بەهۆی حووسییەکانەوە جەنگێکی دیکە بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت؟

شەیری بکە لە:
بەهۆی حووسییەکانەوە جەنگێکی دیکە بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت؟

حووسییەکان لە یەمەن

ئاڤا میدیا

هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن پاش ئەوە هاتن کە چەند هەفتەیەکە ئەمەریکا هۆشداری بە حووسییەکان دەدات تا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریای سوور ڕابگرن، بەڵام حووسییەکان هەم بە مووشەک و هەم بە درۆن بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ئەم کەشتییانە و ئەمەش ئەمەریکای ناچار کرد هەڕەشەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەمەش ئەو پرسیارەی ورووژاندووە کە: ئایا حووسییەکان جەنگیان لەگەڵ ئەمەریکادا دەوێت، یان نا؟ ئەگەر دەیانەوێت، بۆچی؟

 

هۆکارە زانراوەکان: حووسییەکان، وا دەیەیەکە زۆربەی ناوچەکانی یەمەنیان خستووەتە ژێر دەستی خۆیانەوە، ڕایانگەیاند کە لە 73 هێرشی ئاسمانیدا بۆ سەریان پێنج کەسیان لێ کوژراوە، بەڵێنیشیان دا کە تۆڵە دەستێننەوە و درێژە بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور دەدەن، کە دەڵێن گوایە بۆ هاوکاریی فەڵەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل وا دەکەن، کە ئەمەش دۆزێکی دڵخوازی خەڵکی یەمەنە.

 

    • دوو شەوە ئەمەریکا و بەریتانیا بە یارمەتیی چەند وڵاتێکی دیکە هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر هەندێک دامودەزگا و ناوچەی حووسییەکان کە «مووشەک، درۆن و ڕادار"ـی لێن. پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم هێرشانەش، سەدان هەزار کەس لە سەنعا-ی پایتەختی یەمەن خۆپیشاندانیان ساز کرد و دروشمی دژ بە ئەمەریکا و ئیسرائیلیان گوتەوە. هاوکات لە شارەکانی دیکەی یەمەنیشدا خۆپیشاندان بە ڕێوەچوو.


لێدوانە فەرمییەکان: جیراڵد فیەرستین، باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە یەمەن پێی وایە کە ئەمەریکا ڕێک ئەوەی داوە بە حووسییەکان کە ویستوویانە: کە ئەویش جەنگە؛ ناوبراو بە ئاژانسی ڕۆیتەرسی ڕاگەیاندووە: "بێگومان حووسییەکان دەیانەویست ئەمەریکا تا ئەو ڕادەیە بورووژێنن کە تۆڵە بستێنێتەوە و دڵنیا بوون کە دەتوانن خۆڕاگر بن لە بەرانبەر هەر شتێکدا کە ڕوو بدات. ئەوان پاڵپشتیی خەڵکیان بە دەست هێناوە".

   

   • شارەزایان دەڵێن زۆربەی ئەو باوەڕبەخۆبوونەی حووسییەکان لەوەوە دێت کە بەرگەی ساڵانێک هێرشی سعودیەیان گرتووە، بەڵام ڕەنگە ئەم هەڵمەتەی ئەمەریکا پێشڕەویی دەکات جیاواز بێت.

 

  • دۆگڵاس سیمس، ئەفسەری سوپاسالاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە بەڕێوەبەری هێزە یەکگرتووەکانی ئەم هێرشانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشیەتی بۆ سەر حووسییەکان، ڕۆژی پێنج شەممە بە پەیامنێرانی گوت: هێرشەکان 28 پێگەیان کردووەتە ئامانج کە زیاتر لە 150 چەکوچۆڵی لێبووە، هیوادارم حووسییەکان ئەوەیان لە ئێمە نەویستبێت کە هێرشی ئاسمانییان بکەینەسەر. لە پاش هێرشەکانیش گوتی: ڕەنگە حووسییەکان تۆڵە بسێننەوە.

 

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: عەبدولمەلیک ئەلحووسی، ڕابەری جەنگاوەرە حووسییەکان، کە بنەچەی خێزانی خۆی دەگەڕێنێتەوە سەر پێغەمبەر محەممەد (د.خ.)، لە گوتارێکی پێشتر-تۆمارکراویدا دەڵێت "بەهۆی دینەکەمانەوە جووڵانەوەکەمان لە ژێر ئابڵۆقەدایە." 

 

   • عەبدولمەلیک پێش ئەوەی وەک سەرۆکی جووڵانەوەی حووسییەکان دەربکەوێت، وەک فەرماندەرێکی چاونەترسی جەنگ ناوبانگی دەرکردبوو، ئەویش بە هۆی تێکۆشانی بوو لە دژی ئەو سوپایانەی سعودیە لە ساڵی 2015دا پێشڕەویی دەکردن، کە لەم بەرەنگاربوونەوانەدا دەیان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان خەڵکیش برسی بوون و ئابووریی یەمەنیش وێران بوو. ئێستا حووسییەکان لەژێر فەرمانی ناوبراودا، کە لە چلەکانی تەمەنیدایە، دەیان هەزار شەڕکەری بە دەست هێناوە و جبەخانەیەکی گەورەی مووشەک و درۆنی چەکداری بە دەست هێناوە، کە ئێران زۆربەیانی بۆ دابین کردوون.


"حووسییەکان ڕۆژی هەینی مووشەکێکی دژەکەشتییان خستووەتە نێو دەریای سوورەوە" پێنتاگۆن.


دیوە ئابوورییەکە: بە هۆی هەڵکشانی ئەم گرژییانەشەوە نرخی نەوتی خاوی بەریتانی بە ڕێژەی 1٪ گرانتر بووە، مەترسیی ئەوەش هەیە کە دابینکردنی نەوت ئاستەنگی بۆ دروست ببێت. داتاکانی کەشتییە بازرگانییەکان وا دەردەخەن کە لانیکەم نۆ نەوتهەڵگری نێو دەریای سوور وەستێنراون، یان ئاراستەیان بە لاڕێدا براوە.

 

ئەوەی لە بارەیەوە دەگوترێت: "دەبێت پێنتاگۆن ئامادەکاری بۆ چالاکیی سەربازیی زیاتر بکات و دەست بکات بە نەخشەدانان بۆ زیادکردنی وەڵامی سەربازی لە بەرانبەر هێرشەکانی دەریای سوور و سووریا و عێڕاق، دەشبێت سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە نێو ئەو ئامانجانەدا بن." مایکڵ مەڵرۆی، جێگری یاریدەدەری سکرتێری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لەژێر کارگێڕیی دۆناڵد ترەمپدا کاری دەکرد، ئەم قسەیەی کرد.


گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: ئێران پاڵپشتیی حووسییەکان دەکات لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکەدا کە هەر ئێران پاڵپشتییان دەکات، وەک حەماس و میلیشیاکانی عێڕاق و سووریا، وەک "تەوەرێکی بەرگری" لە ناوچەکەدا دەیانناسێنێت. ئەمەریکاش ئێران بەوە تاوانبار دەکات کە توانای سەربازی و چەکوچۆڵ و زانیاریی هەواڵگریی بە حووسییەکان داوە تا پەلاماری کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریای سوور بدەن. حووسییەکانیش ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە ئەوان بووکەڵەی دەستی ئێران بن و دەڵێن ئەوان دژی سیستمێکی گەندەڵ و گرژییەکانی ناوچەکە دەجەنگن.
فیەرستین، کە پێشتر ناویمان هێنا، پێی وایە کە "نابێت هەلی جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا بدرێت بە حووسییەکان."

 

شەیری بکە لە: