بەغدا داواکاریی شاندی هەولێر لەبارەی مووچەی فەرمانبەران جێبەجێ دەکات

شەیری بکە لە:
بەغدا داواکاریی شاندی هەولێر لەبارەی مووچەی فەرمانبەران جێبەجێ دەکات

ئاڤا دیجیتاڵ


لە دوای داواکاری شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان کە به‌شێوه‌ی جیاجیا مامه‌ڵه‌ و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاری دا یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، پێش پەسندکردنی هەموارکردنەوەی بودجەش ‌618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.


بۆچی گرنگە: ئه‌و بڕه‌ پاره‌یەی بۆ خه‌رجی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستانە،  نه‌ك قه‌رز و سولفه‌ بێت  وەک ملیار و 200 ملیۆن دینارەکەی پێشوو کە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا.


چیرۆكه‌ سه‌رەكییه‌كه‌: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14-01-2024، بریاری دا بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە تا ئه‌و كاته‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ 2024 له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت. 


لێدوانە فه‌رمییه‌كان: "ئەو 618 ملیار دینارەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێداوە، قەرز و سولفە نییە، بەڵکو ناردنی ئەو پارەیە لە پشکی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی 2024ـدا" د. سەباح سوبحی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئەمەی به‌ ئاڤا میدیا گوت.


ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌: تاوەکو هەمواری یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق و یاساکە هەموار دەکرێتەوە، حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی 618 ملیار دینار بەردەوام دەبێت، بەمە کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک چارەسەر دەکرێت، هەروەها لەگەڵ هەموارکردنەوەی بودجە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی کۆتاییان دێت.


ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیزانیت: دوای وردبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکدانەوە و خەمڵاندنەکانی عێراق بۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 618 ملیار دینار خەمڵێندراوە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ لێکدەدرێت و مووچەی پێ دابەشدەکرێت.


زانیاریی زیاتر: له‌دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌ له‌ كۆتایی حوزه‌یرانی 2023، ئه‌مه‌ جاری دووه‌مه‌ عێراق، پشك بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، پشكی یه‌كه‌م بڕه‌كه‌ی 598 ملیار دینار بوو، وه‌كو پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نێردرا.

 

ژماره‌كان واده‌ڵێن: حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ بۆ خه‌رجی مووچه‌ پێویستی به‌ 913 ملیار دیناره‌، ئه‌گه‌ر به‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ڕازی  بێت مانگانه‌ بڕی نزیكه‌ی 300 ملیار دینار كورتهێنانی ده‌بێت. ئه‌م بره‌ پاره‌یه‌ بۆ مووچه‌ی 682 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 12،67%ی تێكڕای خه‌رجی مووچه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا.  


●    خه‌رجی مووچه‌ پێویستی به‌ 913 ملیار دیناره‌.
●   به‌غدا مانگانه‌ 618 ملیار دینار وه‌كو پشكی بودجە بۆ مووچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت.
●    مانگانه‌ بڕی نزیكه‌ی 295 ملیار دینار كورتهێنانی ده‌بێت.

 

چاره‌سه‌ره‌كان: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کردووە، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، دۆسیه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان، دۆسیه‌ی نه‌وت و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌ی جیاجیا مامه‌ڵه‌ و رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرێت و نه‌به‌سترێن پێکەوە‌.


داواکارییەکانی شاندی حکومەتی هەرێم ئەمانەن:


●    جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران
●    مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە

 

هه‌نگاوی داهاتوو: یاسای بودجەی عێراق هەموار دەکرێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاریدا یاسای بودجە هەموار بکاتەوە، تەواوی وەزیرەکان رەزامەند بوون و بڕیارەکە بۆ پەرلەمانی عێراق دەنێردرێت.

 

 

 

شەیری بکە لە: