جەنگی غەزە، لە 14 هەفتەدا تەنیا هەفتەیەک ئاگربەست کرا

شەیری بکە لە:
جەنگی غەزە، لە 14 هەفتەدا تەنیا هەفتەیەک ئاگربەست کرا

ئاڤا دیجیتاڵ


100 رۆژ بەسەر شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل تێپەردەبێت، سەرەڕای داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەزە، رۆژانە لە زۆرینەی ناوچەکانی کەرتەکە شەڕ بەردەوامە و غەزە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە. 


چیرۆکە سەرەکییەکە: لە رۆژی 7-10-2023، هێرشی ئاسمانی، زەمینی و دەریایی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.
لەو ڕۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، پێدەنێینە 100 رۆژی جەنگەوە، لە ماوەی ئەم 14  هەفتەیەدا، تەنیا هەفتەیەک ئاگربەست لە نێوان هەردوولا کرا، دواتر هێرشەکان چڕتر و گەورەتر بوون، جەنگەکە چووە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغی داگیرکردنی بەشی باکووری کەرتی غەزە تاوەکو نێو شاری غەزە لەو کەرتە.


هۆکارە زانراوەکان: لە هێرشەکەی رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 200کەسیان کوشت و 240 کەس وەک بارمتە دەستبەسەرکران، ئەمەش بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل.


لێدوانی فەرمی:هەر لەو کاتەدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئیسرائیل لە جەنگدایە". بەمەش شەرە خوێناوییەکەی کەرتی غەزە دەستیپێکرد. 
ئیسرائیل بە مووشەک لە ئاسمانەوە بە بۆردوومانی غەزە دەکات و لە سەر زەویش بەداخستنی دەوازەی رەفەح سنووری مسڕ، گەمارۆی بەسەر خەڵکی غەزە سەپاند.  


پێدراوە ڕاستەكان: ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باکووری غەزە کرد، ئەو  بەشە چۆڵ بکەن و بەرەو باشووری غەزە بچن. ئەمە لە کاتێکدا زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە باکووری غەزە دەژین. 
دوای چەند هەفتەیەک، ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆ نەخۆشخانە و مزگەوتەکانی لەو کەرتە چڕتر کردەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە ناچاربکات چۆڵی بکەن.
بەسەدان هەزار هاووڵاتی غەزە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ئاوارەبوون.


باكگراوند: لە 17ی ئۆکتۆبەردا نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەزە  بۆردوومانکرا و کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە، بە جۆرێک تەقینەوەکە سێبەری بەسەر سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە دروستکرد، لە کاتێکدا، بڕیار وابوو "کۆبوونەوەی لوتکەیی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی بکرێت بەهۆی ئەو رووداوە هەڵوەشێنرایەو".
19ی ئۆکتۆبەر  دوای چەند ڕۆژێک لە مشتومڕی دیپلۆماسی، ڕێگە بە بارهەڵگرەکانی هاوکاری لە دەروازەی سنووری ڕەفەحەوە لە میسرەوە بەرەو غەزە درا ، بۆ ئەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی گەمارۆدراوی غەزە بگوازنەوە. 
27 ی ئۆکتۆبەر دوای هەفتەیەک لە دەستدرێژییە سنووردارەکان، ئیسرائیل هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی بۆ سەر غەزە دەستپێکرد و سەرەتا بە هێرشکردنە سەر باکوور دەستیپێکرد و سوێندی خوارد هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و حەماس لەناوببات.
31 ی ئۆکتۆبەر لە شەڕێکی چەکدارانی حەماس و  سەربازە ئیسرائیلییەکان لە ناو غەزە ، 15 سەربازی ئیسرائیلی کوژران، ئەمەش گەورەترین زیانبوو لە ماوەی شەڕەکەدا لە یەک ڕۆژدا بەر  ئیسرائیل کەوتبێت.


لە مانگی نۆڤەمبەر دوای مانگێک لە شەڕ ، بڕیاڕی پەڕینەوە لە ڕێگەی "دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ "نزیکەی 7000 کەس کە خاوەنی پاسەپۆرتی بیانی خاوەن دوو ڕەگەزنامەن". بۆ ئەوانەش پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی بەپەلەهەبوو.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: سوپای ئیسرائیل دوای چەند رۆژێک لەگەمارۆدانی نەخۆشخانەی شیفا  کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لەغەزە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی غەزە پەنایان بۆ بردبوو، بەهۆی گەمارۆکانەوە کە رێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و چارەسەرییە پزیشکییەکان دەکرا،  کارەبایان لەسەر نەخۆشخانەکە بڕی،  بەهۆی رێگری لە گواستنەوەی نەخۆشەکان و ئەو منداڵانەی تازە لە دایک ببوون، بەشێک لە نەخۆشەکان و منداڵەکان بەهۆی نەبوونی خۆراک و پێداویستی پزیشکی پێویست گیانیان لەدەستدا. 


هەر لە مانگی نۆڤەمبەردا، ئیسرائیل و حەماس "یەکەم ئاگربەست راگرتنی شەریان " ڕاگەیاند، ناوەڕۆکی ئاگربەسەستەکە پێکهاتبوو لە" ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ  لە بەرامبەر گۆڕینەوەی دیلەکانی نێوان هەردوولا".
ڕێگەدان بە هاتنە ناوەوەی هاوکاری زیاتر بۆ غەزە خاڵێکی دیکەی ئاگربەستەکە بوو.
ئاگربەستەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک درێژکرایەوە و 105 بارمتە و نزیکەی 240 بارمتەی  فەڵەستینی ئازادکران. بەلام دوای تەواوبوونی هەفتەیەک نەتانیاهۆ ئامادەنەبوونی ئیسرائیلی بۆ راگرتنی شەر راگەیاند و  بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە دەستیپێکردەوە.
لە مانگی 12 شەڕەکە بە کوێ گەیشت: جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئیسرائیل پاڵپشتی نێودەوڵەتی لەدەست دەدات"، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل لە بۆردوومنەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵی کوشت. 
ئەمەش گۆڕانکارییەکی ڕوونە لە قسەکانی ئەمریکا کە نزیکترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە.
هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی زەمینی گەورەیان بۆ سەر ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەزە دەستپێکرد، ئەمەش دوای هەڵمەتێکی هێرشی ئاسمانی کە جارێکی دیکە سەدان هەزار کەسی  کردە ئامانج، کە زۆربەیان پێشتر ئاوارە بوون.


ژمارەكان وا دەڵێن: لەسەدا %80 ی خانوو و باڵەخانەکانی غەزە لەناوچوون، ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی ئەو کەرتە لە ناوچوون، چەند ژمارەیەکی کەم لەو نەخۆشخانانە بەخزمەتگوزاریەکی کەمی تەندرووستی کاردەکەن، بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتوەکان، ملیۆنێک و 900 هەزار کەس لە دانیشتووانی غەزە ئاوارەبوون.
- دواین ئاماری قوربانییەکانی فەڵەستین: 23843 گیانلەدەستدان و 60 هەزار بریندارە. وەزارەتی تەندرووستی ئەمەی راگەیاندووە.
- لەسەرەتای شەڕەوە 114 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، ئاژانسی فڕانس پرێس ئەمەی بڵاوکردووەتەوە.
- لە کاتی هێرشەکە 250 کەس لە ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە گیراون کە 132 بارمتە هێشتا لە غەزەن و ئازادنەکراون، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل.


مەترسییە پێشبینیکراوەکان:
-ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی غەزە تووشی " نەخۆشی دەروونی بوون". 
-مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە نێویاندا " بەدخۆراکی" بەرۆکی نەوەی نوێی فەڵەستیننیەکان دەگرێت.
کاریگەریی و لێکەوتەکان: شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کاریگەری  نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، مەودای شەرەکە فروانتر دەبێتەوە.
گرژی لەسەر سنووری لوبنان لە باکووری ئیسرائیل بەردەوامە و شەڕە تەقە  لە نێوان بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی کە پشتیوانی حەماس دەکات بۆ ماوەی سێ مانگە بەردوامە. 
پێکدادانەکانی چەکدارانی حیزبووڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل و راکێشانی بەیروت بۆ نێو ئەو شەڕە،  کوژرانی ساڵح عاروری  جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە، یەکێک بوو لە ڵێکەوتە گەورەکانی ئەم شەڕە. 


لەلایەکی دیکەوە: دەریا سوور خەریکە دەکرێت بە " دەریای خوێن"لەو ماوەیەدا چەندین جار حووسیەکانی یەمەن هێرشییان کردووەتە سەر کەشتی بازرگانی دەریایی سوور، ئەمە ئەمریکا و بەریتانیای توڕەکرد .
لەشەوی پێنجشەممە 11-1-2024، لەوەڵامی هێرشەکانی حووسییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا  و بەریتانیا، دەیان جار بە مووشەک بۆردوومانکرد، لەو بۆردوومانەدا پێنج چەکداری حووسی کوژران، حوووسیەکان وایان گوت.


ئەوەی ئێستا روودەدات:ئیسرائیل باسی لەوە دەکات کە دەچێتە نێو قۆناغێکی نوێی شەڕ، لە هەڵمەتێکدا  دەست دەکات بەکشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە غەزە، کە بە گوتەی بەرپرسە سەربازییەکان، بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.
لە 11-1-2024، ئەفریقای باشوور لە دادگای نێودەوڵەتیی، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی جینۆساید بە سەرکردایەتی دەوڵەت دژی دانیشتوانی فەڵەستین،  لەولاوە  ئیسرائیل ئەو تۆمەتەی رەتدەکاتەوە.


ئەوەی لە بارەیەوە دەگوترێت: دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA)، هۆشداریدا  لە گەورەیی وێرانکارییەکەی غەزە و زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە. 
فیلیپ لازارینی، سەرۆکی ئاژانسەکە کە سەردانی ناوچەی کەنار دەریاکان دەکات، دەڵێت: "گەورەیی مردن، وێرانکاری، ئاوارەبوون، برسێتی، لەدەستدان و خەم و پەژارەی 100 ڕۆژی ڕابردوو پەڵەیەکی  هاوبەشی مرۆڤایەتی بۆ جیهان".

شەیری بکە لە: