بەڕێوەبەری خانەنشینی کوردستان لەڕێگەی ئاڤاوە وەڵامی سەرجەم پرسیاری خانەنشینان دەداتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی كوردستان لە ڕێگەی ئاڤا میدیاوە وەڵامی دەیان پرسیار سەبارەت بە هاوتاکردن، کەمترین و بەرزترین مووچەی خانەنشینان و دەرماڵە  100 هەزارییەکە دەداتەوە. 

 

وێنە گەورەکە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خانەنیشنانی کوردستان داوایان کرد لە ڕێگەی ئاڤاوە وەڵامی ژمارەیەک پرسیاریان بدرێتەوە، ئاڤا میدیا توانی لە ڕێگەی مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشێنی کوردستان وەڵامی دەیان پرسیاری ئەو کەسانەی خانەنشین دەبن یان ئێستا خانەنشین بوون وەربگرێتەوە لەوانە، جۆرەکانی خانەنشینی، هاوتاکردنی مووچە، کەمترین و بەرزترین مووچەی خانەنشینان، هاوکات شێوازی  خانەنشین بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست و چەندین پرسیاری دیکە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت:

 

1: چەند جۆر خانەنشینی هەیە؟

 

مریەم عوسمان: سێ جۆر خانەنشینی هەیە، مەدەنی، ئەمنی و پێشمەرگە. هەر یەکەیان یاسای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بۆ مووچەی هەموویان دەگەڕێینەوە سەر یاسای ژمارەی 9ی ساڵی 2014، بۆ خانەنشینانی مەدەنی یاسای 2014 پەیڕەو دەکرێت، بۆ خانەنشینانی  پێشمەرگە یاسای ساڵی 2007 پەیڕەو دەکرێت و دواتر  بۆ ئیحالەکردن کار بە یاسای 2014 دەکرێت، بۆ خانەنشینانی ئەمنی کە مەبەست لە وەزارەتی ناوخۆیە (ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ.. هتد) بەپێی یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2011ی ناوخۆ دەبێت، بەهەمانشێوە بۆ ئیحالەکردن کار بە یاسای 2014 دەکرێت. 

 

2: ئیحالە چییە؟

 

مریەم عوسمان: بڕی مووچەیان بەپێی یاسای ساڵی 2014 بۆ دیاری دەکرێت، واتا هەژمارکردنی ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و 100 هەزارەکە و ئیکرامییە و هەموو شتێک دەیانگرێتەوە ئەگەر مەرجەکانیان تێدا بێت.

 

3: هەژمارکردنی بڕوانامە چۆن ئەبێت؟

 

مەریەم عوسمان: بەپێی یاسای عێراق، بڕوانامەکان دەگۆرێت و بەمجۆرەی لێ دێت و بڕوانامەی ئامادەیی هەژمار ناکرێت:

بڕوانامەی پەیمانگە: 5%
بڕوانامەی بەکالۆریۆس: 10% 
بڕوانامەی ماستەر: 15%
بڕوانامەی دکتۆرا: 20%

 

4: هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کێ دەگرێتەوە؟

 

مریەم عوسمان: ئەوەی کە تەمەنی یاسایی خۆی تەواو کردبێت، بۆ فەرمانبەرانی ئاسایی تەمەنی 60 ساڵی، بۆ کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدان تەمەنی 65 ساڵی، بۆ مامۆستایانی زانکۆ تەمەنی 63 ساڵی، ئەو فەرمانبەرانەیی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و ڕاگیراوانی سیاسی ژمارە 11ی ساڵی 2011ـی کوردستان دەیانگرێتەوە، 65 ساڵی، پێشمەرگە و پلەدارانی سەربازی 60 ساڵی.


ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ڕاژەی زانکۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر)ـن، پزیشکانی دادوەری و پزیشکانی سڕکردنی و پزیشکانی دەروونی ڕاوێژکاران و ڕاوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجومەنی شوورای هەرێم, فڕۆکەوانانی مەدەنی لەوانەی کار دەکەن وەک کاپتنی فڕۆکە بە شێوەیەکی کرداری و لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنی بەرکاریان هەیە.، هی سەرجەمیان 63 ساڵە بە مانگ و ڕۆژ.

سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن، لە نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت فەرمانبەر تەمەنی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و پێش 03-07-2024 مامەڵەی خانەنشینبوونی کردبێت، بەڵام لە ئێستا بەدواوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 جێبەجێ دەکرێت و پێویستە فەرمانبەر تەمەنی 50 ساڵ بێت و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت.

ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ڕاژەی زانکۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر)ن.
2. پزیشکانی دادوەری و پزیشکانی سڕکردنی و پزیشکانی دەروونی.
3. ڕاوێژکاران و ڕاوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شوورای هەرێم.
4. فڕۆکەوانانی مەدەنی لەوانەی کار دەکەن وەک کاپتنی فڕۆکە بە شێوەیەکی کرداری و لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنی بەرکاریان هەیە.

 


5: دوای ساڵی 2014 چەند هەزار کەس خانەنشین کراون؟

 

مریەم عوسمان: 291 هەزار و 670 کەس لە مەدەنی و سەربازی و پێشمەرگە خانەنشین کراون. مانگی ڕابردوو 10 هەزار و 606 کەس بۆ وەرگرتنی مووچە UPNیان نەکردبوو، لەوکاتیشەوە تا ئێستا دوو هەزار و 707 کەس UPNیان گەڕاوەتەوە و ناویان خراوەتە ناو لیستی مووچەی مانگی دوو.

 

6: ئەوانەی یو پی ئێنیان نەکردووە چارەنووسیان چی دەبێت؟

 

مریەم عوسمان: ئەمساڵ تەرخانی داراییمان بۆ کردوون، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەرفەتیان لەبەردەمە یو پێن بکەن، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیشن دەتوانن تا کۆتایی ئەمساڵ بگەڕێنەوە، ئەگەر ئەمساڵ یو پی ئێنەکە تەواو بکەن، هیچ مووچەیەکی ئەمساڵیان نافەوتێت و هەموویان بۆ قەرەبوو دەکرێتەوە، بۆ ساڵی داهاتووش جارێ دیارنییە.

 

7: مووچەی چەند خانەنشینان هاوتا کراوە؟

 

مریەم عوسمان: بە میراتگر و خانەنشینان زیاتر لە 250 هەزار کەس لە هاوتاکردنی مووچە سوودمەند دەبن، بە خانەنشینانی زیندوو و میراتگری خانەنشینان، واتا کەسوکاری ئەو فەمانبەرانەی کۆچی دواییان کردووە.

 

8: کەمترین و بەرزترین مووچەی خانەنشینان چەند دەبێت؟

 

مریەم عوسمان: نزمترین مووچەی خانەنشینانی زیندوو کراوەتە 500 هەزار، کەمترین مووچەی خانەشینی مردوو ئەوانەی میراتگریان هەیە 400 هەزار دینار وەکو بنەما جێگیر کراوە، بەمشێوەیە:

یەک میراتگر 80٪ـی مووچە وەردەگرێت، دەکاتە 320 هەزار

دوو میراتگر: 90٪ـی مووچە وەردەگرن، 360 هەزار دینار.

سێ میراتگر؛ 100٪ـی مووچە وەردەگرن کە دەکاتە 400 هەزار دینار.

هاوکات دەرماڵە 100 هەزار دینارییەکە بۆ سەرجەمیان خەرج دەکرێت، کاتێک دەستیپێکردەوە.

 

9: دەرماڵە 100 هەزارییەکەی خانەنشینان چییە؟ بۆ بڕاوە و کەی دەستپێدەکاتەوە؟

 

مریەم عوسمان: هەموو ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە ملیۆنیک کەمترە، مینحەی 100 هەزار دیناریان بۆ بژێوی ژیان پێدەدرێت. لە 1-1-2025ـەوە بۆیان خەرج دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ جارێ ڕاگیراوە و مانگی یەک خەرج نەکرا، لە عێراق بۆ مانگی دوو خەرجکردنەوەی دەستی پێکردووە، ئێمەش نووسراومان کردووە لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نووسراوەکە 16-2 بۆ بەغدا نێردراوە، دوای ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بۆ خەرجکردنی، پێشبینی دەکەین مانگی سێ لە کوردستانیش دەسپێبکاتەوە، قەرەبووی مانگەکانی یەک و دووش وەردەگرنەوە.

 

10: لەمەودوا ئیمتیازاتی خانەنشینان چۆن دەبێت؟ زۆر باس لە ئیکرامییە دەکرێت و ڕوون نییە؟ چۆن چۆنییە، 18مووچەکە کێ دەگرێتەوە و کێ 12 و کێ هیچ نایگرێتەوە؟

 

مریەم عوسمان: ئەوەی 25 ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت، 12 مووچەی ئیکرامییە  وەرناگرێت، ئەگەر 25 ساڵی هەبێت، ئەوا ئیکرامییەکەی بە کۆی مووچە و دەرماڵە وەردەگرێت و لەلایەن بەغداوە دێت، واتا پێشتر ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی ملیۆنێک و 256 هەزار دینار بووبێت، بەغدا 12ی بەتەواوی پێدەدات، ئەگەر شەش مانگ واتا 180 ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراوەیان هەبێت ئەوا شەش مووچەی بنەڕەتیش لە فەرمانگەکەی خۆیان وەردەگرن ئەوا دەبێتە 18 مووچە، ئەگەر فەرمانبەرێکیش لە 15 ساڵ زیاتر خزمەتی هەبوو، 180 ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراوەی هەبوو، ئەوا شەش مووچە بنەڕەتییەکە دەیگرێتەوە، بەڵام لە 15 ساڵ خزمەت کەمتر هیچ ئیکرامییەیەک نایگرێتەوە.

 

11: بابەتی شەش مانگ مۆڵەت بۆ وەرگرتنی شەش مووچەی بنەڕەتی چۆنە؟

 

مریەم عوسمان: ئێمە فەرمانبەرمان هەیە 30 ساڵ خزمەتی هەیە و شەش مانگەکەی نییە، بەردەوام مانگانە فەرمانبەر دەتوانێ سێ ڕۆژ مۆڵەت وەربگرێت و شەش مانەگەکەی وەرگرتووە، بۆیە فەرمانبەرمان هەیە بە 30 ساڵ خزمەتەوە 180 ڕۆژەکەی نییە، کە وەرتگرتبێت 50 ساڵیشت هەبێت، شەش مانگ مووچە بنەڕەتییەکەت پێنادرێت.

 

12: ئەو فەرمانبەرانەی 15 بۆ 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، شەش مانگ مۆڵەتی کۆکراوەی هەبێت، شەش مووچەکە وەردەگرێت؟

 

مریەم عوسمان: ئەگەر 180 ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراوەی هەبێت بەبێ کێشە، ئەوا شەش مووچەکەی پێدەدرێت، بەڵام 12 مووچەی تەواوی پێنادرێت، ئەو 12 مووچەیە بۆ ئەوانەیە 25 ساڵ خزمەتیان هەبێت، ئەگەر 25 ساڵ خزمەت و 6 مانگ مۆڵەتی کۆکراوەی هەبێت، 18 مووچەی پێ دەدرێت.

 

13: لە 2014ەوە کە هەرێمی کوردستان کەوتە نێو قەیرانی داراییەوە، ئیکارمییە بە چەند گوژمەیەک دەدرێت؟


پرسیار ئەوەیە لە گفتوگۆکانتان لەگەڵ بەغدا، ئەوان بە چ گوژمە ئەو ئیکرامیییە دەدەنە خانەنشینان؟

 

مریەم عوسمان: ئەوە پەیوەندی بە بارودۆخی داراییەوە هەیە، مانگی ڕابردوو مووچەی خۆشیان دواکەوت بەهۆی کێشەی نەبوونی پارەی کاش، بۆیە جارێ نازانین ئیکرامییەکان بە چەند گوژمەیەک دەدەن، بەڵام بۆ خانەنشینانی نوێ ئەوانەی لە 2025 خانەنشین بوون بەهیچ جۆرێک نافەوتێت و پێیان دەدرێت.

 

14: فەرمانبەرانی گرێبەست چۆن خانەنشین دەبن، بۆ نموونە ئەوەی 15 ساڵ خزمەتی هەیە؟

 

مریەم عوسمان: ئێستا بە یاسا نوێیەکە کە مەبەستم یاسای خانەنشنی یەکگرتووی ساڵی 2014 یە، فەرمانبەری گرێبەست 15 ساڵی هەبێت دەتوانێ داوای بکات، بە مەرجێک، دووبارەی دەکەمەوە، وەزارەتەکان خۆیان لەکاتی دانانی بودجە کە لەگەڵ دارایی دادەنیشن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە حسابیان بۆ بکەن و تەرخانی داراییان بۆ بکەن، بۆ ئەمساڵیش هیچ تەرخانێکی دارایی نییە و هیچ داواکارییەک پێشکەش نەکراوە.

 

15:  ئەگەر فەرمانبەرێک لە 15 ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت، مووچە و ئیمتیازاتی چۆن دەبێت؟

 

مریەم عوسمان: ئەگەر لە 10 ساڵ کەمتری خزمەتی هەبێت بەهیچ شێوەیەک خانەنشین ناکرێت. بەڵام ئەگەر 10 ساڵ خزمەتی هەبوو، مانگانە بڕی 150 هەزار دیناری پێ دەدرێت و پێی دەڵین مەقتوعە.

 

-  ئەگەر 11 ساڵ بێت مووچەکەی 200 هەزار دینار دەبێت.
-  بۆ 12 ساڵ 250 هەزار، بۆ 13 ساڵ 300 هەزار و بۆ 14 ساڵ 350 هەزار دیناری پێ دەدرێت.

 

16:  مووچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی گرێبەست چۆن دەبێت؟

 

مریەم عوسمان: نابێت خزمەتیان لە 15 ساڵ کەمتر بێت، ئەوا بە مەقتوعی 300 هەزار دینار خانەنشین دەکرێن، 15 ساڵ کەمتریشی هەبێت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرج ناکرێت.

 

17: ئەگەر فەرمانبەرێکی گرێبەست 15 ساڵ خزمەتی تەواو نەبووبێت و  بە ڕووداێک کۆچی دوایی کردبێت، لەکاتێکدا میراتگری هەبێت، هیچ بڕە پارەیەکی پێ دەدرێت؟


 
مریەم عوسمان: هیچ مووچە و مەقتوعە و بڕە پارەیەکی بۆ نابەسترێت. ئەوە یاسایە، بۆ فەرمانبەریش وایە، ئەگەر 15 ساڵی تەواو نەکردبێت، کۆچی دوایی بکات، هیچ مووچەیەکی خانەنشینی پێنادرێت. 

 

18: ئەگەر فەرمانبەرێکی گرێبەست کۆچی دوایی کرد و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت مووچەکەی چۆن دەبێت؟


 
مریەم عوسمان: فەرمانبەری گرێبەست مەرجی بۆ دانراوە، با ئێمە بەپێی یاساکە قسە بکەین، یاساکە دەڵێت 15 ساڵ خزمەتی نابێت کەمتر بێت، مەقتوعێکیان بۆ دەبڕدرێتەوە کە 300 هەزارە. بۆ نموونە فەرمانبەرێک کۆچی دوایی دەکات خزمەتەکەی 15 ساڵ بێت، یاساکە وایە مەقتوعە 300 هەزارییەکە دەدرێت بە میراتگرەکانی.

 

19:  خانەنشینبوونی کارمەندانی کەرتی تایبەت چۆنە، لەگەڵ خانەنشینبوونی ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران؟ 

 

مریەم عوسمان: یاساکە و کاروباری ئێمە پەیوەندی بە کەرتی تایبەتەوە نییە،  کاری ئێمە حکومییە.

 

20:  کەسێک کە خانەنشین دەبێت بەپێی ڕێککارە یاساییەکان چەند کاتی پێویستە تا یەکەم مووچەی خانەنشینی وەربگرێت؟

 

مریەم عوسمان: ئەمە لەسەر وەزارەتەکە دەوەستێت، ئەگەر دۆسیەکەی بە دروستی بۆ ئێمە بنێرێت، بە کەمتر لە هەفتەیەک کارەکانی تەواو دەکەین و ناوی دەخینە لیستی مووچەوە، بۆنموونە ئەکرێت کۆی پرۆسەکە لە مانگێک بکرێت، واتا خانەنشین بێت و مووچەی خانەنشینی لە مانگی داهاتوودا بۆ ببەسترێت.

 

21:  مامەڵەی خانەنشینی بۆ وەزارەتەکان زۆر دوا دەکەوێت، ئەمەش بۆ کەمی فەرمانبەر دەگەڕێنرێتەوە، بەم هۆیەوە کێشەی زۆر دروست دەبێت و فەرمانبەر هەیە 5 بۆ 10 مانگ مووچەکەی دوادەکەوێت، چارەسەرەکەی چییە؟

 

مریەم عوسمان: کۆبوونەوەمان بە هەموو بەڕێوەبەرەکان کردووە و پێمان گوتوون ڕۆژانە مامەڵەی خانەنشینی کە بۆتان دێت و پێڕاناگەن و فریای ناکەون، بۆ ئێمەی بنێرن خۆمان لە بەڕێوەبەرایەتریی گشتی خانەنشینی تەواوی دەکەین. 

 

22: بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی ئاگادارکراونەتەوە کات بۆ هیچ فەرمانبەرێک دانەنێن بۆ ئەوەی مامەڵەی خانەنشنی بکات؟

 

مریەم عوسمان: ئێمە گوتوومانە کات دامەنێنن و بە خەڵک بڵێن مانگێکی دیکە وەرنەوە، بڵێن بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی ڕایسپاردوون کە هەر خانەنشینبوویەک کە فایلەکەی دەچێتە لقەکان دەبێت وەری بگرێت، ئەوەی کە فەرمانبەری کەمە دەینێریت بۆ لای ئێمە، ئێمە لێرە تیمێکی تایبەتی 13 کەسیمان داناوە، تایبەت بەو بەڕێوەبەرایتیانەی کە فەرمانبەریان کەمە و ناتوانن فایلەکان داخلی سیستم بکەن، دەیننێرنە ئێرە و ئێمە ئیشەکەیان بۆ تەواو دەکەین.

 

23:  ئەو کەسانەی لە ساڵی 2014 بۆ 2025 خانەنشین بوون ئیکرامییە دەیانگرێتەوە، بۆ نموونە کەسیک پرسیاری کردووە دەڵێت 19-12-2024 خانەنشین بووم، ئایا دەیگرێتەوە؟

 

مریەم عوسمان: بەڵی شەش مانگەکە دەیگرێتەوە ئەگەر 18 ڕۆژ مۆڵەتی کۆکراوەی هەبێت، بەڵام 12 مووچەکە، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بەو فەرمانبەرانەی دەدات کە دوای 1-1 2025 خانەنشین بوون، تەنیا ئەوان تەرخانی داراییان بۆ کراوە.

 


24: ئەو فەرمانبەرانەی لە 2014 خانەنشین کراون لەو کاتیشیەوە پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، پلە بەرزکردنەوەیان پێ دەدرێت یان بە چ پلەیەک خانەنشین دەبن؟

 

مریەم عوسمان: ئەگەر بێیە سەر یاسا، مەرج نییە هەر فەرمانبەرێک بە سێ ساڵ یان چوار ساڵ پلەی بەرزبکرێتەوە، لە یاساکە دیاریکراوە و خشتەیان داناوە، تا 11 پلە دەڕوات، مەرج نییە هەر کەسێک 5 ساڵی تەواو کرد پلەی بەرزبکرێتەوە.

 

25: وەزارەتی پەروەردە نازناوی زانستییان هەیە، دەتوانن بە چ یاسایەک خانەنشینیان بکەن؟

 

مریەم عوسمان: یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 کەسی بەدەر نەکردووە، هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت هەمووی بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی یەکگرتووی عێراق دەبێت و بەدڵنیاییەوە ئەوانیش دەگرێتەوە.

 

26: مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە هاوتا کراوە؟

 

مریەم عوسمان: ئەو پێشمەرگانەی پێشتر خانەنشین بوون و مووچەیان کەمتر بووە لە 500 هەزار دینار، لە مانگی یەکەوە مووچەیان بۆ زیاد کراوە و بۆیان کراوەتە  500 هەزار دینار. ئەوانیش کێشەیان نەماوە. بە گوێرەی یاساکە ئەگەر مووچەی خانەنشینی زیندوو لە 500 هەزار کەمتر بوو، بۆیان دەکرێتە 500 هەزار دینار، ئەگەر کۆچکردووش بوو، دەکرێتە 400 هەزار دینار، ئەمانیش 100 هەزار دینارەکە دەیانگرێتەوە.

 

- ئەوانەی مووچەشیان لە 500 هەزار دینار بووە، دەستکاری نەکراوە و وەکو خۆی ماوەتەوە، هەر وەکو خۆیشی دەمێنێتەوە.

 

27: مووچەی ئەو پێشمەرگانە چۆن دەبێت کە لە 1-1-2025 خانەنشین بوون یان ئەوانەی لەمەودوا خانەنشین دەبن؟

 

مریەم عوسمان: مووچە و ئیمتیازاتیان هاوشێوەی عێراق دەبێت و وەکو خانەنشینانی سوپای عێراق چ مووچە و ئیمتیازاتێک بیانگرێتەوە ئەوانیش دەگرێتەوە، تەنانەت ئیکرامییە، واتە 18 مووچە و 12 مووچەکە.

 

28: ئەوانەی خزمەتیان هەیە و ناویان هاتووەتەوە بۆ خانەنشینبوون، داواکراوە هەموو پارەکە بە یەکجار بدەن؟ دەکرێت بۆیان بکرێتە بەش بەش؟ مەبەستمان ئەوانەیە کە پێشتر پارەی خانەنشینییان لێ نەگیڕدراوەتەوە؟

 

مریەم عوسمان: ئێستا لێڕینی خانەنشینی بووەتە ڕێژەی 10%، بەگوێرەی یاسا بێت نەدەبووایە هیچیان بۆ بکرێت، یاساکە ماددەیەکی تێدایە زۆر ڕوونە، دەڵێت هەر خزمەتێک لە کاتی خۆیدا پارەی لێبڕینەکان و خانەنشینی لێ وەرنەگیرابێت، ناکرێت ئێستا جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە ئێستا من لە وەزیفەدام مانگانە لێبڕینی  خانەنشینیم لێ وەردەگیرێت، ئەی چۆن 10 ساڵە مووچەکەشی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی یەک دینار بداتە حکومەت؟ ئێمە بۆمان چارەسەر کردووە، مانگانە 20%ـیان لێ وەردەگرینەوە.

 

29: ئەمە پرسیاری پێشمەرگەیەک بوو، بۆ خانەنشینانی پێشمەرگەش هەر وایە؟

 

مریەم عوسمان: ئێمە وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە هەر خزمەتێک کە بچێتە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوان پشتگیری دەکەن و دەینێریتە ئەنجوومەنی ڕاژە، ئەنجوومەن پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەبێت وەزارەتەکەی بۆ ئێمەی بنێرێتەوە، لێبڕینەکانی لێوەرگرین کە لێمان وەرگرت، ئینجا دەبێت مووچەکەی پێ بگۆڕین. بەس لێرە پێچەوانە بووەتەوە خزمەتەکەی بۆ حسابیش کراوە، معاشەکەشی چەند ساڵە وەردەگرێت کە بێتە ئێرە دەبێت ئیجرائەتەکەی لەگەڵ بکرێت، بەس ئەوەی کە خانەنشین بووە بەپێی یاسای خانەنشینی دەتوانین تا 50% بگێڕینەوە لە مووچەی خانەنشینی بۆ ئەو قەرزانە،  بەڵام ئێمە لێرە واناکەین واتا یاساکە دەرفەتێکی داوەتە ئێمە کە کەمترین بڕ بگێڕینەوە کە 20%ـە. ئەوەی خانەنشین بووە خزمەتەکەی بۆ هەژمار کراوە بە مەرجێک مووچەی پێ گۆڕدرابێت، بەس لێبڕینەکانی لێ وەرنەگیرابێت، ئێمە بە ڕێژەیەکی کەم لە مووچەی مانگانە لێیان دەبڕین تا قەرزەکەیان ساف دەبێت.

 

30: هاوتاکردنی خانەنشینی پلە باڵاکان دەستی پێکردووە؟ مەبەستمان بەڕێوەبەرە گشتییەکان و وەزیرەکان و پەرلەمانتارانە، ئەمانە بە یاسا کراون؟ ئایا یاساکان فەرامۆش دەکرێن و کار بە یاسای عێراق دەکرێت؟

 

مریەم عوسمان: لە بەغدا هەر هەموو پلەکان بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 خانەنشین دەکرێن، سەبارەت بە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان، بەهۆی ئەوەی یاسای چاکسازیمان هەیە، مووچەکانی ئەو دوو توێژە لە هاوکێشەکەدا نییە.

 

31: هاوتاکردنی مووچەی پلەباڵان چۆن دەبێت؟ بۆ نموونە لە کوردستان مووچەی پەرلەمانتاران کەمە و لە بەغدا زۆرە، چی بەسەر دێت؟

 

مریەم عوسمان: نا وانییە، پەرلەمانتارانی کوردستان مووچەی بنەڕەتیان زۆرترە لە پەرلەمانتارانی عێراق، بەس دەرماڵەکەیان کەمترە لەگەڵ ئەوان. ئەوانەی کە پێشتر بەپێی یاسای چاکسازی خانەنشین بوونە، بەهۆی ئەوەی پێش بڕیاری دادگایە کە لە 2022 دەرچووە، خانەنشین بوون بە یاسای چاکسازی بە ڕێژەی 50%. بەپێی یاسای چاکسازی ئەوانە مووچەکانیان وەکو خۆی هێڵدراوەتەوە، بەڵام ئەوانەی لە 1-1-2025وە خانەنشین دەبن، ئەوان بەپێی یاسای 2014 خانەنشین دەبن.

 

32: هۆکاری کەمبوونەوەی پلە تایبەتەکان چییە؟ بەتایبەت بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەڵێن مووچەکانیان کەمکراوەتەوە و گلەیی دەکەن؟

 

مریەم عوسمان: ئەوانەی مووچەکانیان کەمکراوەتەوە خزمەتیان کەمە، یەکێک پێنج ساڵ و یەکێکیان 10 ساڵ خزمەتی هەیە، هەندێکیان 15 ساڵ و 20 ساڵە، بۆیە موچەیان جیاوازی هەیە.

 

33: پلە تایبەتەکان پێشتر مووچەیان زۆر بووە، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە، هۆکار چییە؟

 

مریەم عوسمان: پێشتر بە پێی یاسای چاکسازی بووە و ئێستا بەپێی یاسای ژمارە 9یە، بەمپێیە خزمەت و بڕوانامە ڕۆڵ دەبینێت و مووچەکەیان لەسەر ئەو دوو بنەمایە دیاری دەکرێت.

 

34: هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان لەنێوان یاسای چاکسازی و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق چی بەسەر دێت؟

 

مریەم عوسمان: ئەگەر بە یاسای بەغدا خانەنشینییان پێ بدەین، دەبێت مووچەی بنەڕەتیان بکەینە چوار ملیۆن، بە یاسای چاکسازییەکە مووچەکانیان زیاترە. بەڵام بە یاسای بەغدا مووچەی بنەڕەتیان دەبێت بکرێتە چوار ملیۆن، لەسەر بنەمای ئەو چوار ملیۆنە ئەژمار بکرێت کە چەند ساڵ خزمەتیان هەیە، هەیانە لەنێو ئەندام پەرلەمانەکان هەر خانەنشین نابن. کەواتە ئەگەر بە قسەی ئەوان بێت دەبێت بێین زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانمان کە مەرجەکانیان تێدا نییە بە یاسا نوێیەکە، دەبێت خانەنشینبوونیان هەڵبووەشێنرێتەوە، بەڵام لە 1-1-2025وە هەموو مامەڵەکان بە یاسای ژمارە 9ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ڕایی دەکرێت.

 

35: کێشەی بەشێک لەو پێشمەرگانەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان (فەلەک) کە پێش شەڕی داعش بڕیاردرا خانەنشین بکرێن، هەندێکیان خانەنشین کران و بەشێکیشیان بەهۆی شەڕی داعشەوە مامەڵەکانیان ڕاوەستا.

 

مریەم عوسمان: کەمتەرخەمییەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە بووە، هەرچی مامەڵەیەک نییە هاتبێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی کاری لەسەر نەکرابێت، کێشە لە دۆسیەکانیان هەبووە، بەدڵنیاییەوە داوامان لە وەزارەت کردووە و خەریکین کاری لەسەر دەکەین و کێشەی ئەوانیش چارەسەر دەکرێت.

 

36: بەغدا داواکارییەکی هەبوو تاوەکو هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی و لەنێویشیاندا بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە بێنەوە ژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی، ئێستا هەموویان لەژێر سەرپەرشتی ئێوەن؟

 

مریەم عوسمان: بەڵێ، وەزارەتی پێشمەرگە کاتی خۆی بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆی هەبوو، بەڕێوەبەری گشتیشی هەبوو خۆیان کاری خانەنشینی پێشمەرگەیان دەکرد، بەڵام لە 1-1-2025وە بە وەزارەتی پێشمەرگەمان گوتووە کە ئێمە دوو بەڕێوەبەرایەتیی خانەشینیمان هەیە، ئەوان مامەڵەی خانەنشینییەکان وەردەگرن و دەیهێنن بۆ ئێمە و ئێمە لەلایەن خۆمانەوە کاریان لەسەر دەکەین. هەر کەسێک خانەنشین ببێت و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بێت لەمە بەدوا دەبێت بێتە لای ئێمە و ئێمە وەکو وەزارەتەکانی دیکە وردبینی دەکەین و بەپێی یاسا کاریان لەسەر دەکەین.

 

37. كەمكردنەوەی خزمەتی خانەنشینیان بەپێی یاسای 27ی ساڵی 2006 چۆنە؟

 

مریەم عوسمان: ئەو 80٪ـە كاتی خۆی بە یاسایی ژمارە 27، هەرچەند ساڵ خزمەتت هەبووایە لە كۆی مووچە لە 80٪ زیاتر تێپەڕی نەدەكرد، واتە 50 ساڵیشت هەبووایە هەر 80٪ـەكەت بۆ دادەنرا. بۆیە كاتێك مامەڵەی خانەنشینی دەگەیشتە لای ئێمە 32 ساڵەكەیان دەنووسی، هەبوو سكاڵای دەكرد و بۆی راستدەكرایەوە، بەڵام هەیانە رازیبووە بەم یاسایە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەوانە بۆشیان راستبكرێتەوە كاریگەریی لەسەر مووچەیان نابێت، چونكە هەمووی پێش بڕیاری دادگای فیدراڵە، ئێستا بڕیارێكی نوێی دادگای فیدراڵیمان هەیە بە ژمارە 161، دەڵێت ئەوانەی پێش 23-11-2022 خانەنشین بوونە، ئەو هاوتاكردنە نایانگرێتەوە. واتە هەرچەند ساڵ خزمەتت هەبێت 80٪ـە، ئێمە ناتوانین بۆ بكەینە 50 ساڵ.

 

38. ئەم خانەنشینانە چی بكەن بۆ راستكردنەوەی مووچەكەیان؟

 

مریەم عوسمان: بەهۆی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كە لە 23-11-2022  دەرچووە دەرفەتی ئەوەی نەهێشتووەتەوە دەستكاری مووچەیان بكرێت، بەپێی بڕیارەكە  و یاس بەركارەكان كەسێك كە خزمەتی كەم بێت، ئەوا لە دەسەڵاتی كەس نییە دەستكاری ساڵانی خزمەتی بۆ بكرێت، دەمەوێت ئەوەش بڵێم كەمترین مووچە كە پێشتر 220 هەزار بوو، ئێستا بووەتە 500 هەزار، ئەگەر ئەو 100 هەزارەی دەرماڵەی بژێوی بگەڕێتەوە، دەبێتە 600 هەزار.

 

39. بابەتی هەژماركردنی ساڵی 1991 بە دوو ساڵی خزمەت چییە؟

 

مریەم عوسمان: لە بەغدا بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ساڵەكەی بۆ دیاریكردوون كە ئەوكاتەی شەڕی عێراق و ئێران بووە لەگەڵ شەڕی داعش هەر ساڵێك بە دوو ساڵ ئەژمار دەكرێت، ساڵی 1991 مووچەخۆران قەدەمێكیان وەرگرتووە و بە دووساڵ بۆیان ئەژماركراوە.

 

40. خانەنشینی مەدەنی هەر مانگێك بڕە مووچەكیان پێ دەدرێت، هۆكاری چییەو كەی مووچەیان جێگر دەكرێت؟

 

مریەم عوسمان: پێشتر یاسایی ژمارە 27 بوو، دواتر یاسایی چاكسازی دەرچوو، ئێستا یاسای ژمارە 9. بۆیە مووچەكانیان بەگوێرەی یاساكان كەم و زیادیكردووە، بەڵام لەمەودوا بەو یاسایە واتە یاسای ژمارە 9 مووچەكانیان جێگر دەكرێت. تا ئەو یاسایە كاری پێ بكرێت، مووچەكانیان بەو شێوەیە دەبێت.

 

41. تاكەی مووچەی خانەنشینی وارسی شەهید خەرج دەكرێت و كەی كۆتا مووچە وەردەگرێت؟

 

مریەم عوسمان: كچ تاوەكو پێش ئەوەی هاوسەرگیری دەكات بۆ ی خەرج دەكرێت، بەڵام كە هاوسەرگیری كرد مووچەكەی دەبڕدرێت. بۆ كوڕیش تەمەن دیاریكراوە، ئەگەر قوتابی بێت تاوەكو تەمەنی 26 ساڵی پێی دەدرێت، بەڵام لەدوای 26 ساڵەوە لێ دەبڕدرێت.

 

42. دەرماڵەی مەترسیی دەخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی بۆ خانەنشینی؟

 

مریەم عوسمان: لە یاساكەدا دەرماڵەی تێدا نییە، تەنها مووچەی بنەڕەتی وەك بنەما وەردەگیرێت. دەرماڵە نەك بۆ وەزارەتی كارەبا یا دەستەیەك، بەڵكو بۆ هیچ وەزارەتێك ئەژمار ناكرێت.

 

43. ئەو خانەنشینانەی بایۆمەتریان نەكردووە لە دەرەوەی وڵاتن و ناشتوانن بگەڕێنەوە، چارەنووسیان چی دەبێت؟

 

مریەم عوسمان: دەبێت هەر بایۆمەتری بكەن، مووچەیان پێنادرێت تاوەكو دەگەڕێنەوە بایۆمەتری دەكەن بۆ ئەمساڵ تەرخانیان بۆ كراوە و هەر كاتێك لەم ساڵدا هاتنەوە بایۆمەتری بكەن مووچەیان بۆ خەرج دەكرێت، بۆ ساڵی داهاتووش دیار نییە چۆن دەبێَت.

 

44. ئەگەر كەسێك خانەنشین بێت و بووبێتە كەفیلی كەسێك بۆ قەرزێكی حكومی، كەسەكە قەرزەكەی نەداتەوە، حكومەت لە مووچە ئیكرامییەكە قەرزەكە وەردەگرێتەوە؟

 

مریەم عوسمان: لە ئیكرامییە نا، بەڵام كاتێك دادگا نووسراو بۆ ئێمە دەكات ئێمەش ئاگاداری لقەكان دەكەینەوە بۆ ئەوەی ڕێكاری یاسایی لەگەڵ بەرامبەر بگرنەبەر، ئەمەش تەنیا بۆ قەرزی حكومی. بەپێی یاسای خۆشمان ڕێژەیەك لە مووچەكەی دەگێڕدرێتەوە، بۆ نموونە ناتوانین زیاتر لە 50٪ لە مووچەی خانەنشینەكە بگێڕینەوە و بیدەینەوە قەرز.

 

45. خانەنشینێك لە مانگی 2ی 2024 خانەنشین بووە، 6 ملیۆن ئیكرامییەی وەگرتووە، دەپرسێت ئیكرامییەی 12 مووچەكە دەیگرێتەوە؟ مەبەستی ئەوەیە جیاوازییەكەی پێ دەدرێتەوە؟

 

مریەم عوسمان: نەخێر ئەو دوانزە مووچەیە پێی نادرێت،  بەغدا لە 1-1-2025وە تەرخانكردنی بۆ كردووین، رونتر بڵێم ئەوانە تەرخانیان بۆ نەكراوە بۆیە ناتوانرێت پێان بدرێت.

 

46. مانگی یەك بڕێكی زۆری مووچەی خانەنشینانی سەربازیی بەتایبەت لە سنووری سلێمانی كەمكرایەوە، ئەم مانگە كێشەكەیان چارەسەركراوە؟ قەرەبووی مانگی ڕابردوو وەردەگرنەوە؟

 

مریەم عوسمان: راستە ئەم كێشەیە هەبووە، بەڕێوەبەرەكە سەربەخۆ دەستكاری مووچەكەی كردوون، بۆیە پێمان چاككردنەوە و بۆ مانگی دوو چاككراوەتەوە، نوسراومان بۆ بەغداد كردووە كردووە كە ئەم كێشەیە هەبووە و قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها ئێمە لەگەڵ بەغدا وا ڕێككەوتووین كە تا 31ی 12 مووچەكانیان وەك خۆی دەبێت، لە 1ی 1ی 2025 بە یاسای نوێ دەبێت، لە هەولێر و دهۆك ئەو كێشەمان نەبوو.

 

47. كەسێك دەپرسێت لە 2017ەوە خانەنشین بووم و بەهۆی ئەوەی UPNم نەبوو، مووچەی چوار مانگی ساڵی 2024 ڕاگیراوە، ئێستا UPNم كردووە، ئایا قەرەبووی ئەو چوار مانگە دەكرێمەوە؟

 

مریەم عوسمان: كە خانەنشین بووە دەبێت وەریبگرێت بەو مەرجەی تەرخانی دارایی هەبێت، ئێستا ئێمە بۆ ساڵی 2025 هەموو ئەوانەی هەیە تەرخانی داراییان بۆ دەكەین،  وەزارەتەكانیش كاتێك ناوی كارمەند و خانەنشینان دەهێنن بە وەزارەتی دارایی دەڵێن، بۆ ئەو ناوانە تەرخانی داراییمان بۆ بكەن، ئەگەر تەرخان نەبێت پارە لە كوێ بهێنین، بەڵام ئەگەر تەرخانی دارایی هەبێت بەڵنیایی مووچەكەیان وەردەگرن و نەفەوتێت،  بە ڕاستی وەزارەتەكانیش لەم بابەتەدا هەندێكجار كەمتەرخەمن، هەر ئیشێك بكەین بەپێ تەرخانی دارایی دەیكەین، ئەو بەڕێزەش ئەگەر لەناو ئەو 10 هەزار و 660 كەسە بێت كە UPNیان نەبوو و تەرخانیان بۆ كرابوو، قەرەبوو دەكرێنەوە، چونكە ئێمە لە مانگی هەشتەوە لەگەڵ بانكەكان گفتوگۆمان دەكرد تاوەكو هەموو خانەنشینان UPN بكەن بۆ ئەوەی مووچەكانیان ڕانەگیرێت.

 


48: خزمەتی سەربازیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت؟

 

مریەم عوسمان: نەک هەر خزمەتی سەربازیی, ئێمە دوو سێ گشتاندنمان هەیە لە ساڵانی 2004 و 2010 کە خزمەتی سەربازیی چیتر هەژمار ناکرێت، چونکە بەڵگە و بەراییان نییە و ناکرێت هەر کەسێک بێت و بڵێت خزمەتی سەربازییم هەیە، ئێستاش بەگوێرەی گشتاندنێکی نوێ کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دەرچووە و عێراقیش لای خۆی ڕێنمایی بۆ دەرکردووە، هەژماری خزمەت ڕاگیراوە بەگوێرەی گشتاندنی ژمارە 3ی ساڵی 2025. لە بەغداش تا پەسەندکردنی بودجە و تەرخانی دارایی، هەژماری خزمەت و سەر مووچە و پلەبەرزکردنەوەش ڕاگیراون، هاوشێوەی دامەزراندنی نوێ و گواستنەوەی ڕاژە و ئەم بابەتانە. بۆ ئەم بابەتە دەبێت فەرمانبەر خۆی داوای بکات، بەڵام ئەگەر وەزارەتەکە ڕێکارەکان پەیڕەو نەکات، کەسەکە هیچی بۆ ناکرێت.

 

49. بەشێک لە خانەنشینانی یەکەکانی 70 و 80 مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، ئایا لەگەڵ مانگی دوو پێکەوە وەریدەگرن؟

 

مریەم عوسمان: ئێمە لەڕێگەی وەزارەتی پێـشمەرگەوە لیستی خانەنشینانی یەکەکانی 70 و 80 مان بۆ دێت، مانگی ڕابردوو کەموکوڕی هەبوو، داوامان کردووە دۆسیەی سەرجەمیان وردبینی بۆ بکرێت و چاک بکرێت ئینجا بۆمان بنێرنەوە، کە دۆسیەکانیان تەواو بوو لە لیستی مووچە داخڵیان دەکەین، دڵنیایان دەکەینەوە مووچەیان نافەوتێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەرخانی داراییمان بۆ کردوون، بەهیچ شێوەیەک مووچە فەوتان لە حکومەت نییە، دواتر لە لیستی مووچە ڕوونکردنەوە دەنووسین کە قەرەبوو بکرێنەوە.

 

_هەندێکجار کە کەمتەرخەمی لە وەزارەتەکانی دیکەیە، نابێت لەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەژمار بکرێت، 

 

50: بەشێکی دیکە لە خانەنیشنان دەڵێن لەبەر پەلەپەلی, ناوی ئێمە داخڵ نەکراون؟

 

مریەم عوسمان: لای ئێمە ئەو شتە نییە، بەر لەوەی لیستی مووچە ببەستین ئێمە هەفتەیەک کاتمان هەیە، لەو ماوەیەدا ئەوەی هاتبێت داخڵی دەکەین، ئەگەر درەنگیش بینێرن داخڵی لیستی مووچەی مانگی دواتری دەکەین. 


51: هێزەکانی 70 بۆچی لەکاتی خانەنشینی ئیکرامیە وەرناگرن؟

 

مریەم عوسمان: ئەوە لای وەزارەتی پێشمەرگە و ژمێرکاری وەزارەتەکەیە ئەوان دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە.

 

52: مووچەی خانەنشینانی وەزارەتی ناوخۆی کوردستان هاوتای عێراق کراوە؟ 

 

مریەم عوسمان: بەڵێ هاوتاکراوە، لە 1.1.2025 هەمان مووچە و ئیمتایازاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق وەردەگرن، بۆ ئەوانەی ڕابردووش خانەنشین کراون هاوشێوەی خانەنشینانی مەدەنی مووچەی هیچ خانەنشینێکی زیندوو لە 500 هەزار دینار کەمتر نابێت، ئەگەر کۆچی دواییشی کردبێت، بەهەمانشێوە 400 هەزار دەبێت بەگوێرەی میراتگرەکان مووچەیان پێدەدرێت، 100 هەزارەکەش دەیانگرێتەوە.

 

53: ئەو پێشمەرگانەی لەدوای ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەکانیان هاوتای خانەنشینانی سوپای عێراق دەکرێت؟

 

مریەم عوسمان: پێشتر ئەوانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە دۆسییەکانیان چۆن هاتووە ئێمە بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ کردوون، بەڵام لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن کراوە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە مووچەی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە هاوتای عێراقی لێدێت، بەڵام ئەوانەی ساڵی 2014 و دواتر کە ئەگەر ئێمە هاوتای بکەین، مووچەکانیان کەم دەکات، بۆیە دەستکاریمان نەکردووە. پێشنیازێکی نوێش هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر هاوتا کرا و مووچەیان کەم بووەوە چۆن چارەسەری بکەین، خەمیان نەبێت مووچەیان کەم ناکات.

 

54: کەمئەندامانی سەنگەر لە یەکەی 80 دەڵێن مووچەکانیان ڕاگیراوە، هۆکارەکەی چییە؟

 

مریەم عوسمان: بۆ ئەوە دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە پرسیار بکەن. لەڕێگەی ئاڤاوە بەپێویستی دەزانین وەزارەتەکان ئاگادار بکەینەوە شەش مانگ پێشتر پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بکەن کە خانەنشین دەبن، تا هەر کەموکوڕییەک لە دۆسییەکانیان هەبێت، چارەسەری بکەن، ئەگەر زووتر دۆسیەکانیان ئامادە بکەن، ئەوا لای ئێمە تەنیا هەفتەیەکی دەوێت و هەمان ئەو مانگەی بڕیاری خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە، مامەڵەکەیان تەواو دەبێت و لە مانگی داهاتوو ناویان دەخرێتە لیستی مووچە و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، واتا بەهیچ جۆرێک پێویست ناکات چەند مانگێک مووچە وەرنەگرن، هەرچەندە هیچ مووچەیەکیان نافەوتێت و دواتر قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام منیش دەپرسم بۆچی فەرمانبەرێک کە خانەنشین دەبێت پێویست بکات نزیکەی ساڵێک چاوەڕێ بکات تا مووچەی خانەنشینی بۆ ببەسترێت؟ بۆیە تکا لە وەزارەتەکان دەکەم شەش مانگ زووتر کار لەسەر دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانەیان بکەن کە خانەنشین دەبن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ