە منداڵان لەوێوە براون و ئیتر هەرگیز خێزانەکانیان نەیانبینیونەتەوە.

وێنەی هەندێک منداڵی بەدبەخت بە دیوارەکانەوەن، کە دەرباز نەبوون و ژیانیان لێ سێنراوەتەوە. زۆربەیان ساوا و کۆرپەن، یان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدان، کە هەموویان لە هۆبەی پاکتاوکردندا کوژراون.

ئانەمیک گرینخۆلد، کە سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکەیە، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: "لە نێو چەند سەد مەتر چواگۆشەیەکی ناوەڕاستی ئەمستردامدا ئەم مێژووی هەماهەنگیکردنەت هەیە بۆ پاکتاوکردن، کە بەشێکی ڕەشی مێژووە. کەچی لەوبەریشەوە باڵەخانەیەکت هەیە کە نمایشی مرۆڤدۆستی و هاوخەمی و ئازایەتیی گەورەی ڕزگارکەرە ناجووەکان دەکات، کە کۆڵیان نەداوە لەوەی ژیانی جووەکان ڕزگار بکەن".

لەسەر دیوارەکان یاسای نازییەکان لە دژی جووەکان هەڵواسراون، بەو یاسایەشەوە کە لە ساڵی 1942دا دەرکرا و فەرمانی دا هەر جووێک ئەستێرەکەی داود بە ڕەنگی زەرد بە جلەکانیەوە بکات؛ هەروەها بڕیاری قەدەغەکردنی سەردانی جوو بۆ پاڕکەکان؛ بانگەوازکردنی پاداشت بۆ هەواڵدان لەسەر جوو لای کاربەدەستان؛ یەکەم یاسای دەرکردنی جوو: یاساکان مێژووی تەنگپێهەڵچنینێکی دڕندانەمان پیشان دەدەن.

مۆزەخانەکە لەژێر ناونیشانی (لە یادم مەکە) وێنەی زۆرێک لە قوربانییەکانی داناوە و کورتەیەکی لەسەر ژیانیان نووسیوە.

گرینخۆلد لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەم مێژووی زەلیلکارییە دڕندانەیە دەگێڕینەوە و بەوە شکۆ بە قوربانییەکان دەدەینەوە کە بە شێوەیەکی زۆر تایبەت کەلوپەلەکانیان دەخەینەڕوو. پێموایە دەبێت هەموو کەسێک مێژووی خۆی بزانێت، ئاگادار بێت لەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت چی لەوانی تر بکات".

دەرکردن و لە مرۆڤخستن

بڕیارە ڤیلێم ئالێکساندەر، شای هۆڵاند لەم ڕۆژانە بەفەرمی مۆزەخانەکە بکاتەوە. کردنەوەکەشی لەکاتێکدایە ڕێژەی دژەسامیێتی لە هۆڵاند هەڵکشاوە.

مانگی ڕابردوو حکومەتی هۆڵاند ڕایگەیاند کە ژمارەی ڕووداوە دژەسامیێتییەکان لە ساڵی 2023دا دوو هێندە بوون. لە یەکێک لە هێرشەکاندا، کە بە هەموو وڵاتەکەدا دەنگی دایەوە، ئەوە بوو چەند تێکدەرێک لەم دواییانەدا هێمای سواستیکایان لەسەر کەنیشتی شارۆچکەی میدێلبورگ کێشاوە.

سواستیکا هێمای ئەو خاچە شکاوەیە کە نازییەکان کردبوویان بە ئاڕمی خۆیان. ئەمستردام بڕی 900 سەد هەزار یۆرۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی مۆزەخانەکە تەرخان کرووە، گابەردیان لە بەردەمی مۆزەخانەکەدا داناوە بۆ ئەوەی ڕێ لە ئۆتۆمبێل بگرن لەوەی خۆی بکات بە نێو مۆزەخانەکەدا.

کۆمەڵەی کولتووریی گەڕەکی جووەکانی هۆڵاند، کە مۆزەخانەکە بەڕێوەدەبەن، تا ئێستا خۆیان بەدوورگرتووە لەوەی لەسەر هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی حەماسەوە لێدوان بدەن، کە جەنگی غەززەی هەڵگیرساند.

مۆزەخانەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: ئێستا شەوێک پێش کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی هۆڵۆکۆست، کە تایبەتە بە ئەنجامی دەرکردن و لەمرۆڤخستن، هەروەها تابیەتیشە بە ئازایەتی و بەرگری، ڕێک دەمانەوێت ئەوە پیشان بدەین.

هەروەها نیگەرانیی خۆیشیان لەبارەی کاریگەریی شەڕی غەززە لەسەر هۆڵاندەوە دەربڕی. کۆمەڵەکە ڕایگەیاند: بەداخەوە کردنەوەی مۆزەخانەکە لەگەڵ ئەو شەڕەدا هاوکاتە کە ئێستا هەیە. بەڵام ئەوەش وا دەکات ئەرکەکەمان هەنووکەییتر بێت.

بەشداریی قوربانییەکان

ڕۆشە ستەینهارت، کە ڕزگاربووێکی تەمەن 82 ساڵی هۆڵۆکۆستە، یەکێکە لەو کەسانەی بە بەخشینی یادگاری هاوکاریی مۆزەخانەکەی کردووە.

ڕۆشە پێڵاوەکانی تەمەنی دوو ساڵیی خۆی بە مۆزەخانەکە بەخشیوە. چیرۆکی ئەم پێڵاوە بچووکە بەمشێوەیەیە: کاتێک دایک و باوکی ڕۆشە بە ناچاری بەجێیان هێشتووە، وەک نیشانەیەکی ناسینەوە، ئەو پیڵاوەیان بۆ لەپێکردووە، تا ئەگەر دوای جەنگەکە، یان کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاریان بوو، بەو پێڵاوەدا بیناسنەوە و بیدۆزنەوە.

ڕۆشە دەڵێت: "زۆر دڵخۆشم کە دوای ئەو هەموو کارەسات و خەم و پەژارەیەش هەر مێژوومان نەفەوتاوە. هێشتا لێرەین".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان