ئایا ناڕازییەكانی گۆڕان و یەكێتی دەچنە پاڵ لاهووری شێخ جەنگی؟

شەیری بکە لە:
ئایا ناڕازییەكانی گۆڕان و یەكێتی دەچنە پاڵ لاهووری شێخ جەنگی؟

وێنەی لاهووری شێخ جەنگی و لۆگۆی یەكێتی و گۆڕان

ئاڤا نیوز


لێرە و لەوێ دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە هەڵسوڕاوان و سەرکردە ناڕازییە دیارەکانی پێشوتری ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەچنە پاڵ لیستی نوێی لاهووری شێخ جەنگی یاخود نەوەی نوێ،یان لیستی نوێ دروست دەکەن،لەگەڵ ئەوەشدا خوودی بزوتنەوەکە زیاتر لە ساڵێکە لیژنەی ئاشتەوایی دروستکردووە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگە ناڕازییەکانی.


لێدوانی فەرمی: لەسەر ئەو پرسە هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: گەڕانەوەی من بۆ ناو بزووتنەوەی گۆڕان بووە بە ڕابردوو کارتێکی سووتاوەو ناگەڕێتەوە.


هۆشیار عەبدوڵڵا نایشارێتەوە کەوا هەرجارەو ناوی ئەو و بەشێکی دیکە لە هاوڕێکانی دەبیسترێت بە لایەنێکی سیاسی،وەک خۆی دەڵێت پێشتر لەسەر نەوەی نوێ حساب کران و وا دەرنەچوو،ئێستاش دەیانەوێت بیاندەنە پاڵ لاهووری شێخ جەنگی،هەرچەندە نایشارێتەوە کەوا هەر هێزێک بیەوێت دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت پاڵپشتی دەکەن.


زانیاری بەدەستهاتوو: بە پێی زانیارییەکانی ئاڤا نیوز عەبدوڵای مەلا نوری یەکێکی دیکە لەو هەڵسوڕاو و ناڕازییانەیە کە پێشتر وازهێنانی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، نایەوێت بەشداریی سیاسی لەگەڵ هیچ کەس و گروپێکی دیکە بکات،ئاڤا ئەوەیشی زانیوە کەوا عەبدوڵا مەلا نوری بە هیچ جۆرێک نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ هەڵبژارنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش هیچ پلانێکی بەشداریکردنی نییە.
 
 
لەلایەکی دیکەوە: هەر بە پێی زانیارییەکانی ئاڤا نیوز، عەلی حەمە ساڵح و چەند ناوێکی دیاری پێشوی ناو گۆڕان بەشداریی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، تا ئەم ساتەش دیار نییە لیستی سەربەخۆیان دەبێت یاخود دەچنە پاڵ لاهووری شێخ جەنگی.


هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە، لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان لە پێشتر و لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتیان "پرۆسەی ئاشتەوایی و هەنگاوەکانی خۆڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی، بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی، لە پێویستییە لە پێشینەییەکانی ئەم قۆناغەی کاری رێکخراوەییانە."بەڵام تا ئەم ساتە هیچ کام لە فیگەرە دیارە ناڕازییەکانی پێشووی ناو بزووتنەوەکە نەگەڕاونەتەوە ناو بزووتنەوەی گۆڕان.


بەشێک لە سەکردە دێرینەکانی پێشووی یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە


لە کاتێکدا باس لە نزیکی هەندێک سەرکردەی پێشووی گۆران لە لاهووری شێخ جەنگی دەکرێت،بەڵام لێرە و لەوێش دەنگۆی بەهێز هەیە کە گوایە "بەشێک لە سەکردە دێرینەکانی پێشوی یەکێتیی و دواتری گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بگەڕێنەوە ناو ریزەکانی یەکێتی، ئاڤا چەند جارێک پەیوەندی بە جەلال جەوهەر سەکردەی دیاری گۆڕان کرد بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە رۆژی 19-05-2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:"‌‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەکو ‌‎بە هەموولایەکی ڕابگەیەنم یەکێتیی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان".


ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 26-9-2023 لاهووری شێخ جەنگی، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند:"دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند ڕادەگەیەنین، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی، بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە قووڵانەی کە بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە".


دواتر و  لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، لاهووری شێخ جەنگی ڕایگەیاند: بە حیزب ، یاخود بە شێوەی لیست یان بە هەر جۆرێک بێت، بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان