ئاڤا هۆکاری وەستانی پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

دیمەنی خانووێک - سکووپی ئاڤا

ئاڤا نیوز

ئاڤا بەدواداچوون لەبارەی هۆکاری سستی و ڕاگرتنی پرۆسەی تاپۆکردنی ئەو زەوییە زێدەڕۆییانە دەکات کە لە ساڵی 2019ەوە لە پەرلەمانی کوردستان بە چەند ڕێنماییەک بڕیاری تاپۆکردنیان دراوە، بەگوێرەی بەدواداچوونی ئاڤا زیاتر لە 250 هەزار زەوی زێدەڕۆیی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن.

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: تاپۆکردنەکە بەپێی بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2019یە تایبەت بەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەرکراوە، هەر کەسێک پێش 13-3-2018 لەسەر زەوییە زێدەڕۆکە خانووی دروست کردبێت، لە دەسەڵاتی شارەوانییە کە تاپۆی بکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم بڕیارە لەماوەی کابینەی نۆیەم جێبەجێکراوە و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام سستی تێکەوتووە و لەهەندێ شوێنیش ڕاگیراوە، هەر کەسێک پێش 9-9-2022 داواکاری دابێتە یەکە کارگێڕییەکان (پارێزگا، قایمقامیەت، ناحیە) بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکە، ئەو زەوییەی خانووی لەسەر کردووە تاپۆ دەکرێت، دوای ئەو ڕێکەوتە هیچ مامەڵەیەک وەرنەگیراوە.


پارێزگای هەولێر:

تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر بە قەزا و ناحییەکانەوە دەورووبەری 100 هەزار زەوی زێدەڕۆ هەن، کە 17 هەزار کەس مامەڵەی تاپۆی کردووە و خانووی نزیکەی 500 کەس تەواوکراوە، بەهۆی نەخشە دانان، پلان، وردبینی و گرفتی دیکە دواخراوە.

پارێزگای سلێمانی:

لە سلێمانی سەرووی 25 هەزار کەس مامەڵەیان پێشکەش کردووە، بەڵام دروست ئەو ژمارەیە دیار نییە کە چەندیان تاپۆی تەواو بووە.

پارێزگای دهۆک:

لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 14 هەزار پارچە زەوی تەجاوز داواکاری تاپۆکردنیان پێشکەشکراوە.

مەرجەکانی تاپۆکردن چین ؟

1. خانووە تەجاوزەکە بکەوێتە سنووری شارەوانییەکان و لەو ناوچانە بێت کە بەپێی ماستەر پلان و نەخشەی وردەکاری شارەوانییەکان بۆ نیشتەجێبوون تۆمارکراون.

2. ئەو خانووەی لەسەر زەوییەکە دروستکراوە بەمەبەستی نیشتەجێبوون بەکارهێنرابێت.

3. ئەو کەسەی خاوەنی خانووەکەیە نووسراوێک ئاراستەی لایەنی پەیوەندار بکات، دەبێت لەماوەی 120 ڕۆژدا داواکاری خاوەندارێتی ئاراستەی یەکەی کارگێڕی کرابێت.

4. ئەو کەسەی دەبێتە خاوەنی زەوییە زێدەڕۆیەکە، نابێت خاوەندارێتی بۆ یەک پارچە زەوی زیاتر بکات.

5. نابێت ڕووبەری زەوییەکە لە سەنتەری پارێزگا 200 مەتر، قەزا 250 مەتر و لە ناحییە 300 مەتر زیاتر بێت.

ئەمەش بزانە: پرۆسەی تاپۆکردنەکە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە دەکرێت، بەڵام لە بەرامبەر پێدانی زەوییەکە بڕێک پارە وەردەگیرێت.

پارە دانەکە بە دوو شێوازە:

ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون: بۆ هەر مەترێک بڕێک پارە تەرخانکراوە.

لە پارێزگاکان 15 بۆ 30 هەزار دینار

لە قەزاکان 10 بۆ 15 هەزار دینار

لە ناحییەکان 5 بۆ 8 هەزار دینار

بەڵام ئەوانەی سوودمەند بوون، 100% بەهای ڕاستەقینەی زەوییەکە دەخەمڵێنرێت, جگە لەوەش حوکمە داراییەکانی ئەو یاسایە کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر ناگرێتەوە.

ئەو زەوییانەی کە تاپۆناکرێن کامانەن؟ 

لە کاتی ڕوودانی زێدەڕۆیی لەسەر ئەو زەوییانەی پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان موڵکی دەوڵەتن و مافی ڕەفتارکردنی کەسی دیکەیان بەسەرەوەیە، موڵکایەتییان هەڵدەوەشێتەوە بەپێی یاسای ژمارە 80ـی ساڵی 1970 بەناوی شارەوانی دەکرێت.

شەیری بکە لە: