سەرۆکوەزیران بارزانی لە ساڵیادی ڕاپەڕین: پێویستە یەکڕیز و یەکدەنگ بین

شەیری بکە لە:
سەرۆکوەزیران بارزانی - وێنە:KRG

سەرۆکوەزیران بارزانی - وێنە:KRG

ئاڤا نیوز


سەرۆکوەزیران بارزانی لە سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان جەخت لە یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنەکان دەکاتەوە. 

 

پەیامی پیرۆزبایی: سەرۆکوەزیران بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: لە سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ـی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی  و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، ڕەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت كرد. 

 

بۆچی گرنگە: ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.

سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەی وادەڵێت


نێوەڕۆکی پەیام: لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ کە یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.


بابەتی ستراتیژی: پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی هاتووە

 

درێژەی پەیام: سەرۆکوەزیران بارزانی ئەوەشی گوت: با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: