لە عێراق ساڵانە هەزاران هاوسەرگیری بەبێ گرێبەستی یاسایی دەکرێن

شەیری بکە لە:
منداڵێکە بەشداربووە لە هەڵمەتی دژ بەشوودانی منداڵان لە ئەمریکا، داوا دەکات هاوسەرگیریی منداڵان ڕابگیرێت - وێنە: سکای نیوز

منداڵێکە بەشداربووە لە هەڵمەتی دژ بەشوودانی منداڵان لە ئەمریکا، داوا دەکات هاوسەرگیریی منداڵان ڕابگیرێت - وێنە: سکای نیوز

ئاڤا نیوز

 

هاوسەرگیری و مارەبڕینی کچ و کوڕان لە تەمەنێکی کەمدا، لە عێراق ڕوو لە زیادبوونە، ئەمەش بەشێکی زۆریان لە مافەکانیان بێبەش دەکات و چەندین کێشەشی لێدەکەوێتەوە.

 

وێنە گەورەکە: پیاوانی ئایینی لە عێراق هەزاران پرۆسەی مارەبڕین دەکەن، لە نێویاندا منداڵانی خوار تەمەنی 14 ساڵی هەن کە پێچەوانەی یاسا عێراقییەکانن و بە فەرمی تۆمار نەکراون. ئەمە بەپێی ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچ 

 

زانیاریی زیاتر: پیاوانی ئایینی و خاوەن نووسینگە شەرعییەکان (ڕێگەپێدراوەکان) پرۆسەی ئاسانکاری لە مارەبڕینەکە دەکەن بەشێوازێک کە بەفەرمی تۆمار ناکرێن، ئەمەش بووەتە هۆکاری زیادبوونی هاوسەرگیریی منداڵان کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی عێراقە.

 

ژمارەکان وا دەڵێن: لە ماوەی 20 ساڵێ ڕابردوودا، ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە عێراق بەردەوام لە زیادبووندا بووە، 28% لە کچانی عێراق بەر لە تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری دەکەن، 22%ـی ئەو هاوسەرگیرییانەی لە عێراق تۆمارنەکراون کچانی تەمەن خوار 14 ساڵن.


ڕاپۆرتێکی ورد لەمبارەیەوە:

 

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی، ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، هیومان رایتس وۆچ  (HRW)، کە ڕۆژی 03-03-2024، بڵاوکراوەتەوە و کۆپیەکی بۆ ئاڤا نیوز نێردراوە و تێیدا هاتووە، کە پیاوانی ئایینی لە عێراق ساڵانە هەزاران کچ و کوڕ مارەدەبڕن، لەنێوانیاندا مارەکردن و هاوسەرگیریی منداڵان هەیە کە پێچەوانەی یاساکانی عێراقە و بەفەرمی تۆمار نەکراون، ئەمەش پێشێلکردنی مافی ژنان و کچانە.

 

هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو کچان لە زۆر ماف بێبەش دەکات


هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو کەلێنێک لە سنووردارکردنی یاسایی بۆ هاوسەرگیریی منداڵان دروست دەکات، دەبێتە هۆی کاریگەرییە کارەساتبارەکان لەسەر توانای ژنان و کچان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە حکومی و پەیوەندیدارە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە باری کەسی خۆیان، بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان، یان کە داوای مافی مارەیی و پشتگیری هاوسەرگیری و میرات بکەن.

 

ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی کچان بە تووندوتیژی سێکسی و جەستەیی زیاد دەکات


لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق بە بەردەوامی لە زیادبووندا بووە، 28% لە کچانی عێراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری دەکەن، 22%ـی ئەو هاوسەرگیرییانیەی لە عێراق تۆمارنەکراون کچانی تەمەن خوار 14 ساڵن. هاوسەرگیریی منداڵان مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی کچان بە تووندوتیژی سێکسی و جەستەیی زیاد دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیان هەیە، بێبەشیان دەکات لە خوێندن و کار. هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ئەم داتایانە پشتی بە یونیسێف و یۆنامی بەستووە.

 

بەپێی یاسای عێراقی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە قەدەغەیە


هەرچەندە زۆرێک لە پێکهاتە ناوخۆییەکانی عێراق هاوسەرگیریی ئایینی بە ڕەوا (شەرعی) دەزانن، بەڵام بەپێی یاسای باری کەسیی عێراق کارێکی نایاساییە، بەفەرمی دانی پێدانانرێت تاوەکو لە دادگەی باری کەسیدا تۆمار بکرێت، گرێبەستی هاوسەرگیریی مەدەنی بۆیان دەردەکرێت.


چونکە بەبێ گرێبەستی فەرمیی هاوسەرگیریی مەدەنی، ڕێگە بە ژن و کچان نادرێت لە نەخۆشخانە حکومەییەکان منداڵیان ببێت، ئەمەش ناچاریان دەکات بژاردەی منداڵبوون لە ماڵەوە هەڵبژێرن دوور لە فریاگوزاریی پزیشکیی پێویست بۆ منداڵبوون، ئەمەش مەترسیی تەندروستی لەسەر دایک و منداڵەکە دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر دایکەکە خۆشی منداڵ بێت.

 

چیرۆکی بەشێک لەو کچە منداڵانەی لە دەرەوەی دادگەکان هاوسەرگیرییان کردووە


یەکێک لەو کچانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە، ئەو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەژیت و لە تەمەنی 14 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە، لە تەمەنی 15 ساڵی جیابووەتەوە و دەڵێت، "هاوسەرەکەم ڕەتیکردەوە بەڵگەنامەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە دروستبکەین، بۆیە تاوەکو ئێستا من لەسەر ناسنامە بەپێی یاسا سەڵتم، من ناتوانم داوای پشتگیریی مانگانە لە حکومەت بکەم کە 105 هەزار دینارە و دەدرێت بەو ژنانەی جیابوونەتەوە، بێبەشبوونی لەو مافانەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت هاوسەرگیری و جیابوونەوەی خۆی بیسەلمێنت.

 

بەپێی یاسای ساڵی 1971ـی تۆمارکردنی لەدایکبوون و مردووەکانی عێراق، دایک و باوکان دەتوانن بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان دروست بکەن، بەبێ ئەوە منداڵەکان ناتوانن هیچ بەڵگەنامەیەک بەدەست بێنن، بەمشێوەیەش لە قوتابخانە و فەرمانبەری و بەڵگەنامەی گەشتکردن و تاڕادەیەک لە ناسنامەش بێبەش دەبن.

 

کچێکی دیکە کە لە تەمەنی 14 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و بە کاتێکی کەم دووگیان بووە، باسی لەوە کردووە، کە هاوسەرەکەی جێیانی هێشتووە و لە نەخۆشخانەش وەرنەگیراوە، بۆیە بە ناچاری لە ماڵەوە منداڵەکەی بووە، دوای گرێبەستی "ئایینی"ـی هاوسەرگیرییەکەی بردووە بۆ تۆمارکردن، بەڵام بۆی نەکراوە و ئێستا تەمەنی دایکەکە 16 ساڵە و هێشتا منداڵەکەی بێ بەڵگەنامەیە. 

 

بۆ پیاوە ئاینییەکان سزا نادرێن؟

 

هیچ دەقێک لە یاسای عێراقی نییە بۆ سزادانی پیاوە ئایینییەکان، ئەوانەی کە مارەبڕین دەکەن بەبێ تۆمارکردنی پێشوەختە، تەنانەت لەوکاتەشدا کە منداڵیش مارەدەبڕن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پیاوە ئاینییەکان لە سزادان دەربازبن.


پێچەوانەی ئەمەش، دادوەرێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، دەتوانرێت پیاوە ئاینییەکان بە ماددەی 240ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگەیی بکرێن، ماددەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێچەوانەی فەرمانە دەرکراوەکان کاردەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ ئەو مەبەستە کاری پێنەکراوە.

 

لە کۆتایشدا ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، دەبێت عێراق پیاوانی ئایینی و خاوەن فەرمانگە یاساییەکان کە بەپێچەوانەی یاسای عێراق مارەبڕین و گرێبەستی هاوسەرگیریی بەفەرمی تۆمار نەکراو دەکەن دادگەیی بکات، گەرەنتی ئەوە بکات هەموو عێراقییەک مافی تەواوەتی خۆی وەربگرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان