ڕێژەی هاوردەكردنی دەرمانی قاچاغ بە ڕێژەی 95% بنبڕ كراوە

شەیری بکە لە:
ڕێژەی هاوردەكردنی دەرمانی قاچاغ بە ڕێژەی 95% بنبڕ كراوە

دەستبەسەرداگرتنی دەرمان- سەرچاوە: تەندروستی هەولێر

 ئاڤا نیوز


لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 95% ی کارەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچن، بەراورد بە کابینەی هەشتەم داهاتی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان 600% زیاد کراوە و خەرجیش بە رێژەی 300% کەمکراوەتەوە.


بەشێک لە کۆمپانیاکان دەیانەوێت ستیکەر لە دەرمانەکانیان نەدەن 


د.شێروان سادق بارزانی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، بە ئاڤا نیوزی گوت:دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) لە ساڵی 2006 بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دامەزراوە. یەکەم دامەزراوەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق کە 95% ی مامەڵەکانی بە ئەلیکترۆنی ڕایی دەکات.


"دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان بنکەی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی هەیە، چەند هۆبەیەکی گرنگ لە ناو دامەزراوەکە هەن وەکو هۆبەی مۆڵەتی فرۆشتن و بازگەی هەولێر و بازگەی دهۆک و هۆبەی IT، بەڵام تا ئەم ساتە هۆبەی سلێمانی دامەزراوەکە چالاک نییە، دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان چاودێریی سەرجەم کۆمپانیاکانی دەرمان و کۆگاکان و دەرمانخانەکان دەکات". 


 د.شێروان سادق، بارزانی بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا چی کراوە کە پێشتر نەکرابێت و ئێستا گۆڕانکاری دروستکردبێت؟ گوتی: گرنگترین کارێک کەوا لە دەست بەکاربوونی ئێمە و سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردمان و بوو بە دەستپێک جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بوو بە جۆرێک کارمەندەکانی دامەزراوەکە بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە لایەنداری و گەندەڵی بە فەرمی ڕێگری کرا کار لە کەرتی تایبەتدا بکەن، هەروەک پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستەمی کوالێتی کۆنتڕۆڵ 95%ی ئەلکترۆنییە. 


لە ناوبردنی دەرمان بە شێوەیەکی زانستی


وەک د.شێروان سادق، بارزانی بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان باسی دەکات یەکێکی دیکە لە کارەکانیان رێکخستنەوەی ڕێنماییەکانە لە هاوردە و هەناردە و چاودێری بازاڕ و پۆلێنی پزیشکی، " گرنگیدان بە ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کارتێکەرە عەقڵییەکان و ماددە هۆشبەرەکان و دانانی ڕێبەرێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە،هەر لە سەرچاوەی هاوردەکردنی هەتا بەکارهێنانی و چۆنێتی مامەڵەکردن پێوەی لەلایەن نەخۆشخانەکان و پزیشک و دەرمانخانەکان".


لەوەڵامی پرسیاری کاروان ڕەحمان پەیامنێری ئاڤا نیوز، سەبارەت بەوەی   چییان کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر هەبوون؟ د.شێروان سادق بارزانی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان گوتی: پێداچوونەوەی تۆماری کارگەی بەرهەمهێنانەکان بوو بە خەمێکی گرنگ ،چونکە کۆمەڵێکی زۆر کارگەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو کە بەشێکی زۆریان پێویست نەبوون وهۆکارێک بۆ ئەوەی دەرمانی کوالێتی خراپ و ئاست نزم لە بازاڕەکاندا هەبن،پێداچوونەوەمان کرد بە دۆسییەی گشتی ئەو کارگانە، کە ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، لەگەڵیشیدا بڕیار درا کە رێگە نەدرێت لە هەموو سەرچاوەیەکەوە دەرمان بگاتە هەرێمی کوردستان. 


 پێشتر باسی کێشەی تاقیگە و نەبوونی تاقیگەی ئاستبەرز دەکرا ئایا توانرا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت؟


"پێشتر کۆمپانیاکان بە بێ پشکنین دەرمانیان هاوردە دەکرد،بۆیە ئێستا خاوەنی تاقیگەی زۆر پێشکەوتووین لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان، ستانداردی نێودەوڵەتی پشکنینیان تێدایە، نەک هەر تاقیگەکان بەڵکو کەمکردنەوەی ڕۆتین و تەواو بوونی مامەڵەکانیشمان چارسەر کرد لە کاتی خۆیدا پێشتر ڕێگەپێدان دوو مانگی پێویست بوو ،ئێستا لە کابینەی نۆیەمدا هەموو مامەڵەیەک لە کاتی خۆیدا جێبەجێدەکرێت". د.شێروان سادق بارزانی وای گوت.


چیتان کردووە بۆ داهات و خەرجیی؟


بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت: بە رێژەی لە 600% داهاتمان زیاد کردووە بە بەراورد بە پێش کابینەی نۆیەم،لەبەرامبەردا خەرجی کوالێتی کۆنتڕۆڵمان بە رێژەی لە 300% کەمکردووەتەوە، کارێکی تریشمان زیاد کردن و فراوانکردنی لیژنەکانی چاودێری بازاڕ بووە،هەماهەنگی زیاترمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و خاڵە سنوورییەکان  و سەندیکای دەرمانسازان هەیە.


بەگوتەی د.شێروان سادق "ڕێژەی هاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ زیاتر لە 95% بنەبڕ کراوە بە تایبەتی لە شوێنە فەرمییەکان،تەنیا کێشەمان هەبێت نۆرینگە نا فەڕمییەکان ناو کۆڵان و گەڕەکەکانە کە لەوێ زۆرجار دەرمانی نایاسایی و قاچاغ دەستدەکەوێت.
  
کاروان ڕەحمان لە د.شێروان سادقی پرسی: لە ئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی دەرمان پڕۆژەی سەلامەتیتان راگەیاندووە ئامانج لێی چییە؟


بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان  گوتی: ئامانجمان ئەوەیە خەڵک تێبگەیەنین جیاوازی چییە لە نێوان دەرمانێک کە بە پڕۆسەی زانستی و پشکنین تێدەپەڕێت و بەرهەم دێت،لەگەڵ دەرمانێک کە ساختەیە و قاچاغە،یان ئەوانەی بە نافەڕمی و ئۆنلاین لە رێگەی ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ساغ دەکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمپانیایەک کە سپۆنسەری کارەکەی کردووە بە ناوی (ئەسترازینیکا) ئەم پڕۆژەیەمان ڕاگەیاندووە.


  لەسەدا چەندی دەرمانی دەرمانخانەکان ستیکەرییان هەیە؟


بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان  ئاماژەی بەوەدا "لە 5-5-2021 وە ڕێگە نەدراوە بە بێ مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی، دەرمان بچێتە بازاڕەوە واتە بە بێ بوونی ستیکەر.


" کۆمەڵێک هۆکار هەیە وا دەکات بەشێک لە دەرمانەکان ستیکەرییان نەبێت،کە سەرەکیترین هۆکار کۆمپانیاکان خۆیانن کەوا نایەنەوێت ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی دەرمانی هاوردەکراوی قاچاغ و نایاسایی ساغبکەنەوە".  د.شێروان سادق وای گوت.


گوتیشی: زیاتر لە 14 هەزار جۆری دەرمان نرخمان بۆ داناون،کە ئەمە لە پێش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە، هۆکارەکانیش خۆمان بووین کەوا توانای پشکنینمان لاواز بووە،بەڵام لە دوای 2019 وە توانای پشکنینمان خێرا بووە، ئێستا لە %100 ی دەرمانەکان ستیکەرییان بۆ دروستدەکرێت، هەرچەندە زۆرجار کۆمپانیاکان ناچن ستیکەر لە دەرمانەکان بدەن بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان دەستکاری نرخ بکەن.
 
سزاکان چ دەبن بۆ سەرپێچیکاران؟


بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، گوتی:  سزای سەرپێچیکاران دەدەین و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکدەهێنین  و دەیان دەینە دادگا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە تووندی مامەڵەیان دەکەین لەگەڵ هەر شوێنێک دەرمان لە دەرمانخانە و کۆگاکەیدا هەبێت کەوا ستیکەری لەسەر نەبێت،بۆیە لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکدەهێنین  و دەیان دەینە دادگا.
 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان