سەرۆك بارزانی بۆ جووتیارانی كورد: بە هەموو هێزێك پشتیوانتانین

شەیری بکە لە:
سەرۆك بارزانی بۆ جووتیارانی كورد: بە هەموو هێزێك پشتیوانتانین

ئاڤا نیوز

سەرۆك بارزانی، سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی گوندی شەناغە دێتە دەنگ و پەیامێك ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات و بە جووتیارانی كوردی ناوچەكەش دەڵێ  بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانتان دەكەین.

چیرۆكی سەرەكی:  ئەمڕۆ دووشەممە 2025-02-17، هێزێكی سەر بە سوپای عێراق هەڵیكوتایە سەر گوندی شەناغەی سەر بە پارێزگای كەركووك و وێڕای ڕێگریی لە جووتیارانی كورد كە سەرقاڵی كێڵانی زەوییەكانیان بوون، ژمارەیەك سەربازی عێراقیش پەلاماری چەند جووتیارێكی كوردیان دا و زیانیان پێگەیاندن، ئەمە كاردانەوەی توندی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.

پەیامی فەرمی: سەرۆك بارزانی، لە پەیامێكیدا سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی گوندی شەناغە و ڕێگریكردن لە جووتیاران و ئازاردانیان ڕایگەیاند:

٠ دیمەنی ئازاردانی جووتیارێكی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە.

٠ ئەمە ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لەدژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن.

٠ داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن.

٠ دەستخۆشی لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لەبەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوونە و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ